ڕێبوار ستار
رێبوار ستار
سەرۆک، پەیامەکەت قسەی دڵی هەموو یەکێتییەکان و خەڵک بوو
دوای ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕازی بکات، کە پێکەوە حکومەتێک پێكبهێنن، حکومەتێکی خزمەتگوزار، کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی خەڵک بکات و لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنەوە پەرلەمان و سەرۆکایەتییەکی بەهێز پێکبهێنرێت، بەڵام بەداخەوە -وەک لە پەیامەکەیدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی پێدا- زیاتر لە چەندینجار سەردانی ئەو لایەنە کراوە و دواجار هەوڵەکان بێسود بوون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوای ئەوەی هەندێک لە ئەندام پەرلەمانەکان لە پێناو پارە و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیاندا دەنگیان فرۆشت، کە ئەو دەنگانە موڵکی خەڵکی کوردستانن، بوونە هۆکاری ئەوەی دۆخەکە بنبەست بێت. ئەمەش درێژەپێدانی پیشەی هەمیشەیی پارتی دیموکراتە کە هەمیشە بەرژەوەندیی حزبی و بنەماڵەیی خستووەتە سەروو هەموو شتێکەوە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لەلای کۆمەڵانی خەڵک دروست کردووە.
هەر بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هەمیشە، خۆی بە خەمخۆری خەڵک زانیوە، بەرژەوەندیی حزبیی خستووەتە دواوە و لە خەمی خەڵکدا بووە. دوای ئەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆبووەوە، تەواوی دەسەڵاتەکانی خۆی بە ڕەزامەندیی ئەندامانی سەرکردایەتی بەخشیە بە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بڕیاردان لەسەر هەر ئەگەرێک.
سەرۆک بافڵ وەک سیاسییەکی ژیر و دوربین و لەسەر بنەمای بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە خەڵک و حزبەکەی، پەیامێکی نارد و پێی ڕاگەیاندن کە "ئەم ڕەفتارانە لای ئێمە باتڵە و ئیتر ئێمە لە حکومەتێکی فاشلدا نامێنینەوە، ئێوە دەستتان پێکرد و منیش تەواوی دەکەم". هەروەها جەختیکردەوە کە هەرێمی کوردستان خاوەندارێتیی ڕاستەقینەی بۆ یەکێتی دەگەڕێتەوە.
ئەم پەیامانە گوزارشت لەو هەستە دەکەن کە چەندین ساڵە کادرانی یەکێتی لە دەست ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێن و شکستخواردووە لە دەروونیاندا پەنگیان خواردووەتەوە، هەرچەندە بەهۆی پابەندبوون بە سیاسەت و دیسپلینی حزبی و بڕیارەکانی حزبەوە خۆیان ڕاگرتبوو. بەڵام ئەمشەو تۆ قسەی دڵی هەموو یەکێتییەکان و خەڵکیشت کرد. من دڵنیام ئەم پەیامە هەموو خەڵکی کوردستانی دڵخۆشکرد، و لەوەش دڵنیاترم کە ئەم پەیامانە لە هەولێر، دهۆک و تەواوی ناوچەکانی تریشدا هیوایەکی گەورە دروست دەکات و کۆتایی بە حوکمی تاکلایەنە و خۆسەپێنی دەهێنێت.
پەیامەکانی سەرۆک کورت، پوخت و دروست بوون، ئەمە ئەو یەکێتییەیە کە خەڵک دەیهەوێت و لە پێناویدا دروست بووە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مافی تاک بە تاکی خەڵک بکات. بۆیە جێگەی دەستخۆشی و شانازییە بۆ سەرجەم یەکێتییەکان. دڵنیابە سەرۆک، هەموو کادرانی یەکێتی پشتیوانتن و پابەندن بە بڕیارەکانتەوە، چونکە تۆ جێگەی متمانەی هەموو یەکێتییەکان و خەڵکیشیت.
ئەوانەی دەنگەکانیان لە پێناو پارەدا فرۆشت، لە لای خەڵک مایەپوچن و ناویان لە مێژوودا بە ڕەشی دەمێنێتەوە.