ڕێبوار ستار 12:11 AM - 2026/09/14

سەنگەری یەکێتیی لەکوێیە؟

ڕێبوار ستار

لە کاتێکدا دۆخی سیاسی و گوزەرانی هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و لێوارێکی پڕ لە ئاڵنگاریدا تێپەڕ دەبێت، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا سەنگەری ڕاستەقینەی خەڵک لە کوێدا دەدۆزرێتەوە؟، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە مێژووی پڕ لە قوربانیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە. هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە ڕابەرایەتیی سەرۆک مام جەلال، خەباتی یەکێتی لە پێناو بەدیهێنانی خواستەکانی گەل و ڕزگاربوون لە دیکتاتۆریەت و نادادپەروەریدا چڕ بووەوە، نەک تەنها وەک بزووتنەوەیەکی چەکداری، بەڵکو وەک فەلسەفەیەکی ژیان و داکۆکیکردن لە مافی هاووڵاتیان.

لێرەوە باس لە ڕابردووی درەوشاوەی شۆڕشی شاخ و خەباتی پێشمەرگایەتی ناکەین، چونکە مێژوویەکی کاریگەر و تێکۆشەرانەی هەیە و ئەوە لای دۆست و دوژمنیش ڕوونە، ئەوەی باسی دەکەین، خەباتی دوای ڕاپەڕین و بنیاتنانەوەی کوردستانە. لەم مێژووەشدا، یەکێتی موڵکداریی پرۆسەی ڕزگارکردنە و بەشی شێری بەرکەوتووە دەیان فەرماندە و پێشمەرگەی کردووەتە قوربانی و سەرمەشقی پێکهێنانی دامەزراوەکانی حوکمڕانی بووە. لە دوای پرۆسەی ئازادیشدا، سەرۆک مام جەلال بوو بەو کارەکتەرە مەزنەی عێراقی نوێ کە هەموو لایەنەکانی لە ماڵی خۆیدا کۆکردەوە و پێگەی یەکێتی کردە قەڵایەک بۆ یەکڕیزی و هاوسەنگیی سیاسی، بە جۆرێک هیچ پرسێکی گرنگ لە عێراق و هەرێمدا بێ ڕاوێژ و ڕۆڵی یەکێتی بەڕێوە نەچووە.

ئەمڕۆش لە هەرێمی کوردستاندا، ماڵی مام لە دەباشان هەمیشە لانکەی کۆکەرەوەی هێزەکان بووە، لە کاتێکدا بەرژەوەندییە تەسکەکان و خۆدزینەوە ی هەندێک لایەن هەرێمی گەیاندووەتە قەیرانی دارایی، سیاسی و خزمەتگوزاری. دۆخی ئێستا و فەراغی سیاسی، قەیرانی مووچە و لاوازبوونی پێگەی کوردی لە بەغدای لێکەوتووەتەوە، کە ڕاستەوخۆ ژیان و گوزەرانی خەڵکی خستووەتە ژێر فشارەوە.

بۆیە، لە ئێستادا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن پێگەیەکی بەهێز، بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموون و حیکمەتی سەرۆک مام جەلال، دەتوانێت هەنگاوی کرداری بنێت. ئەرکی مێژوویی یەکێتییە کە بانگێشتی لایەنە کوردییەکان بکات و ببێتەوە بەو چەترە گەورەیەی کە حکومەتێکی خزمەتگوزار و دادپەروەر پێکبهێنێت، چونکە خەڵک ئیتر بەرگەی قەیرانی مووچە، بەنزین، کارەبا و ئاڵۆزییە سیاسییەکان ناگرێت، بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان و مادەی (١٤٠) کە بێدەنگی و پەتای پەرتەوازەیی مەترسیی گەورەیان لێ دەبێت.

دواجار، سەنگەری یەکێتی سەنگەری مافی خەڵکە بەرژەوەندیی یەکێتی لە بەرژەوەندیی خەڵکدا چڕ دەبێتەوە. یەکێتی دەیەوێت بە گفتوگۆ و دانوستان کۆتایی بەم دۆخە چەقبەستووە بهێنرێت و ڕێگری لە خراپتربوونی ژیانی هاووڵاتیان بگرێت، چونکە ئۆباڵی ئەم قەیرانانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی کە بەرژەوەندیی تەسکیان خستووەتە سەروو ژیانی خەڵکەوەو لە کۆتاییشدا، یەکێتی هەمیشە لە سەنگەری خەڵکدا دەمێنێتەوە و جێناهێڵێت.

وتارەکانی نوسەر