لەتیف نێروەیی 10:39 PM - 2026/11/26

لەتیف نێروەیی

لە هەرێمی کوردستان هەندێک ڕەفتاری مەترسیدار بەدی دەکرێن، کە هەندێک کەس بە مەبەستی خۆدەرخستن، یان بەهۆی هەستنەکردن بە لێکەوتە مەترسیدارەکانیان، ئەنجامیان دەدەن. ئەگەر ڕێگرییان لێ نەکرێت، زیانی گەورە بە هەرێم دەگەیەنن و دەبنە هۆی ئیحراجکردنی دۆستانی کورد لە عێراق، کەمکردنەوەی پشتیوانانمان و بەهێزترکردنی بەرەی نەیارانی هەرێم. ئەو ڕەفتارانەش بریتین لە:
یەکەم : دڕاندنی پاسپۆرتی عێراقی و بڵاوکردنەوەی ئەو دیمەنە لە ڕێگەی میدیاوە. لەلایەن کەسێکەوە کە
هەرچەندە لە زیانەکانی ئەو کارە ئاشنانەبێت، بەڵام کاریگەری لەسەر هەستی جەماوەری عیراق دروست دەکات .
دووەم: لابردنی ئاڵای عێراق و سووکایەتیکردن پێی، هەروەها نمایشکردنی ئەو کارە لە سۆشیاڵ میدیادا. پاسپۆرت و ئاڵا پایەی سەرەکیی شکۆ و سەروەریی هەر وڵاتێکن لە ناوخۆ و دەرەوە و دەبێت ئەو ڕاستییە باش بزانین کە بەبێ پاراستنی سەروەریی ئاڵای عێراق لە هەرێم، پاراستنی سەروەریی ئاڵای کوردستانیش ئەستەم دەبێت.
سێیەم:  بەکارهێنانی دروشمی توندڕەوی نەتەوەیی دژی نەتەوەی بەرامبەر، کە هەستی نەتەوەیی بریندار دەکات. ئەمە بابەتێکی یەکجار هەستیار و مەترسیدارە و زۆر جار دەبێتە سەرەتای ململانێ و شەڕی نەتەوەیی.
چوارەم: بڵاوکردنەوەی پەیامی توند لەلایەن هەندێک کەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیریی کوردەوە، کە هەڕەشەی کوشتن، لەناوبردن و شەڕ ئاراستەی لایەنی بەرامبەر دەکەن.
پێنجەم: سووتاندنی وێنەی سەرۆک وەزیران و هاوتاکردنی بە وێنەی سەدام حوسێن.
شەشەم: پێچەوانەکردنەوەی وێنەی ڕاستەقینەی دۆخەکە لەلایەن بەشێک لە میدیاکانەوە، لە جیاتی ئەوەی وەک لایەنێکی ستەملێکراو دەربکەوین و داوای مافە ڕەواکانمان بکەین، دیمەنەکە بە شێوەیەکی تر پیشان دەدرێت.
حەوتەم: تێکەڵکردنی کارتی گەندەڵی بە هەندێک پرسی یاسایی و دەستوورییەوە.
هەشتەم: دەرکەوتنی هەندێک کەسایەتیی هونەری و سیاسیی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە خۆپیشاندانەکاندا و بڵاوکردنەوەی لێدوانەکانیان دژی حکوومەتی فیدراڵ، هەرچەندە لە ڕووی سۆزداری و مەعنەوییەوە کاردانەوەیان لەسەر شەقامی هەرێم هەیە، بەڵام بە هەمان شێوە کاردانەوەی نەرێنی لەسەر شەقامی عەرەبی دروست دەکەن. ئەمە وەک شمشێرێکی دوو سەرەیە و مەترسیی خۆی هەیە.
نۆیەم: هاندانی کوردانی پارچەکانی دیکە بۆ خۆپیشاندان، کە پێویستی بە مامەڵەیەکی زۆر وریایانە هەیە تا نەبێتە هۆی دروستبوونی بەرەیەکی فراوانی نەتەوەیی لە دژی هەرێم.
دەیەم: بەشداریی هەندێک کەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیریی کورد لە میدیای عەرەبی و بڵاوکردنەوەی گوتاری هەڕەشەئامێز و توندڕەوی نەتەوەیی دژی نەتەوەی بەرامبەر.
یانزەیەم: ⁠نمایشکردنی چەک و هێزی سەربازی لەلایەن هەردوولاوە خزمەت بەسەقامگیری ناوچەکەو چارەسەرکردنی کێشەکان ناگەیەنێت . 
دوانزیەم: هەمان ئەم خاڵانە لەناو میدیاو سوشیاڵ میدیای عەرەبیش دەبینرێت کە خەڵکانێک هەن دەیانەوێ کارتی نەتەوەیی و هەڕەشەئامێز لەدژی هەرێم بەکاربێنن .
سیانزەیەم: چارەسەر چییە ؟ دۆخەکە پێویستی بە سیاسەتێکی نەرمی حەکیمانەو بەرپرسیارانەو بەکارهێنانی کارتی گونجاو هەیە بۆ سەرخستنی دانوستانەکان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان درک بەو مەترسیانە بکەنەوە کاتێ ململانێ و ناکۆکییە سیاسی و یاساییەکان بۆ گرژی و ناکۆکییە نەتەوەییەکان ئاراستە بکرێت چ کارەساتێکی قووڵی درێژخایەن بەدوای خۆیدا دێنێت .
 خۆشبەختانە هێشتا هەوڵە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نیودەوڵەتیەکان ئۆمێدبەخشن و ئیرادەیێکی بەهێز هەیە کە کێشەکان لەڕێی دانوستان و ئاشتیانەو بەپشت بەستن بە دەستوری عیراق چارەسەربکرێن ، بۆیە پێویستە هەردوولا  لەسەر ئاستی سیاسی ، میدیایی ، جەماوەری تەنها ئەو کارتانە بەکاربێنن کە یارمەتیدەرن بۆ سەرخستنی دانووستانەکان و رێگا نەدرێت بەهۆی هەڵەی هەندێ هەنگاوی سۆزدارییەوە  هەرێم و عیراق بەگشتی بەرەو دۆخێکی نەخوازراو رابکێشن کە باجەکەی بۆ هەموو لایەنێک زۆر قۆرس دەبێت .

وتارەکانی نوسەر