لەتیف نێروەیی
دامەزراندنی كۆمەڵەی میدیاكارە دێرینەكانی یەكێتی
لەتیف نێروەیی
دامەزراندنی کۆمەڵەی میدیاکارە دێرینەکان وەک پردێکی پەیوەندی لە نێوان ئەزموونی دەوڵەمەندی ڕابردوو و گڕوتینی ئێستادا، ئەرکی بەدیکۆمێنتکردنی یادوەریی پیشەیی، گواستنەوەی شارەزایی بۆ نەوە نوێکان و داکۆکیکردن لە شکۆی ئەو کەسایەتییە میدیاییانە لە ئەستۆ دەگرێت کە تەمەنیان لە پێناو وشەی ڕاستیدا بەخشیوە: بە جۆرێک کە ئەم هەنگاوە تەنها ڕێزلێنانێکی ڕوکەش نییە، بەڵکو وەفادارییە بۆ مێژوو و پاراستنی بنەما ئەخلاقییەکانی میدیا، لەبەرئەوەی مێژووی میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە چەند قۆناغێك تێپەڕ دەبێت و هەر قۆناغێك گرنگی و تایبەتمەندی و ئامراز و تیمی تایبەت بە خۆی هەبووە.
قۆناغەكان بریتین لە:
1ـ قۆناغی سەردەمی خەباتی شاخ لە (1975ـ 1991) لەم قۆناغەدا هەموو ئەو هەڤاڵانەی كە لە رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان و رۆژنامە و گۆڤارەكانی سەردەمی شۆڕشی نوێ كاری میدیاكاری و رۆژنامەوانی و نووسینیان دەكرد، تەنها چەند كەسێكی كەم نەبێت ئەوانی دیكە ئێستا خانەنشینن، یان لە ئۆرگانێكی دیكەی حزبی، یان دامەزراوەیەكی حكومی، یان لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، یانیش بەهۆی هەڵكشانی تەمەنیانەوە نەیانتوانیوە لە سەرچاوە میدیاییەكانی یەكێتی بەردەوامبن و لەماڵەوەن و هەموو ئەمانە پێویستیان بە شوێنێك یان چەترێكی تایبەت بەخۆیان هەیە، كە لە سایەی ئەو چەترەدا كۆببنەوە.
2ـ قۆناغی دوای راپەڕین، ساڵانی نەوەدەكان لە ساڵی (1991ـ 1999).
لەم قۆناغەدا سەدان میدیاكار و رۆژنامەوان و نووسەر لە دەوری میدیای یەكێتی كۆبوونەتەوە و لە رادیۆی گەلی كوردستان، تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان كەناڵی (سلێمانی، هەولێر، دهۆك، كۆیە، كەلار، راپەڕین) و شوێنەكانی دیكە و لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ، ژیانەوە، رێوان، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاك، لە رادیۆ لۆكاڵییەكانی سنوری مەڵبەندەكان و گۆڤارەكانی تایبەت بە ئۆرگانەكانی یەكێتی و لەبەشی راگەیاندنی مەڵبەند و مەكتەبەكانی یەكێتی دەست بەكاربوون.
ئەوانەی لەم قۆناغەشدا كاریان كردووە، هاوشێوەی ئەوانەی لە قۆناغی سەردەمی خەباتی شاخ خزمەتیان كردووە جگە لە ژمارەیەكی كەم ئەوانی دیكە لە سەرچاوە میدیاییەكانی یەكێتی و لە بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نەماون و زۆر پەرش و بڵاون و پێویستیان بە ناوەندێك یان کۆمەڵەیەک هەیە كە لە باوەشیان بگرێت و لەسایەی ئەو چەتر و رێكخراوە، میدیاكارە دێرینەكان هەست بە كەسایەتییە مەعنەوییەكانی خۆیان بكەن.
3ـ قۆناغی سەرهەڵدان و هاتنەكایەی سەتەلایت و میدیای دیجیتاڵی كە لە ساڵی (2000)ەوە دەست پێدەكات. لەم قۆناغەشدا سەتەلایتەكانی (كوردسات، گەلی كوردستان، كەركوك، بادینان سات، الحریە) بوونەتە چەتری لەباوەشگرتن و كۆكۆدنەوەی هەزاران میدیاكار و كارمەندانی میدیایی، بەهۆی هەندێ هەل و مەرجەوە (بادینان سات و كەناڵی الحریە) داخران و بەهۆی تێپەڕبوونی كاتیشەوە بەشی زۆر ئەو میدیاكارانەی، كە لەو كەناڵانە كاریان دەكرد لە ئەركی میدیایی دابڕاون وەكو بێژەر، پێشكەشكار، پەیامنێر، وەرگێر، سەرنووسەری هەواڵ، لێپرسراوی كەناڵەكان و كارمەندانی میدیایی. ئەمانەش چاوەڕوانی ئەوە دەكەن، كە لە سایەی كۆمەڵەیەك یان ناوەندێكی تایبەت بە پیشەی میدیایی سەر بە حزبەكەی خۆیان بحەسێنەوە و هەست بەوە بكەن، كە بەرهەمی خەبات و شەونخونی و دڵسۆزییان لەیاد نەكراوە و وەكو پشتیوانییەكی مەعنەوی خۆیان لەناو ئەو ئۆرگانەدا ببیننەوە. بۆیە دامەزراندنی كۆمەڵەیەكی تایبەت بە میدیاكارە دێرینەكانی یەكێتی، هاوشێوەی كۆمەڵە و ئۆرگانە پیشەییەكانی یەكێتی وەكو (كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان، پێشمەرگە دانەبڕاوەكان، رێكخستنە دێرینەكان، زیندانیانی سیاسی) و ئەوانی دیكە پێویستییەكی گرنگ و ویژدانی و مێژووییە و ئەم كۆمەڵەیە دەبێتە چەترێك یان ماڵێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو ئەو میدیاكار و رۆژنامەوانانەی كە لەبەر هەر هۆكارێك بێت لە ئەرك و كاری میدیایی دابڕاون كە پێشتر ساڵانێك بوو لە سەرچاوە میدیاییەكانی یەكێتی خزمەتیان كردووە.
ـ دامەزراندنی ئەم كۆمەڵەیە وەكو ئۆرگانێكی پیشەیی و حزبی دەبێتە دەستكەوتێكی گەورەی مەعنەوی و مێژوویی بۆ میدیاكارە دێرینەكانی یەكێتی و جێبەجێكردنی ئەركێكی حزبی و مافێكی رەوای میدیاكارە دێرینەكان دەبێت.
گرنگی دامەزراندنی كۆمەڵەكە:
ـ كۆكردنەوەی سەرجەم میدیاكارە دێرینەكان لە رۆژنامەنووس و کەسانی هونەری و تەکنیکی لەسایەی یەك ئۆرگانی پیشەیی حزبی و نەهێشتنی پەرش و بڵاوی.
ـ كۆكردنەوەی توانا مەعریفی و ئەزموونییەكانی میدیاكارە دێرینەكان، وەكو هێزێكی گەورەی مرۆیی و پیشەیی.
ـ وەكو پەرلەمانێكی میدیایی دەتوانن راسپاردە و پێشنیاری باش پێشكەش بە یەكێتی و بەتایبەتی پێشكەش بە میدیای یەكێتی بكەن.
ـ دەتوانن هەڵسەنگاندنی بابەتییانە بۆ سەرچاوە میدیاییەكانی یەكێتی و ركابەرانی یەكێتی بكەن و خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەكانی هەردوولا دەست نیشان بكەن.
ـ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا سوود لە ئەزموون و پسپۆرییان دەبینرێت لەلایەن سەرچاوە میدیاییەكان و میدیای نوێی مەڵبەندەكانەوە.
ـ ئاشتكردنەوەی هەموو ئەو هەڤاڵانەی كە ساڵانێكی زۆرە لەبەر هەر هۆكارێك بێت هەست بە فەرامۆشكردن و پەراوێزخستن دەكەن و نیگەرانن.
ـ ئەم كۆمەڵەیە دەبێتە پارێزەرێكی فەرمی نەك هەر تەنها بۆ میدیاكارە دێرینەكان بەڵكو بۆ ئەو میدیاكارانەش كە لەئێستادا لەئەركدان.
ـ ئەم كۆمەڵەیە پردێكی راستەوخۆی پەیوەندی لەگەڵ ئەنجومەنی پشتیوانی، مەكتەبی كاروباری رێكخراوەیی، مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری دروست دەكات.
بۆیە هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەكان گرنگی بەم بیرۆكە پرۆژەیە بدەن و لەلایەن خودی میدیاكارە دێرینەكانیش مشت و مڕێكی هەڤاڵانە و بابەتیانە لەسەر ئەم مژارە بكرێت.