ڕێبوار ستار
ڕێبوار ستار
لە جیهانی سیاسەت و بەڕێوەبردندا، زۆرن ئەو سەرکردە و سەرۆکانەی، کە خاوەن ناوبانگ و کاریگەرییەکی گەورەن و بوونەتە کەسایەتییەکی کاریزما. ئەم پێگەیەش چەندە بەهۆی ڕێبازی شۆڕشگێڕی، ژیریی دەوڵەتداری یان کاروانی سیاسیی سەرکەوتووەوە بووبێت، هێندەش لەوانەیە دەرهاویشتەی توانا کەسیەکان و لێوەشاوەیی بۆ ماوەیی بێت، کە دواجار دەبن بە نموونەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا و فیگەری ناو مێژوو، هەڵبەت ئەوەی لێرەدا باسی دەکەین کەسایەتییەکی سیاسی و شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕ و دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی و یاساناس و مافپەروەر و سەرکردە و ڕوناکبیر و نوسەر و میدیاکار و ڕابەرێکە، کە مێژووی خەبات و تێکۆشانی مێژوویەکی زیاتر لە نیو سەدە خەبات و تێکۆشان بووە، کە ئەویش سەرۆک مام جەلالە.
جیاوازی مام لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە بوو، کە سەرۆک مام جەلال لە یەککاتدا زۆرترین خەسڵەتەکانی سەرکردایەتی تێدا بووە، بگرە هەر لە تەمەنێکی منداڵییەوە پێوەی دیار بووە، کە دەبێتە سەرکردە و کاریزمای سیاسی لەداهاتودا هەموو ئەو نیشانانە بە ڕەفتارو کرداری سەرۆک مام جەلالەوە دیار بووە. کە بێ هیچ جۆرە پاڵپشتییەکی خێزانیی یان ڕێکخراوەیی یان ناوچەیی، چونکە لە منداڵییەوە و لە سەرەتاکانی خوێندنی سەرەتاییدا هەموو ئەوجۆرە خەسڵەتانە بە سەرۆک مام جەلالەوە دیار بووە، بەڵکو بە لێهاتوویی و زیرەکی و بوێری خۆی گەیشتۆتە ئەو ئاستە کاریزماییە.
مام جەلال مێژووی خەبات و تێکۆشانی زیاتر لە نیو سەدە و بەردەوام بێ وەستان و سڵەمینەوە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی ستەم و زوڵم و چەوسانەوە بووە، بۆیە هەمیشە هەڵگری ئاڵای بەدیهێنانی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی بووە و ڕوبەڕووی دیکتاتۆری و خۆسەپێنی و دوبەرەکی وەستاوەتەوە.
مام جەلالی ڕابەر لە مێژووی خەباتی خۆیدا رەنگە توشی جۆرەها ئاستەنگ بوبێتەوە، بەڵام هەمیشە و بە تێپەڕاندنی کات و دووربینی سەرۆک هەموو ئەو ڕاستیانە ئاشکرا بووە و دەرکەوتووە. کە خەبات و دیدگا و باوەڕەکانی ڕاست و دروست بووە و سەرەنجامیش مێژوو ئەوەی سەلماندوە، چونکە مام جەلال بە هۆکاری تێکەڵکردنی سیاسەت و ڕۆشنبیری و پشتبەستن بە بنەماکانی دژی توندوتیژی یەکێک بووە لە تایبەتمەندترین و کاریگەرترین ڕابەر لە مێژووی هاوچەرخی عێراق و ناوچەکەشدا، کە هەرگیز ناتوانرێت بە کەسی تر بەراورد بکرێت.
سەرۆک مام جەلال بڕوای تەواوی بەوە هەبووە، کە سەرکردەی سەرکەوتوو پێویستی بە (سادەیی، ڕەخنەلە خۆگرتن، دورکەوتنەوە لە ستایش) هەبووە، چونکە ستایش دەکرێت مرۆڤ لە ڕێگە ڕاستەکە لابدات و بیخاتە سەر کەڵکەڵەی دیکتاتۆری، هەربۆیە هەمیشە پشتگیری لە ڕەخنەگرتن و لە هەڵە و کەموکورتی سەرکردەکان دەکرد و دژی پیاهەڵدان و ستایشکردن بووە. هاوکات بڕواشی بەوە هەبووە، کە سەرکردەی کاریزما هیچ کات خۆی ناسەپێنێت بەسەر خەڵکدا، بەڵکو گوێ بۆ داخوازییەکانیان دەگرێت و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ڕاستەقینەی گەشەکردن و بەرەو دامەزراندنی دیموکراسی و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، نەک بەرژەوەندی تایبەت ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات، کە سەرۆک مام جەلال هەمیشە لەناو خەڵکدا بووە بۆ خەڵک خەباتی کردووە. یەکیکی تریش لە خەسڵەتە دیارەکانی سەرۆک مام جەلال ئەوە بوو هەمیشە لە هەر قۆناغ و سەردەمێکدا بوبێت خۆڕاگرو پشوو درێژ بووە، کە ڕەنگە ئەم سیفاتە لە کەم لە ناو سەرکردەکاندا بونی هەبوبێت، چونکە خۆڕاگری و پشوو درێژییەکەی بەشێک بووە لە سەرکەوتنەکانی.
مام جەلال بەو سەرکردە کۆمەڵایەتییە ناسراوە، کە هەمیشە کۆکەرەوەی سەرکردەو لایەنە سیاسییەکان بووە و هەموو کۆڕ و مەجلیسە سیاسییەکانی بە حیکمەتەکەی خۆی گەیاندۆتە ئەنجام و چەتری کۆکەرەوە بووە، ئەمەش خەسڵەتێکی ترە کە جیاواز بووە لە سەرۆک و سەرکردەکانی تر.
یەکێکی تر لە پیرۆزترین خەسڵەتەکانی سەرۆک مام جەلال ئەو خەبات و تێکۆشانی نەکردووە بۆ پلەو پۆست، بەڵکو لێهاتویی و کاریزما و توانا و کاریگەرییەکانی سەرۆک مام جەلال واقعێک بووە کە دەبێت مام لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتدا بێت، کە عیراقی نوێ باشترین نمونەیە، کە سەرۆک مام جەلال دووجار سەرۆک کۆماری عێراق بووە کەجاری دووەم ئەمری واقع و پێویستییەکی گرنگ بووە بۆ عێراق دەبێت. راستیەکەشی هۆکاری کەسایەتییە بەهێزەکەی سەرۆک مام جەلال ئەوەی سەپاندووە کە عێراق پێویستی بە مام جەلالە نەک مام داوای پۆست و کورسی بکات ئەزمونی کەڵەکە بوی دورودرێژی سیاسی مام جەلال ئەو توانایەی پێ بەخشی بوو، کە درکی بە هەموو ئەو گۆڕانکاری و ئاڵنگاریانە دەکرد کە دواجار هەڵوێستی ژیرانە و مێژوویانەی بەرامبەر ئەوانە دەردەبڕی دواجار دەبونە بنەمای کاری سیاسی.
دیارترین خەسڵەتەکانی مام لە هەرەمی دەسەڵاتدا هیچ کات جیاوازی نەکردووە لە نێوان نەتەوە و پێکهاتە و کەمینەکانی عێراقدا هەمووی بەیەک چاو سەیرکردون، ڕەنگە ئەمەش کەم سەرکردەو سەرۆک بتوانی ئەو هاوسەنگییە بپارێزێت.
دواجار سیاسەتە ڕاستەقینەکەی سەرۆک مام جەلال لە سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتی و شۆڕشگێڕی و چ لە سەردەمی دەسەڵات و سەرۆکایەتی وەک سەرۆکی عێراق، بە سەرۆک و سیاسەتمەدارو سەرکردەیەکی کاریزمای ئاشتیخوازو دیموکراسی و باوەڕی تەواوی بە پێکەوەیی و خزمەتکردنی خەڵک و خاوەنی هەڵوێستی نەگۆڕو دور لە بەرژەوەندی تاک. هاوکات سیاسەتی پێشوەخت درککردن بە ئەگەرەکان و چارەسەری حەکیمانەی بۆ هەموو دۆخە نائاساییەکان کەسایەتییەکی سەرکردەو سادەو خەبات بۆ دیموکراسی و مەدەنیانە و چەتری کۆکەرەوەو دور لە خۆسەپێنی و نادادپەروەری بوە، ئەمەیە کە سەرۆک مام جەلالی جیاکردۆتەوە لە سەرۆک و سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.