لەتیف نێروەیی 10:17 AM - 2026/11/02

 له‌تیف نێروه‌یی

لە ژیانی هەموو نەتەوەیەکدا، مۆزەخانەی شۆڕش تەنها ئەرشیفێکی کۆگاکراوی رابردوو نییە، بەڵکو پەیکەرێکی زیندووی ئازایەتی و قوربانیدانی گەلێکە کە بە خوێن و ئیرادە مێژووی نووسیوەتەوە. ئەمجۆرە ناوەند و مۆزەخانانە پردێکی مەزنن لەنێوان نەوەی پێشوو و ئێستا، تێیدا چیرۆکی سەختییەکان، بەرخۆدان و هەڵمەتی نەبەردانە بە شێوازێکی پڕ لە هەست و سیمبولی دەپارێزرێت بۆئەوەی یادەوەریی نەتەوەیی هەرگیز کاڵ نەبێتەوە.
بوونی ئەم مۆزەخانەیە بۆ کورد و یەکێتی وەبیرهێنانەوەیەکی هەمیشەیی دەبێت، کە ئازادی و سەربەخۆیی بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون، بەڵکو بەرامبەر بەها بەرزەکان قوربانییەکی بێوێنە دراوە.
هەڵبەت زۆربەی ئەو حزبە شۆڕشگێرانەی جیهان، كە مێژوویەكی دوورودرێژی خەباتی چەكداری و سیاسییان هەبووە لەپێناوی رزگاركردنی وڵاتەكەیان و رۆڵیان هەبووە لە بونیادنانی وڵاتەكەیاندا، لەدوای سەركەوتنی شۆڕشەكەیان مۆزەخانەی تایبەت بە مێژووی خەباتی شۆڕشەكەیان دروستكردووە لە نموونەی وڵاتانی جیهان (ئەمریكا، چین، ڤێتنام، ئێران، كوبا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەلەستین، جەزائیر) و  چەندان وڵاتی دیكە.
شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە رابەرایەتی ی.ن.ك كە شۆڕشێكی (چەكداری، سیاسی، هزری و كۆمەڵایەتی) بوو، بە یەكێك لە دوورودرێژترین، كاریگەرترین، پڕ دەستكەوتترین شۆڕشەكانی گەلی كوردستان دادەنرێت كە قەوارەی هەرێمی كوردستان و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی لە دەستوری عیراقی نوێدا بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆیە ئەم شۆڕشە هاوشێوەی شۆڕشەكانی دیكەی جیهان، پێویستی بە مۆزەخانەیەكی تایبەتە.
ئامانج لە مۆزەخانەكە
-پاراستن و زیندووهێشتنەوەی ئەرشیف و بەڵگەنامە و كەرەستە و جیهاز و ئامێر و هەندێک چەكی ئەو سەردەمە.
-لە مۆزەخانەدا وێنەكان خۆیان دەدوێن.
-وێنەی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر.
-وێنەی شەهیدانی سەركردە و فەرماندە سەربازییەكانی سەردەمی شۆڕشی نوێ.
-هەڵواسینی تێكستی پەیامەكانی ئەو سەردەمە.
-تێكستی بەیاننامەی دامەزراندنی ی.ن.ك بە چەند زمانێك و هەڵواسینی پەیامەكە بەشێوەی تابلۆ.
-وێنەی شوێنی دامەزراندنی یەكێتی و ساڵی دامەزراندنەكە.
-پیشاندانی وێنەی ئەو ئامێر و كەلوپەل و كەرەستە و چەك و ئامێرەکانی پەیوەندیكردنی ئەو سەردەمە.
-پیشاندانی جیهاز و ئامێر و میكسەر و كەلوپەلەكانی رادیۆی قۆناغی شۆڕش.
-پیشاندانی سەرجەم ئەو گۆڤار و رۆژنامە و پەرتوكانەی لە سەردەمی شۆڕشی نوێدا بڵاوكراونەتەوە و هەروەها ئەو رۆنیو و ستێنسل و ئامێری چاپانەی چاپخانەکانی شۆڕش کە ئەو سەردەمە بەکارهێنراون.
-پیشاندانی تێكستی پەیامەكانی سەردەمی شۆڕش (بەیاننامە، بەلاغ، بانگەواز، ئاگاداری و بروسكە گرنگەكان).
-پیشاندانی چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
-پیشاندانی بەڵگەنامە ڤیدیۆییەكانی ئەو سەردەمە.
-پیشاندانی وێنەی شوێنی بارەگای هەڤاڵ سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی لە شوێنە جیاوازەكانی سەردەمی شۆڕشدا.
-بڵاوکردنەوەی پەیامەكانی هەڤاڵ سكرتێری گشتی بە شێوەی (ڤیدیۆیی) یان دەنگی.
-خستنەڕووی رێگە و پەیکەری ئەنجومەنی دێهاتەکان، کە لە سایەی شۆڕشدا هەڵبژێردرابوون.
-نمایشکردنی نەخشەی ناوچە رزگاركراوەكانی ئەو سەردەمە.
-پیشاندانی پەیكەری سەربازیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و جۆرەكانی خەباتی ئەو قۆناغە مێژووییە.
-نمایشکردنی وێنەی نەخۆشخانەی شۆڕش، دادگای شۆڕش، تیپی هونەریی شۆڕش، قوتابخانەکانی شۆڕش، رێكخراوەكانی ژنان، مامۆستایان، نووسەران و ئەوانی دیكە.
-تۆماركردنی ناوی سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی نوێ لە مۆزەخانەكە لە رێگەی دیواربەندەوە.
-بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە لەرێی دەنگەوە، کە کاتی خۆی لەلایەن بێژەرەکانی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستانەوە خوێنراونەتەوە.
-پیشاندانی ئەو ژمارانەی كە بە نهێنی و جوفرە بەكاردەهێنران و لە رادیۆدا بڵاودەكرانەوە بۆ ئاگاداركردنەوەی هێزی پێشمەرگە و پەیوەندیکردن بە رێکخستنە نهێنییەکانەوە.
-پیشاندانی تێكستی داستانەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
گرنگیی مۆزەخانە
دەبێتە ناوەندێكی گرنگی پاراستنی مێژووی شۆڕشی نوێ و یەكێتی و نەوە لە دوای نەوە بەشێوەی (بینراو، بیستراو، خوێنراو) بە مێژووی شۆڕشی نوێ ئاشنا دەبن.
-دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ و بەردەست بۆ توێژەران.
-شاندی میوان بە بەسەركردنەوەی مۆزەخانەكە، ئاشنای مێژووی شۆڕشی نوێ و خەباتی خەڵکی کوردستان دەبن.
-دەبێتە ناوەندێكی گرنگ بۆ گەشتی زانستی خوێندكارانی كۆلێج و پەیمانگەكان.
-هێشتا وەكو پێویست مێژووی یەكێتی و شۆڕشی نوێ نەنووسراوەتەوە، ئەم مۆزەخانەیە دەبێتە ناوەندێكی سەرەكی بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم كەرەستە و بەڵگەنامە تایبەتەکان بە رووداوەكانی سەردەمی شۆڕشی نوێ.
-تێكۆشەرانی دێرینی یەكێتی و نەوەكانیان بە كردنەوەی ئەو مۆزەخانەیە شانازی بە رابردووی خۆیانەوە دەكەن.   -ئەمە بەشێكی گرنگی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستانە و لەڕێی مۆزەخانەوە رێكدەخرێت و بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
-پۆلێنکردنی بەشەکانی مۆزەخانەکە (سیاسی، سەربازی، شەهیدان، رێکخستنی نهێنی، دادگای شۆڕش، راگەیاندن، پەروەردەیی، رێکخراوەیی و ئەوانی دیکە).
-گرنگییەكی دیكەی مۆزەخانە ئەوەیە وەك ئەوەی لە ئەمنەسوورەكەی شاری سلێمانی لەسەر دەستی ژنە سیاسەتمەدار و شۆڕشگێر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كراوە، ئەویش كۆكردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی كە تایبەتن بە تاوانەكانی رژێمی بەعس كە لە دژی گەلی كوردستان ئەنجامدراون.
بیرۆكەی پرۆژەكە
-بیرۆكەی ئەم پرۆژەیە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە دووجار لە کۆماری میللیی چین سەردانی مۆزەخانەی تایبەت بە حزبی كۆمۆنیستی ئەو وڵاتەم كردووە و یەكێكە لە مۆزەخانە گرنگ و سەرنجڕاكێشەكان و کاریگەریی مۆزەخانەکە لەوەدایە، کە ئەوەی بەچاو دەبینرێت، زیاتر كاریگەریی درێژخایەن دروست دەكات.
لە كۆتاییدا هیوادارین ئەم بیرۆكە پرۆژەیە ببێتە مایەی رەزامەندیی و كاری پێویستی لەسەر بكرێت، چونكە ئەمە بەشێكی گرنگی مێژووی گەلەكەمانە كە لە قۆناغێكی سەخت و دژواردا تۆمار كراوە و هەروەک ببێتە پرسێک بۆ گفتوگۆی هەڤاڵانە و دەوڵەمەندکردنی پرۆژەی مۆزەخانەی شۆڕشی نوێ.

 

وتارەکانی نوسەر