ستران عەبدوڵڵا
بەشی چوارەم
سێیەم: ئەندامی یەکێک لە ئۆرگانەکانی حزب بێت، ئۆرگانێتی لە حزب زۆر مانا هەڵدەگرێت. بۆ نموونە:
1 -ئەندامی دامەزراوەیەکی راستەوخۆی ئۆرگانە حەریفەکانی حزبەکە بێت. کەرت و کۆمیتە، مەڵبەند و هتد...
2- ئەندامی ئۆرگانێکی پیشەیی یان دیموکراتی حزبەکە بێت، بە مەرجێک ئەو ئۆرگانە پیشەییە راستەوخۆ بە حزبی بناسرێت و خۆشیان بە ئەندامی حزب و ئۆرگانی حزب بناسێنن. ئەم ئۆرگانە ساف حزبییە جیاوازە لە ئەندامێتی رێکخراوە پیشەییە بەرەییەکان.
3 -ئەندامی فراکسیۆنی حزبەکە بێت لە پەرلەمان، لە شارەوانییەکان، یان ئەندام بێت لە حکومەتە لۆکاڵی و نیشتمانییەکان. بە پلە و ناونیشانی دیاریکراو، بە مەرجێ حزبەکە خۆی ئۆرگانێکی تایبەتی بۆ فراکسیۆنەکە دیاری کردبێت و لە رووی حزبییەوە رێکی خستبن.
چوارەم: لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، هەر هەڵبژاردنێک بۆ پەرلەمان، بۆ شارەوانییەکان و رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان، بەشدار بێت لە کامپینی حزبەکەی، پێیەوە هیلاک بێت، دەنگی پێ بدا و دەنگی بۆ کۆبکاتەوە.
پێنجەم: لە کۆڕ و کۆمەڵی گشتی و تایبەتدا داکۆکی لە سیاسەتی رەسمی حزب و نوێنەرە جیاجیاکانی بکات، بەرپەرچی پڕوپاگەندە و بوختانەکانی دژی حزبەکە بداتەوە و سیاسەتی گفتوگۆ و پێسەلماندن لەگەڵ رەخنە ئیجابییەکاندا پەیڕەو بکات.
شەشەم: لە کاتی شێنەیشدا دیسان داکۆکی لە سیاسەتی گشتی حزبەکە بکات و بە چالاکییەکانیشی بەشدار بێت لە داڕشتنی ئەو سیاسەتە. بە جۆرێک هەست بکات رۆڵی هەیە لە رەسمی سیاسەتەکە و لە رووی نەفسی و لێوەشاوەیی حزبیشەوە باشتر و چاکتر بۆ جەماوەری روون بکاتەوە.
حەوتەم: لە خەباتی حزبی و چالاکی رێکخراوەیی خۆیدا ئەندام و لایەنگیر و دۆست بۆ حزبەکە پەیدا بکات. بە گوێرەی نەریت و بنەماکانی حزب لە وەرگرتن و رێکخستنی ئەندامدا رێکیان بخات و پێوەر و رێوشوێنی حزبی ئەوتۆ بناسێ کە چالاکی ئەندام پەیداکردنی روون بێت، خۆی و بازنەی سنووری ئۆرگانەکەی ئەم چالاکی ئەندام وەرگرتن و پەیداکردنە بکەنە بەشێک لە چالاکی بەردەوامی حزبایەتی پێی بگەشێنەوە، لە کاتی سەرکەوتن و بە گوێرەی (سزا و پاداشت) خاڵ و نوختەیان بۆ حیساب و لەسەر حیساب بکرێت.
هەشتەم: یەکێتی ریزەکانی حزب بپارێزێت و پتەوی بکات. رەخنە و سەرنج و گلەییەکانی لە ناو ئۆرگانەکانی خۆیدا دەرببڕێ و ئازایانە و بە جورئەتەوە داکۆکی لە روانگەی خۆی بکات. دوای پێسەلماندن یان رمێن پەیداکردن بۆ بیروبۆچوونەکانی و کردنی بە بەشێک لە روانگەی حزب، داکۆکی لێ بکات. هەروەها روانگەی دروستی هەڤاڵەکانی یان زۆرینەی حزب پەسەند بکات و وەک بیروباوەڕی خۆی داکۆکی لێ بکات.
نۆیەم: بە گوێرەی نەریت و رێوشوێنەکانی حزب لە پێگەیاندنی هۆشیاریی کادر و تێکۆشەری ریزەکانی خۆی، ئەندام ئاستی هۆشیاری، سیاسی، نیشتمانی و نەتەوەیی بەرز بکاتەوە و ئەوی فێری دەبێ و پێی دەگات وەک زەکات پێشکەشی هەڤاڵەکانی بکاتەوە، لە خولەکانی پێگەیاندن و کۆڕ و کۆبوونەوە هۆشیارییەکانی ئۆرگانی حزبدا ئەم هۆشیارییە بخاتە کار. بۆ خۆی و بۆ هەڤاڵەکانی و حزبەکەشی بەکاری بێنێتەوە.
5
خەسڵەتە سەربار و خۆڕسکەکان:
دەکرێ لێرەدا باسی خەسڵەتە تایبەتییەکانی هەر هەڤاڵێک بکەین و لە قۆناغی مەرجەکانی ئەندامێتییەوە بۆ خەسڵەتەکانی تایبەتمەند بچین.
بێگومان خەسڵەتەکانی کادیری هەر حزبێک، دەبێ وا جیاواز بێت، کە لە دوورەوە پێی بناسرێتەوە و لە حزبەکانی تر جیا بکرێتەوە. مەگەر لە ئامانج و خەم و خولیا گشتییەکاندا نەبێت. وەک حەسەن زیرەک لە گۆرانی میللیدا دەڵێت: ئاشقان لە دووڕا دیارن رەنگیان زەردە و لێو بە بارن. دەبێ ئەندامی چالاکی حزب گەش و رووناک و لە دوورەوە بدرەوشێنەوە.
بێگومان لە مێژووی حزبایەتی و رەوتی ئەدەبیاتەکانیدا، چ هی کوردستانی و چ هی سەرتاسەری، خەسڵەتەکانی ئەندام لە قۆناغی خەباتی نهێنی و ژێرزەمینی، یاخود قۆناغی خەباتی چەکداری جیاواز دەبێت لە خەسڵەتەکانی خەباتی شار و خەباتی ناو پرۆسەی دیموکراسی و تەنانەت نیمچە دیموکراسی و کرانەوەی قۆناغ بە قۆناغدا.
ئەمانە چەند خاڵێکن:
یەکەم: هەموو کات و رەنجی سیاسی و رێکخراوەیی خۆی و هەموو دنیابینی خۆی بۆ سەرخستنی بەرنامەی حزب تەرخان بکات و باوەڕی بە بەرنامەی دڵخواز و بڕیارلێدراوی خۆی هەبێت بە حزبەکە و بە کردار جێبەجێ بکات.
دووەم: رۆڵی کارا بگێڕێت لە ئاراستەکردن و هاندانی حزب بۆ گرتنەبەری سیاسەتی سەرکەوتوو لەپێناو سەرکەوتنی ئەرکەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان لە دونیابینی حزبەکەیەوە.
درێژەی هەیە