ستران عەبدوڵڵا
دادگایی کردنی جەلادی نوگرەسەلمان عەجاج تکریتی جارێکی دیکە هەندێک چەمکی جەوهەری تایبەت بە مەسەلەی کوردستانی هێنایەوە گۆڕێ کە خراپ نییە بە شێنەیی قسەی لەسەر بکەین.
قسە لەسەر چییەتی مەسەلەی کورد و کوردستان نییە کە ئەمە بۆ هەموو پێشمەرگەیەکی ریزەکانی کوردایەتی بڕاوەتەوە کە هەقە و ڕەوایە و شایانی خەباتکردنە، قسە لەسەر چۆنێتی ئیدارەدەن و رێوشوێنی چارەسەرەکەیەتی؟
سزای خودایی و حوکمی مێژوو هەمیشە قسەی خۆی کردووە کە ئەم زوڵموزۆرە سەرناگرێ و رۆژێک هەردێت تەختی زاڵم وەرگەڕێ. جا ئەمە بۆ هەموو باوەڕمەندێک هەم تۆڵەیەکی ئیلاهی و هەم بەرهەمی نزا و سکاڵا و پاڕانەوەی زوڵملێکراوە و …هەمیش سوڕی دەورانە کە ماددەی زوڵم و ستەم ئەگەر زۆر بەکارهات لە تاقیگەی فیزیاییش بێت هەر قوڵپەدا و توشی پەستان و تەقین دەبێت. وایە کە سروشتی ژیان و گەردوون ئەم رێژە زۆرەی ستەم قبوڵ ناکات و هاکا لە داخا تەقی. ئینجا دووبارەی ئەم دورانە لە هەموو وێستگەیەک و دەورانێکدا دەبێتە باسێکی مۆڕاڵی ئەدەبی ئەوتۆ کە دەفتەری ئەشعاری بۆ دەهۆنرێتەوە و سروش و پەیامی دادپەروەریخوازی بەدواوە دەبێت.
ئێمە لە خەم و ئازەرەکانی نەتەوەی کورددا چەندجار ئەم تۆڵە دادپەروەرانەمان دیتووە و دووبارە بوونەوەی چەندجارەشی بۆتە یەقینێک لای مەزڵومان کە تەنانەت زۆرجار دەتوانین وەک کەرەستە و بەڵگەی سەلمێنەر دژی دوژمنەکانی کوردیش بەکاری بێنین. ئێمە بە سەددام و بەعس و هەموو دوژمنی خوێنخۆرەی کوردمان گوت زوڵمت تاسەر نییە و رۆژێک دەبێ لەسەر ئەم تاوان و ستەمەت پەتکت دەکەین. ئەمەمان بە دوژمنانی پێش و تەنیشت سەددامیش وتووە، تەنانەت بەشێک لەم دەربڕینانەی لەم وتارەدا بەکارمهێناون لە شیعری کلاسیکی نیشتمانیی و سرودی بەرگری کوردی هاتوون و لە زەیندا چەسپاون و بۆ ئەمڕۆ گەڵاڵە کراون.
بە راستی بەسەرهاتەکان زۆر سەرنجڕاکێش و وێنەی جووتن لەگەڵ باسەکەمان.
ئێمە سەدداممان بینی خۆی تیاچوو، دوو کوڕەکەی کوژران و کچەکانی بێوەژن کەوتن و زاوا عەزیزەکانی لەناوچوون و برا و برازاکانی ئاوەوئاو چوون، کیمیاوی نەما و سەبعاوی فەوتا و کێ و کێ کە ئازاری کوردیان داوە بە کوشتن یان پاکتاوی ناوخۆیی یان مەرگی زەلیلانەی بێ ئەسەف لەسەر زەمینی ئاوەدانی نەمان و گۆڕ بە گۆڕ بوو.
دایکان و خوشکانی ئەنفالدیدە و کیمیاوی چەشتە و کەسوکاری قەتڵوعامکراومان و یادگاری شیرینی شەهیدەکان وەک شانۆی درامایەکی راستەقینە ئەم شتانەیان لە تەمەنی ئاوەدانی خۆیان و بەچاوی خۆیان بینی.
هەموو ئەمانە دووپات و سەلمێنەری ئەوەن تۆڵەی رەوا هەروا ناڕوا. جا زۆری پێناچێ حوکمی کۆتایی دادگای رسافەش دەبینین لەسەر کەیسی تاوانەکانی عەجاج کە ئەمەش هەمان ڕاستی ئەبەدی دووپات دەکاتەوە: (تۆڵە بە سەبرە، ئەمما بە زەبرە).
بەڵام ئەمما و بەڵامەکەمان ئەچێتەوە سەر پرسیاری سەرەتایی و جەوهەری مەسەلەی کورد :
خۆ ئێمەی میللەتی کورد لە خوتوخۆڕایی ئەم تەلەف و تیاچوون و فەوتانەمان تووش نەهاتووە. خۆ ئێمە بۆیە تووشی هاتووین چونکە پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەی خەباتە.
لەسەر ماف و داخوازیمان قسەمان کردووە بۆیە زمانمان دەبڕن. زوڵم رەت دەکەینەوە بۆیە زوڵمی سەربارمان نیشان دەدەن. خۆ ئێمە (نا) دەڵێین بۆیە ناهێڵن دەم بکەینەوە و دەممان پڕ خوێن دەکەن.
خۆ ئێمە شۆڕشمان کردووە و خاک رزگار دەکەین و نایدەینەوە داگیرکەران و بۆ خۆمان و بە خۆمانی رەوا دەبینین بۆیە ئەنفالمان دەکەن و سەوزەڵانی وڵاتمان سوتماک دەکەن، ئێمە هەناسەی ئازادیمان پێ خۆشە و هەڵیدەمژین بۆیە هەناسەمان قەتع دەکەن و بە کیمیاوی دەمانخنکێنن.
ئەگەر قەزیەمان مانع ئەلجەمع نەبێ و مەسەلەی کورد لە ئارادا نەبێ ئێمە چ ئیشمان بە عەجاجە و عەجاج کێیە و چییە تا بوێرێ پەلاماری ژنانی رووسووری کورد بدات؟
ئێمە حەتمەن کۆتایی عەجاج و دەیان دوژمنی تری کورد دەبینین. ئەم کۆتاییەش هەم رەوایە و هەمیش کەرەستەیە بۆ سەلماندنی هەقانیەتی مەسەلەکەمان، بەڵام مەسەلەکەمان خۆی ماکی هەموو شتێکە و پێویستە هەمیشە لەبیرمان بێت تا کوێمان هێناوە و چەندی ماوە بگاتە دوامەنزڵی خۆی؟
ئەرێ وایە و وا لەبەرچاوە کە ئێستا عیراقی دوای سەددام حسێن دیموکراتییە و گوایە دەڵێن فیدڕالییە و هەتا خوا حەز بکات دەق و بڕگەی جوانی دەستووری هەیە. بەڵام هێشتا ماوە کە بڵێین دوا ئاستی چەوسانەوە و دوا پلەی زوڵملێکراویمان دوا ماف و دوا دڵنیایی لەسەر داهاتووی گەلی کوردستان پێداوین. هێشتا زۆرمان ماوە کە بڵێین دوا چۆڕی دادپەروەریمان نۆش کرد و سزای عەجاج وەک تیکەی سەربار و فیقی دوای تێربوونمانە.
نا بەرێزەکانم سزای نەیارانی کورد و تۆڵەی دین و دونیایی بەشێکی کەمی پرسەکەیە و سەبوورییە بۆ قوربانییەکان و کەسوکاریان، بەڵام هێشتا بەرهەمی نەبەردییە گەورەکە ماویەتی. هێشتا دەسکەوت یەکسان نییە لەگەڵ ئازار و ئاوات.
جا وەبیرم دێتەوە لەگەڵ دۆستێکی کورد، کە ئەشهەدوو زۆری لەسەر مەرگەساتی کورد نووسیوە و لە دونیا لەسەرمان هاتۆتە جواب، گفتوگۆمان بوو، خواجە ئەفەندی باسی هێنایە سەر کەرکوک و زەحمەتی ماددەی 140ی دەستوور، گوتم قوربان هەرچی بەسەرمان هاتووە و هەرچی ئێوەش نووسیوتانە لەسەر ئەوی بەسەرمان هاتووە، لەبەر ئەو کەرکوکەیە کە لێی دوو دڵی.
کیمیاوی زادەی ئەو پرسەیە و عەجاج قامچی دەستی ئەو خەیاڵەیە کە کەرکوکمان لێ قەدەغە دەکات. کە دیارە لێرە کەرکوک هەر شارەکەی ناو شیعر و شانامەی شاعیران نییە، بەڵکو ناونیشانە بۆ سنوور و بۆ دەستوور و بۆ هەموو ئامانجێکی رەوای رێی دوور.
بەڵێ ! خۆشە سزادانی عەجاجەکانی ئەمڕۆ و ئەوانی دوێنێ و ئەوانی سبەی کە نەخەڵەتابن زوڵم لە کورد بکەن،بە چاوی خۆمان و گلێنەی یادگارە نازدارەکانی ئەنفال ببینین، بەڵام ماکی مەسەلەکە مەسەلەی کوردە و لە کورد قەوماوە.
تا چارەسەری تاسەر عەجاجەکان سزا دەدرێن و هی تر دەمێنن و دێن. مەقاشی دەستی زوڵمە مێژووییەکەن.