کەژاڵ ئەحمەد 10:58 AM - 2026/09/28

 که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د

بۆئەوەی بەباشی لە گۆڕانکارییە خێراکانی دنیا تێبگەیت، بەچاوی مشتەری سەیری خولیا و رەفتاری پیرەکان و منداڵەکانی نێو خێزانەکەت بکە، ئەو دوو ئاستە لە تەمەن کات و توانای وەرگرتنی کاریگەرییەکانی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیایان تێدایە، گەنجەکان و کامڵەکانیش بەشێوەیەکی گشتی دەچنە خانەی بەرهەمهێنەر و هەندێجاریش گەیەنەری ئەو پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییە بە پیرەکان و منداڵان، لەبەرئەوەی هیچ حوکمێکی لەسەداسەد راست نییە، بۆیە دەبێت بڵێین رووشدەدات لەو دوو ئاستی تەمەنەشدا بەرهەمهێنان و گەیاندن بکەن، بەڵام زۆرینە نین. لێرەوە دەمەوێت باس لە داهێنراوێکی چین بکەم لە بواری بەرهەمهێنانی درامای زۆر کورتدا کە تایبەتن بە شاشە زیرەکەکانمان، ئەم چیرۆکە ڤیدیۆییە چەند چرکەییانە کە سەرەتا لە چین سەریهەڵدا و ملیاران دۆلار قازانجی هەیە و ململانێی فیلمەکانی هۆلیود دەکات، لەم ساڵانەدا وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی میسر کار و بەرهەمهێنانی باشیان تێدا کردووە. مایکۆدراما چیرۆکی زۆر کورتی پەروەردەیین و کار لەسەر باری دەروونی دەکەن و لە دوو سێ چرکەدا بینەری شاشەی مۆبایل و ئایپاد و کۆمپیوتەرەکان سەرسام دەکەن.
چەند مانگێکە دایکم بەردەوام سەیری ئەو مایکۆدرامایانە دەکات، جار هەیە تەلەفزیۆنەکە لەسەر زنجیرە دڵخوازەکەیەتی کەچی کزی دەکات، سەیری شاشەی مۆبایلەکەی دەکات کە ئەو تەرزە خێرا و کاریگەر و پڕ لە پەند و زانیارییانەی لە درامایەکی چەند چرکەییدا پیشان دەدات.
لە دڵی خۆمدا دەڵێم ئای یادی ئەو رۆژانە بەخێر کە منداڵبووین و بەدیار فیلمێکی دوورودرێژی بەناوبانگەوە چەند سەعاتێک دادەنیشتین و لەگەڵ دایکم و باوکم و خوشک و براکانمدا سەیرمان دەکرد، کە ریکلامی ناو فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانیش داهات، هەمووان لە کاتی ریکلامەکاندا بڵاوەمان لێ دەکرد و هەریەکەو بەکارێکەوە سەرقاڵ دەبووین، دواتر دەگەڕاینەوە بەردەم تەلەفزیۆنەکە! کە ئێستا دەبینم دایکم سەیری مایکۆدراما دەکات لە مۆبایلەکەیەوە، لێی دەپرسم: ئەوە چیرۆکی ڤیدیۆیی کورتی لەو جۆرە چینییە، یان عەرەبییەت بەرچاوکەوتووە کوردی بێت؟ کە لە سەیرکردنی چیرۆکە چەند چرکەییەکە بۆوە، ئینجا وەڵامم دەداتەوە و دەڵێت: نەوەڵڵا وەک ئەمانەم نەبینیووە بەکوردی، هەندێک ڤیدیۆ دروستکراون منداڵێکە دوو قسە دەکات و لەخۆیەوە پێدەکەنێت، یان میوەکان لە شێوەی مرۆڤن و قسە لەگەڵ یەکتر دەکەن، بەڵام چیرۆکی وەک ئەمانە نین کە باسی کێشەی کۆمەڵایەتی دەکەن و چارەسەرەکەشی دەردەخەن.
ئەم قسانە باشبوون بۆ منێک کە نەکاتم هەیە سەیری دراما بکەم و نە رەتڵێک مایکۆدراما کە هەندێکجار بە زنجیرەی سێ چوار چرکەیی پێشکەش دەکرێن. دواتریش بەناو دنیای دیجیتاڵیدا گەڕام بۆئەوەی لەم هونەرە نوێیە جیهانییە تێبگەم، بینیم دنیا زۆر لەپێش ئێمەوەیە و کاری جددیشمان نییە لەم بوارەدا، بەڵکو زۆربەی ئەو ڤیدیۆ زۆر کورتانەی بە زیرەکیی دەستکرد بەرهەمهێنراون بە زمانێکی کوردی شێواو، بەبێ ئامانجی هونەریی و پەروەردەیی و کەلتووری دروستکراون. لەجیاتی ئەوەی وەک دایکم دڵخۆشبم بەو داهێنراوە نوێیەی بە زمانەکانیتر هەن، خەمی زمانەکەمان و ئاستی خۆمان لە جیهانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوودا سەرتاپای داگرتم، چونکە نەک لەگەڵ نەزمی خێرای جیهان و داهێنراوەکاندا خۆمان نەگونجاندووە و سوودمەند نەبووین، بەڵکو ئەوەی تێبینی دەکەین ئەوەیە کە بە کوالێتیی خراپ و بە مەبەستی فشقیات دروستدەکرێن، نەک بۆ خواستی پێشکەوتن و باڵابوون و خزمەتگەیاندن بە خەڵکی وڵاتەکەمان و جیهانیش.

وتارەکانی نوسەر