ستران عەبدوڵڵا 09:06 PM - 2026/08/25

پژمین و هەڵامەت نەخۆشی کوشندە نین
ستران عەبدوڵڵا
دونیا هەمووی کێشەیە و بازنەی کێشە هەموو دونیای گرتۆتەوە. کێشە لە هەرێمی کوردستان، لە تێکڕای کوردستان، لە عێراق و ناوچەکە و ئینجا جیهانیش. ئەمە راستییەکی ئاشکرایە و فاکتی بەرجەستەیە.
بەڵام وردەکاری ئەم راستیانە شتی تریشمان پێ دەڵێن. کێشەکانی ئێمە خۆمانی و خۆماڵین و هیچ پەیوەندییان بە دەرەوەی خۆمانەوە نییە. مەگەر بە ڕادەی گریمانیی ئەوەی هەموومان لەیەک کات و لەیەک سەرزەمین دەژین.
کێشەکانی کوردستان پێدراوی ناوخۆیی ئیدارەی دەدەن و ماکی چارەسەریشی هەر لای خۆمانن. گەلێک جار بە هاورێ هونەرمەندەکانم دەڵێم : راستە شانۆی جیهان وەک شانۆی کوردی لە قەیراندایە، بەڵام دوو باسی جیاوازن و نابێ تێکەڵیان بکەین. کە تێکەڵ کرا منی بینەری کەم حەوسەڵە زەرەری لێ دەکەم و پەردەکان و پلاجکتۆرم لێ تێکەڵ دەبن وەک لە باسە سیاسییەکەدا هەندێک کاغەزەکان تێکەڵ دەکەن.
کێشەکانی ئێمە هی خۆمانن و بە دەست خۆمانن: ڕاستەرێی حوکمڕانی کوردستان و چاکسازی و هاوسەنگی نێوان هەموومان. یانی رێک ئەوەی لە بەغدای داوای دەکەین.
ماکی شەراکەت و خستنە سەرپێی هاوسەنگی لە عیراق بە جۆرێک ئیستحقاقەکانی خۆمان لە مووچە تا بودجە و پرسە نەتەوەییەکانی وەکو ماددەی ١٤٠ ی دەستوور بێنینە دی هەر وایە کە یەکبین و یەک ریزبین.
تەبعەن باس باسی یەکریزییە نەک دوا ریز بەستن.
ئەم چەمکە رێی حکومەت و پەرلەمان و ئاوەدانی دەکاتەوە. دەنا تەنگژەکان هەر هەبوون و لە تەوقیتی هاتنی داعشەوە ( ساڵی ٢٠١٤) هەودەکەن و دەپەنەمێن . دوو کابینەش پێکهاتن و هەبوون کەچی کێشەکان هەر ماون.
هەر راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی ، هاوسەنگی لە ناو هەرێمی کوردستان وئینجا کاراکردنی سیاسەتی کورد لە بەغدا دەتوانێت کوردستان لە لاوازی و ئەگەری خراپ دوور بخاتەوە.
کە وامان کرد دەرەقەتی ناجۆری ئیقلیمی و هەڵبەز و دابەزی سیاسەتی نێودەوڵەتیش دێین . ئاخر تەنها لاوازییە وا دەکات پژمین و هەڵامەتی ئاساییش وەک نەخۆشی کوشندە دەربکەون.

وتارەکانی نوسەر