لەتیف نێروەیی 09:45 AM - 2026/09/30

لەتیف نێروەیی
بە بۆنەی تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالدا، یادکردنەوەی ئەو ڕابەرە نیشتمانیی و کاریزمایە گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پێکەوەژیان، حیکمەت و مرۆڤدۆستی لە دیمەنی سیاسیی کوردستان و عێراقدا، چونکە مام جەلال تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو مامۆستا و رابەری ئاشتەوایی و پەناگەیەکی هەمیشەیی بوو بۆ سەرجەم هێز و لایەنە جیاوازەکان، کە لە قورسترین و تاریکترین قۆناغەکاندا بە خەندە و پشوودرێژییە مەزنەکەیەوە چارەسەری دەدۆزییەوە و هەمیشە بە باوەڕێکی قووڵەوە رێبازی دیالۆگ و پێکەوەبوونی بەرجەستە دەکرد.
لەم یادەدا وروژاندنی پرسیارێک و بیرهێنانەوەی بە بیری کۆمەڵێ کەسایەتی دەسەڵاتدار و دامەزراوەی میری و دۆستە نزیکەکانی سەرۆک مام جەلال پێویستە، کە قەرزێکی گرنگ و مێژوویی و ئەخلاقییان لەسەر شانیانە و کاتی ئەوە هاتووە قەرزەکەی مام جەلال بدەنەوە. هەڵبەت ئەوانەی، کە پێویستە قەرزی مام جەلال بدەنەوە: دوو بەشن، بەشێکیان لە هەرێمی کوردستانن و بەشی دووەمیش لە بەغدادن.
بەشەکەی هەرێم بریتین لە:
ـ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە دۆستێکی نزیکی مام جەلال بوو، ئەرکی پێدانی قەرزەکە لە هەرێم زیاتر دەکەوێتە سەرشانی بەرێزیان.
ـ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی تایبەت بە نووسینی مێژووی گەلەکەمان لە پەرتووکەکانی پرۆگرامی خوێندندا.
ـ هەموو ئەو سەرکردە و ڕۆشنبیر و مێژوونووس و نڤیسکار و ئەکادیمستانەی، کە هاوڕێی مام جەلال بوون.
ـ  سەرکردایەتیی حزبەکەی مام جەلال (یەکێتی).
 بەشەکەی بەغدادیش بەهەمان شێوە:
ـ جەنابی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ. 
ـ وەزارەتی پەروەردە.

قەرزەکە چییە؟
بەپێی هەموو مەرج و پێوەرە زانستییەکانی نووسینەوەی مێژوو بێت .
ـ مام جەلال وەکو سەرکردەو رابەرێکی نیشتمانی کوردستانی و عیراقی .
ـ وەکو یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عیراقی نوێ .
ـ وەکو یەکەم سەرۆک کۆماری کورد . 
ـ وەکو ئەو سەرۆکەی، کە لەسەر ئاستی کوردستانیی و عیراقیی و نیودەوڵەتی کۆدەنگییەکی هاوبەش و هاوسەنگیان لەسەربوو .
ـ وەکو باوکی تەوافوقی نیشتمانی و ئاشتەوایی و لێبوردەیی و پارێزەری مافی هەموو پێکهاتەکانی عیراق .
ـ وەکو سەرکردەییەکی قاڵبووی سیاسەت و دیپلوماسییەتی نەرم و ژیرانە .
ـ وەکو سەرکردەیەک، کە پێشەنگی شورشێکی گەورەو درێژخایەنی گەلی کوردستانی کردووەو تا دواساتەکانی ژیانی خۆی خزمەتی گەلەکەی کردووە .
ـ وەکو هەموو ئەمانەو چەندانی دیکە، لەلایەکەوە مافی خۆیەتی هاوشێوەی سەرکردە ناودارەکانی جیهانیی، مێژووە هەمە جۆرەکەی لەناو  پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکان تۆمار بکرێت و لەلایەکی دیکەوە خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان و عیراقیش مافی خۆیانە بە رەهەندە مێژووییەکانی خەباتی مام جەلال ئاشنا ببن . 
ـ تۆمارکردنی ئەو مێژووە لە پرۆگرامەکانی خوێندن ئەرکێکی نیشتیمانی، مێژوویی، ئەخلاقییە لەسەر شانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و نابێ ئەم بابەتە لەسەر ئاستی هەرێم تێکەڵاوی ململانیێ حزبایەتی بکرێت . هەروەک ناکرێ لەسەر ئاستی بەغداد -یش ئەم بابەتە بخرێتە ناو تەرازوی ململانێی نەتەوەییەوە و وەکو هەمیشە سەرۆک مام جەلال خۆی وتویەتی"من موڵکی هەمووتانم . "
ـ دەبێ ئەمجارە و لەدوای ئەم پرسیارە چاوەڕوان بکەین و بزانین تا چەند گفتار و کردارەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم بابەتە رەنگدەداتەوە ‏.
هەموو ئەو قەرزانە، هۆكارەكەی روونە، باسكردن و شرۆڤە و گێڕانەوەی مێژووی زیاتر لە نیو سەدەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد و خەباتی دیموكراسیانەی عیراق، بەبێ مام جەلال مێژوویەکی راست و دروست و بێلایەنانە تۆمار ناکرێت، چونكە هیچ قۆناغ و وێستگە و دەستكەوتێك نەبوو پایەی بیر و بازوی مام جەلال لە سەرمەشقیی و سەركردایەتی پرۆسەكانی رەنگی نەدابێتەوە، لەناو ئەو مێژووەدا مام جەلال هەر رابەرێکی یەكێتی نەبوو، بەڵكو ستونێكی بەهێزی كورد و خەباتی دیموكراسییانەی عێراق و تەنانەت كاركتەرێكی هەرێمیی گەورەش بوو، كە شوێن دەستی بەسەر رووداوەكانی مێژووی هاوچەرخ جێهێشتووە.

وتارەکانی نوسەر