ستران عەبدوڵڵا
بەرەو یوبیلی دووەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ستران عەبدوڵڵا
تەحەددا گەورەکە ئەوەیە یەکێتیی بەرەو یوبیلی دووەمی خەباتی کوردایەتی و دیموکراتیی و تەواوبوونی تابانی مافی چارەنووس ببرێت.
تەحەددایەکی روون و ڕەوانە : هیچ نییە، کەمی ماوە!
ساڵی پار بە پەنجا ساڵی یوبیلی یەکەممان بەرێکرد. ئێستا لە یادی پەنجا و یەکداین ، هێندەی نەماوە! چلونۆ ساڵی تر و دەگەینە سەد ساڵ، واتا دەگەینە یوبیلی دووەم.
کوردەواری خۆمان لەوەسفی رێی دوور و پێچاوپێچی (کۆمەڵە شاخێکی سەخت و گەردەن کەش) بۆ ئەوەی نزیکی بکاتەوە و نزیکی نیشان بدات دەڵێ : (هیچ نییە، پێچی مێزەرێکە).
هیچ نییە، کەمی ماوە و پێچی مێزەرێکە!
٤٩ ساڵ لە تەمەنی کەسیماندا زۆرە و تاقەت پڕوکێن ، بەڵام لە تەمەنی نەتەوە و حوکمی مێژوودا زۆر کورت و تێپەڕە و هاکە بیستت تەمەنی یەکێتیی گەیشتە سەد ساڵ. مەگەر ئێمە تەمەنی کوردایەتی بە گرەوی تەمەنی خۆمان دەپێوین؟ گوایە تیای نەبم و تیایا نەژیم بە من چی؟
سەبری نووحە لە ژیانی مرۆڤە باوەڕمەندەکان و سەبری ئینقیلابییە، بە وەسفی مام جەلال ، لە ژیانی شۆڕشگێڕەکان. بێگومان شۆڕشگێڕەکان بە ستایڵی مەدەنی ئەمرۆ .
کاروانێکی دوور و درێژە هەزاران شەهید بوونەتە شایەتی و هەزاران تێکۆشەر بە ئاواتی دیتنی دوا رۆژەکەی، سەریان نایەوە.
گرنگە ئەوەیە لەم چلونۆ ساڵەی ئاواتی بۆ دەخوازین کە یەکێتیی بیانگاتێ چ ئامانجێک بەدی دێن و چ دەسکەوتێک کەڵەکە دەبن؟
قەیدی چییە بێژن کابرا سەرچێغی دەنوێنێ و لە تەختی مۆبایل وشە ریز دەکات و سەختی پەنجا ساڵی چوو و پەنجا ساڵی کە دێ ، لەبەرچاو نییە و ناگرێ ؟!
ئێ قوربان مەگەر قەرار نییە گشتمان ئەندامی یەکێتییەکەی شۆڕشی نوێ بین کە خەبەریان بۆ رابەرەکەی ناردبوو: ئەگەر دارخورما لەسەری بڕوێ چوار پێشمەرگەی پێ نابرێتە شاخ.
بردی یان نا؟ بردی!
خۆی چلونۆ ساڵی تر هەر دێت و کەس ناو لەپی قەدەری نەخوێندۆتەوە کەچ رۆژێک گەردوون قفڵی دەکات؟
کەوایە با بێت و تەمەنی سەوز و سەوزەڵانی و ئاوەدانی بێت.
هەر دێت با وا بێت کە یەکێتیی سەد بەرنامەی هەبێ و تا یوبیلی دووەم گشتیان جێبەجێ بکات.
بێگومان لە جیاتی نەوەکانی دێن بڕیارمان پێ نادرێت و قسەی داهاتوو قسەی ئەوانە، بەڵام ستراتیج نەگۆڕە و .. لە ئەلحەدەوە تا گۆڕە.
ستراتیجێکی دوور مەودایە و بەرێی زگزاکی خۆیدا دەڕوا تا دەگاتە دوا مەنزڵی ئەمان: چارەی خۆنووسین .
یارانی چایخانەی تولەیتوڵەش لە شام و یارانی شۆڕشی نوێ لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان خۆ لە جیاتی پەنجا ساڵی گوزەشت بڕیاریان نەدا، ئیلهام بە خشبوون و چرای دوا رۆژیان هەڵکرد و سەختی رێی دووریشیان بڕی تا گەیشتە ئەم رۆژەی خەونی خولی دووەم ، یوبیلی دووەممان هەبێت.
گرنگ ئەوەیە و گرەو ئەوەیە: یەکێتییەکەمان وا بێت کە دەرەقەتی ئەرکەکانی داهاتوو بێت.
وای لێ بکەین تۆکمە و پتەو و ساغلەم بێت تا رێگەی دووری، کە ماوە، بە تەندروستی باشەوە ببڕین و لە لامان وەک پێچی مێزەرێک بێت.
لەو رێگە دوورەدا هیلاکیش بین دەکرێ پشوویەک بدەین کە پشووی جەنگاوەرە و ئاسایییە، فەقەت نە قەدبڕی لادانی کاتی بکەین و نە بچینە سەر جادەی خۆڵ: (رێی خەباتە چەندە سەخت و دوور بێت)با تەواوی بکەین.
هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتوو و براوەی ئەمرۆ و داهاتووش بە …ئەی هەڤاڵی یەکێتیی!