ستران عەبدوڵڵا 17/9/2023

لە خەباتەوە بۆ سەرکەوتن تا سرەوتن
ستران عەبدوڵڵا
بەری چەند رۆژ ، تێکۆشەرێکی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە غەریبی لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیا دڵی لە لێدان کەوت. شابازێکی خەباتی نهێنی سەرەتای شۆڕشی نوێی گەلەکەمان هەڤاڵ جەلیل شەهباز ماڵئاوایی یەکجارەکی لە گوندی كوره ماركێ ، لەسەرسەنگ و تەواوی ئامێدی و کوردستانیش کرد.
هەڤاڵ شەهباز ( ١٩٥١-٢٠٢٦) لە خورتییەوە تێکەڵی تێکۆشانی سیاسیی بووە لە سەرەتای دەستپێکی کاری رێکخستنی یەکێتییەوە. چەند جار لە مەنگەنەی گرتن و زیندانی بەعسی فاشست دراوە و سەربەرزانە لێی دەرچووەو سەرلەنوێ تێهەڵچۆتەوە. جێگەی متمانەی هەڤاڵ مام جەلال بووە، تەتەری نامەبەری نهێنی پارێز بووە، رێڕەوێک لەشەهبازەوە بۆ شازاد صائب چونکە نامەی بۆ کاکەشا و رێکخستنی سلێمانی هێناوە. لە خولەکانی پێگەیاندن و تێگەیاندنی کادیرانی یەکێتی لە سوریا، لە قامشلوو، بەشداری کردووە.دواییش لە ناوەوەی وڵات، لە بادینان درێژەی بە خەباتی شانەنهێنییەکان داوە. وێنە و ئەدگاری هەڤاڵ جەلیل لە تۆماری سەرەتاکانی تەقەلای شۆرشی نوێ لە بادینان ئەدروەشێتەوە و بە کرمانجی و بادینی نووسراوە و حەتمەن دیقەتی لێ بدرێت دەزانین نەفەوتاوە.
رێڕەوی تێکۆشانی هەڤاڵانی یەکێتیی و شۆڕشی نوێ لە بادینانەوە، لە تەگبیرەکانی بەرایی و مەفرەزەی شەهیدی سەرکردە ئیبراهیم عەزۆوە دەستی پێکردووە. بێگومان بێ ئەوەی لە قارەمانێتیی و دەستپێشخەری هەڤاڵانی شارەزوور کەم بکەینەوە کە ئەو دەورانە هی دەستپێشخەری و پێشبڕکێی گیانبازی بوو.
زۆر لە هەڤاڵانی شارەزوور وەک چۆن ئازابوون لە کۆڕی خەبات، لە کۆڕی تۆمارکردن و گێڕانەوەشدا هەروا ئازابوون و قسوریان نەکردووە و دەستیان خۆش بێت. ئێستا کاتی گێڕانەوەی ئەوی بادینانیشە. بە کوردی و بە عەرەبی، بە سۆرانی و بادینی.
مەرگی دواجاری هەڤال جەلیل شەهباز بۆنە و درەفتە بۆ ئەم بانگەوازە. ئەوەندەی بزانم بەشێکی وەک وردە زانیاری لەم کتێب و ئەو بیرەوەری هاتووە. هیچ نەبێ گردوکۆکردنی ئەوانە دزوییەکە بۆ بەدواداچوونی زیاتر. لەوێ دەکرێ رۆڵی هەڤاڵ جەلیل و هەموو گەنجە چەلەنگ و ئازاکانی ئەوی رۆژێمان بۆ دوربکەوێت . کتێبی ٣٨شۆڕشگێر دەربارەی لەدایکبوونی شۆڕشێک لە خۆڵەمێشی شۆرشێک لە نووسینی هەڤاڵ سەیدا بڵند شاڵی هەوڵێکی باش و وردە لەو کایەدا. کە باسی هەڤاڵ جەلیل شەهبازیشی تێدایە.
چیرۆکی هەڤاڵ شەهباز کە بەهۆی شەڕ و ناکۆکی ناوخۆو، لە دوای راپەڕینی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ ناچار دەبێت بادینان و تێکڕای وڵات بەجێبێڵێ، چیرۆکی هەموو خەباتێگێڕێکی یەکێتییە کە هەژموون و تاکڕەوی حزبایەتی لە دەڤەری بادینان وایان لێدەکات بە جۆرێک لە جۆرەکان جولەی سیاسییان پەکی بکەوێت.
کوردستان سەرتاسەر مەیدانی خەباتی دیموکراتی و کوردایەتییە بۆ هەموو تێکۆشەرانێک کە لەسەردەمی بەعسی فاشیدا ،وێرایان بزڤرن و بە دیکاتۆر بڵێن: نەخێر بۆ ستەم و زوڵموزۆری دژی میللەتی ئێمە . ئێستاش ئەو کاروانە هەروا بەرێوەیە، جار هەیە خاو و سست دەبێت، بەڵام هەر بەردەوامە و دیرۆک دەڵێ: هەرنەپێش!
بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە کەسوکاری هەڤاڵ جەلیل شەهباز و هەموو هەڤاڵانی بادینان دەکەم.
بسرەوێ رۆحی کاک شەهباز و هەموو کۆچکردوانی نەمر و شەهیدانی کوردستان.
نەسرەوێ ئازایەتی و جورئەتی ئەمڕۆی تێکۆشەران تا سەردەکەوێ.

وتارەکانی نوسەر