کەژاڵ ئەحمەد 11:17 AM - 2026/10/19

 که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د

هەفتەی رابردوو لە راپۆرتێکی کەناڵ 8دا گوێم لە ژنێکی سەربەرز و رووسوور بوو کە وتی: «ئێمە لە هەڵەبجەی تازەوە سەعات (دووی شەو) دەردەچین بۆ پێنجوێن، کە دەگەینە  پێنجوێن بانگی بەیانیی دەفەرموێت ئیتر نوێژی بەیانی دەکەین و ناندەخۆین و سەعات (پێنجی بەرەبەیان) دەست دەکەن بە تەماتەڕنین. خاوەن کارەکە چەند باری بوێت ئەوەندە سندوقە تەماتەی بۆ دەڕنین. وتیشی: ״بەرهەمی خۆماڵی زۆر جوانە هەقە حکومەت نەهێڵێت تەماتەی وڵاتان بێتە کوردستان بۆئەوەی جووتیارەکانمان بەرهەمەکانیان خێر بکات״. دەمەوێت پێی بڵێم قووربانی دەم و لەبز و ئازایەتیت بم خانمی خانمەکان، ئەو ئازادییەی ساڵانێکە داوا دەکرێت بۆ ژنان تۆ بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆت و ماڵ و منداڵت پەیڕەوی دەکەیت، دووی شەو دەردەچیت بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان، ماوەیەکی دوور دەبڕیت لەگەڵ دەستەخۆشکەکانت و لە شارێکی تر لە باخێکی ئەم نیشتمانە تەماتە دەڕنیت، دواتریش هەمان رێگە دەبڕیت و لە پێنجوێنەوە دێیتەوە بۆ هەڵەبجەی تازە، دڵنیاشم کە ئیشی ماڵ و منداڵ چاوەڕێتن، ئەی خۆ دەبێت خواردنێکی گەرمیش بۆ خۆت و خێزانەکەت ئامادە بکەیت. یاخوا لەشتساغ و سەرت هێندەی چیاکانی کوردستان بەرز بێت، لەگەڵ سەری هەموو ژنێکی ئیشکەر و ماندووی کورد و هەموو جیهان. ئەم جۆرە ژنانە تابڵێی جێگەی دڵخۆشی و هەستکردنمانن بە بەهێزیی، بە پێچەوانەی ئەو ژنە بێ توانایانەوە کە وەک لەکە و شەرمەزاریی وان بۆ هاوڕەگەزەکانیان و بۆ رەوتی خەباتی ژنان، چونکە بەبێ خۆماندووکردن و بەبێ بەهرە و داهێنانێکی بەرچاو دەژین و ژنێتی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان، ساڵانێک لەمەوبەر بۆ گوزارشت کردن لەم بابەتە لە شیعرێکمدا وتوومە: «ئەوەی کە من بە نیوەی تەمەنم سەندم/ یەکێکیتر بە دەرخستنی لاسکی ستیانەکەی وەریگرت!»، ئەم داڕشتنەی لە دوو دێڕەکەدا هەیە، پێی دەوترێت کۆمیدیای رەش، واتە بە سوعبەتێک تاڵی و تاریکییەک دەستنیشان دەکەیت لە دەقێکدا، کە ئەم دێڕانە ئەو لاقرتی و گەپە تاڵ و تفتەن. باوەڕبکەن ژنانێک هەن شەرم ناکەن لە خۆماندوونەکردن بەڵام بەدەستهێنانی پارە، بێ توانابوون و گرتنی پلە و پۆست، خزمەت نەکردنی خەڵک و خۆپەرستیی زۆر. لەوانەشە سۆشیال میدیا و کۆمەڵگەی رووکەشگەرا بەوجۆرە کاری کردبێت کە ژنانی نابەرهەمهێن و نا نیشتمانیمان لە لا بکەن بە ئایکۆن و ئەستێرەی ساڵ، بەڵام باوەڕبکەن ئایکۆن و ئەستێرەی راستەقینە ژنانی وەک خاتوونە تەماتەڕنەکەیە نەک پارەسپیکەرەوەکانی دنیای سەرمایەداریی، با هەندێکیشیان ناسراو و دەنگخۆش و میدیاکار و یوتیوبەر و خاوەن براند و ژنانی سلیکۆنیشبن. لای ئێمە هەر ژنانی خزمەتکاری خاک و خەڵک ئەستێرەن.
دەزانم جیهانی مۆدێرنی کوردیش پێویستی بە وێنەی جیاواز لە ژنانی کارکەر هەیە، بەڵام بەو مەرجە ئومێدبەخش دەبێت ئەگەر حازرخۆری بەر سێبەر نەبێت. کاتی ئەوە هاتووە ئەو چاویلکە هەڵخەڵەتێنەرە لابەرین لەسەر چاوی خەڵکی کوردستان کە بەتەنیا کارەکتەرە شەریکی دزەکان وەک سومبول دەبینێت و ژنانی راستەقینەش تەسلیم بە نەبینین و گرنگیی پێنەدان دەکات. ژنانێکی پلیشاوەی چینەکانی ژێرەوەی مەینەتییەکانی ژیانی کوردەواریمان هەن کە وەک گەوهەری بەنرخ وان  و قەدری خاکەکەمان و بەروبوومەکەی دەگرن. مادام دەستە ماندووەکان لەسەر سکی تێرن، با چاوەماندووەکانی ئێمەش لەدەست بینینی دیمەنی دزێو با لەسەر دیمەنی ئەو ژنانە لەنگەر بگرێت کە بەرووبوومی رەنجی شانیان دەچنەوە.

وتارەکانی نوسەر