کەژاڵ ئەحمەد 11:09 AM - 2026/10/26

که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د

زۆر کەم و دەستەبژێرن ئەوانەی بەدرێژایی ژیانیان لە هەوڵدان بۆئەوەی جیاوازبن، بەڵام زۆرینەن ئەوانەی دوای قەرەباڵغی دەکەون و خۆیان لەسەر لاسایی کردنەوەی دەوروبەر قوڕمیش کردووە، هەندێک پێیان وایە ئەوەی زۆرینە دەیکات ئەوە باشترینەکەیە بۆیە بەبێ بیرکردنەوە بەباش دادەنرێت، لەکاتێکدا دەبێت هەموومان ئەو گریمانەیە دابنێین کە ئەوەی بۆ یەکێکی دیکە باشە مەرج نییە بۆ من، یان ئێمە باش بێت.
دوێنێ لە مەجلیسێکی خێزانیدا بووم، گوێم لە سێ خێزان بوو کە لە کۆی پێنج خێزان، مارانگەستەی چوونیان بوون لە ساڵی پاردا بۆ فێستیڤاڵێک. ئەوان لە بەیانییەوە تا یانزەی شەو لەناو قەرەباڵغیدا خۆیان و منداڵیان لەناو ئۆتۆمبێلدا گیریانخواردبوو، نە گەیشتبوونە فێستیڤاڵەکە و نە توانیبووشیان بگەڕێنەوە دواوە. کە نیوەی شەویش گەشتبوونەوە سلێمانی، سێ خواردنگە گەڕابوون تا خۆیان و منداڵەکانیان لە برسێتی و تینوێتی رزگاربکەن. زۆر کەس بە پەندبوونی خۆیان و خێزانیان دەگێڕنەوە بەدەست فێستیڤاڵە بەرنامە بۆ دانەڕێژراوەکانی کوردستانەوە، بەڵام پاڵنەری چاولێکەریی زۆر بەهێزترە لەو وانانەی ساڵانی پێشوو وەریانگرتووە. هەمووان دوای قەرەباڵغی و چاولێکەریی دەکەون بەبێ ئەوەی بپرسن ئەمە سوودی بۆ من تێدایە یان نا، شوێنێک فێستیڤاڵی تێدابێت بەڵام نە جادە و بانی رێکوپێک بێت، نە شوێنی پشوودان و خواردن و خواردنەوە هەبێت لەسەر رێگەکەی و نە ئوتێل و شوێنی مانەوەی هەبێت چۆن دەبێت بە هەمان کەموکوڕییەکانەوە بەردەوامبێت؟ بۆچی خەڵکی بەشداربوو لەجیاتی ئەوەی هەمووان لە ریزی دوورودرێژی چاوەڕوانیی بێ ئەنجامدا رادەوەستن، ئۆتۆمبێلەکانیان لانادەن لە رێگەکە و خواردن و خواردنەوە و کاڵاکانیان نمایش ناکەن بەدرێژایی رێگەکە؟ بەم شێوەیە کەس تووشی ناڕەحەتی نایەت و ئەوەی حەزی کرد دەتوانێت بچێت بۆ شوێنی فێستیڤاڵ و ئەوەشی شتی خۆی کڕی و گەشتی خۆی کرد بەرلەوەی بشگاتە فێستیڤاڵ دەتوانێت بگەڕێتەوە، ئا بەمجۆرە هەلی کاسبی و فرۆشی زیاتر دەڕەخسێت و کەسیش لە گەشتەکە و ناوی فێستیڤاڵەکە ناسڵەمێتەوە. ئەگەر کێشەکە بەمە چارەسەر ببێت باشە، کێشەکە قووڵتر دەبێتەوە کاتێک هەموو شار و گوندێک چاو لەوەی دیکە دەکات و هەمووان لە هەوڵی دروستکردنی فێستیڤاڵدان کە تێچووی زۆری هەیە و تێچووەکەشی ناتوانێت دەربهێنێتەوە، کەواتە دەرگا بۆ دەرفەتێکی نوێی زەرەری ئابووری دەکەینەوە. هیچ پڕۆژەیەک لە دنیادا بەبێ دیراسەکردن و لێکدانەوەی ورد و درشتی ئەگەرەکان رێکناخرێت و ئامادەکارییش بۆ دۆخی نەخوازراویش دەکرێت، بە ئومێدی ئەوەی فێستیڤاڵ و چاولێکەریی کەمبکرێنەوە و پرۆژەکانی چاککردنی رێگەوبان و خزمەتکردنی گەشتیار و فێستیڤاڵوانان زیاد بکرێن، بەتایبەتییش ئەگەر فێستیڤاڵوانەکان بە مسۆگەریی سوودی ماددی و مەعنەویان بە ناوچە هەڵبژێردراوەکەی کوردستان گەیاند. با حزبایەتی و عەشیرەتگەری و ناوچەگەرێتی پاڵنەری فێستیڤاڵەکان نەبن، با کوالێتی بەرز و خزمەتگوزاریی گەیاندن بە هاووڵاتیان و سەردانیکاران ئامانجی دروستکردنی ئەو قەرەباڵغییە زۆر و زەوەندانە بێت، نەک دروستکردنی قەرەباڵغی بەتەنیا لەپێناوی قەرەباڵغیدا.
بۆئەوەی دەربچین لە قاڵبی کۆمەڵگەی رووکەشگەرا و بێ ناوەڕۆک، تکایە با چالاکییەکانمان وەک هەناری هەڵەبجە و گوێزی هەورامان ناوک پڕ  و ئاوداربن، وەک قەلی سێلیی دهۆک و ماستی هەولێر و هەنجیری تەقتەق و میوەی هیران و نازەنین تایبەت و وەک هەنگوینی قەندیل و نەوتی کەرکوک رەسەن و وەک خورمای خانەقین و خورما گوێزەکەی کەلار بەتام بن.

وتارەکانی نوسەر