ستران عەبدوڵڵا
کۆچی عەگیدێکی نەتەوەیی و
تێکۆشەرێکی رێی دیموکراسیی
ستران عەبدوڵڵا
لەم کاروانە دوور و درێژەی خەباتی دیموکراتی و و شوناس و کوردایەتی لە باکووردا کە چەندین وێستگەی هەڵبەز و دابەزی بە خۆوە بینیووە رێبوارێکی بەوەج و تێکۆشەرێکی سەر ڕاست و خۆراگرێکی نێو زیندانەکانی ئامەد لە دەورانی حوکمی کودەتای عەسکەری لە ساڵی ١٩٨٠ ناوی بە درەوشاوەیی و سەنگینییەوە دێت. کە ئەویش کاک مەهدی زانایە و ئێوارەی ئەمرۆ لە شەمەندۆفەرە دوور و درێژ و تاقەت پڕوکێنەکەی خەبات دابەزی و لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا گیانی سپارد.
مامۆستا مەهدی زانا سەرۆکی هەڵبژێردراوی گەورە شارەوانی ئامەد بوو لەو رۆژانەی کرانەوەی کورتی دیموکراسی و مەدەنی لە تورکیا ، لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردوو ، دەرفەتی دا کوردێکی کرمانج بە هەڵبژاردن ببێتە سەرۆکی شارەوانی. زۆری نەبرد ململانێی نێوان چەپ و راست و شەڕی کۆڵانەکانی باکوور و تورکیا بیانووی دایە دەست جەنەڕاڵە کودەتاجییەکان تا لە ١٢ ی ئەیلولی ١٩٨٠بۆ سێیەم جار حوکمی وڵاتەکە بگرنە دەست و بە حوکمی عورفی و ئاورتە کارێک بکەن زیندانەکان سیخناخ ببن لە چالاکانی سیاسیی چەپ و راست، کورد و ئیسلامیی و نەتەوەیی. سەرۆکی وڵات و سەر وەزیر و سەرۆکی حزبەکان و سەرۆکانی شاروانییەکان و هەرچی ئەفەندی و هەرچی سەرچەور ، بە ئیستلاحی پشدەری خۆمان ، هەیە گشتیان گیران و حوکمدران. مامۆستا مەهدی زاناش یەک لەوان بوو. حوکم درا و رۆژانی ناسۆر و ناخۆش و دژواری دیت.
بە دەربڕینی قانعی شاعیر حەپس و زیندان بە گشتی قوتابخانەیە بۆ تێکۆشەر و بیر ئازادان، بەڵام زیندانی دیار بەکر هەر بۆ زیندانیان وا نەبوو پێدەچێ بۆ کەسوکار و بنەماڵەی تێکۆشەرانیش هەر وابوو بێت ، وانەی خۆراگری و فێربوون و سیاسەت بوو . خانم لەیلا زانا هاوسەر و هاوژینی مامۆستا مەهدی دەیگێرێتەوە کە ئەوی ژنی لاو لە دژواری هامشۆی زیندان و چاوەرانی و پاڵەپەستۆی ئەفسەرو جەندرمەی تورک وەختێک دەچووە سەردانی مێردە زیندانییەکەی فێری خۆڕاگری و هوشیاری و زانینی ئەوی بەسەر میللەتەکەیدا هاتووە، بووە و دەرسی واقیعی و کردەنی خەباتی وەرگرتووە.
بۆیە کە حوکمی جەنەراڵەکان تەواو بوو ، دەستوور و دیموکراسی و کەمێک حوکمی مەدەنی هاتەوە ئینجا نۆبەتی خەباتی ئەو هات. لەیلا زانا تامی دیموکراسی تازە گەراوەی تاقیکردەوە کە هێشتا تامی تف و تاڵبوو . ئەوی هەڵبژێردراوی پەرلەمان و تازە شادبۆوەی خۆی و زارۆکانی بە گەڕانەوەی مامۆستا و مێرد مەهدی زانا، زۆری پێنەچوو خۆشی لەسەر سوێندی برایەتی کورد و تورک، فەقەت بە گیانی کوردانەوە، تووشی گرتی هات. لەیلا بووە زیندانییەکی تەمەن درێژی دە ساڵی لە سەر ئەوەی بە زمانی دیموکراسی و ئاشتی داوای مافەکانی گەلەکەی دەکرد.
ئەم کاروانە جگە لە شەڕ و شەهادەت و ململانێیەکی خوێناوی میوانی دیکەی زیندانیشی تێکەوت . وەکو مامۆستا مەهدی زانا پێی گوتم خوێنمان زۆر رژا و فرمێسکی دایکان سوێر بوو و زەمەنێکی ناخۆش بوو ، ئێستا ئاساییە ئارەقی زۆرتر برێژین تا مافەکانمان بە پیرمانەوە بێت .
هێشتا چیرۆکەکە ماویەتی و لەو لەنگەرە وەستاوە کە رەوتی ئاشتی و هامشۆی ئەنقەرە ، دیار بەکر و ئیمراڵی تا قەندیل گەشتۆتە پەرلەمان و گەڵاڵەی ئیمزاکراوی بە زمانی تورکی هەیە، گوایە تەرجەمە کرمانجییەکەشی بە هەمان رێگادا دەروا.خوا بکەم ( مافەکانمان بە پیرمانەوە بێت) وەکو زانا جوانی گووت.
لەم ئانوساتەدایە مامۆستا مەهدی زانا تا ئەم ئێوارە ئاگای لە دوا وێستگەی خەباتەکە لەسەر زەمین هەبووە و لێرە بەدوا دونیای فانی بۆ دونیای جاویدانی بە جێهێشت.
زانا بەشی خۆی ، بەشێکی زۆریشی کرد لەم خەبات و خەم و خولیایە بۆ ماف و شوناس و دیموکراسی ، ئیتر ئەرکەکانی داهاتووی بە وێستگەکانی داهاتوو و تێکۆشەرانی دادێن سپارد.
گیانی شاد و ناوی هەر لەیادا بێت