کەژاڵ ئەحمەد
کهژاڵ ئهحمهد
رێگەمەدە بتکەن بە پرد، بۆ گەشتن بە خەونەکانیان״، ئەمە دێڕێکە لە قەسیدەیەکی کچە شاعیرێکی هاوڕێم کە خەڵکی میسرە و یەکێکە لە دۆستەکانی دۆزی کورد. وەختی خۆی کە شیعرەکەیم خوێندەوە خۆویستییەکی راشکاوانەم لە دەربڕینەکەیدا هەست پێ دەکرد و جیاوازییەکم بینی لە بیرکردنەوەکانماندا، بەڵام هەر ئەم دێڕە کورت و سادەیە خستمیە بەردەم بیرکردنەوەیەکی ئەقڵانیی قووڵ و جودا لەوەی بەدرێژایی تەمەن دراوە بە گوێماندا و لەسەری پەروەردەکراوین. زۆر لە ئێمە بە پردیی لەدایکبوون و بە پردییش مردوون. تەنانەت ئێمە ئەو میللەتەین کە یەکێک لە نووسەر و سیاسەتمەدارە دیارەکانمان ناونیشانی «چۆن بووم بە پرد»ی بۆ کتێبی بیرەوەرییەکانی هەڵبژاردووە. ئەوە بیرەوەرییەکانی مامۆستا محەمەد ئەمین پێنجوێنی-یە کە بوون بە پردی سیاسی و ستراتیجی و کۆمەڵایەتی و سۆزداریی خۆمانمان بەبیر دەهێنێتەوە. ئەو پردانەی کەسەکان و دۆخەکان دەگەیەنن بە خەون و مەرامی خۆیان و هەندێکیشیان لە دوای هاتنەدی مەرامەکە لەیاد دەکرێن، یان دەتەقێنرێنەوە و دەڕووخێنرێن!
پرد دروستکراوێکی ئەندازیاریی پتەو و بەهێزە، بۆیە پەنای بۆ دەبرێت و بەکاردەهێنرێت، ئەوەی بیڕووخێنێت ئایندە دەڕووخێنێت لەبەرئەوەی ئیدی هەلی رزگار بوون و پەڕینەوەی دیکە و گەیشتن بە خەون و خولیای ئایندە لەگەڵ لەناوبردنی پردەکەدا لەدەست دەدات. مرۆڤی دووربین و ئاقڵ ئەو چڵەدارە نابڕێتەوە کە خۆی لەسەری وەستاوە. هەروەها ئەو دەستە نابڕێت کە بۆ یارمەتیدانی درێژکراور. ئازاری ئەو پردەی خیانەتی لێ کراوە بچووکترە لە ئازاری ئەو کەسەی ئایندەی خۆی لەگەڵ هەوڵی رووخاندنی پردەکان لەگۆڕ دەنێت. ئەو جیهانە ساویلکە و خۆشباوەڕەی سەدەی بیست کە بوون بە پردی بە شایستەی مرۆڤایەتی دەزانی و دەیکردە بەشێک لە مرۆڤبوون، لە سەدەی بیست و یەکدا پێچەوانەکەیمان پێ دەڵێت، تۆ بۆئەوەی مرۆڤ بیت دەبێت نەهێڵیت بۆ هاتنەدی مەرامی کەسانی دی بەکاربهێنرێیت چونکە بوون بە پرد جیاوازە لە هاوکارییکردن، هاوکاریی کردن بەهاناوەچوونی لێقەوماوانە، بەڵام بوون بە پرد یان پەیژە خەسڵەتەکانی خۆت لێ وەردەگرێتەوە بۆئەوەی بەرامبەرەکەت بگاتە ئەو مەنزڵ و مەقامەی هەوڵی بۆ دەدات و خەونی پێوە دەبینێت. لێرەدا پرسیارێکی رەوا سەرهەڵدەدات، ئەویش ئەوەیە: ئەی خەون و خولیاکانی خۆت چی؟ کە دەبیتە پرد یان پەیژە ئەی مافی خۆت و کەسایەتی و باوەڕ و حەزەکانت دەبەیت بۆ کوێ و دەیاندەیتە دەست کێ؟ گرنگە لەم سەردەمەدا کە راستەقینە و گریمانەیی، ژیریی رەسەنی مرۆڤ و ژیریی دەستکرد، واقیع و خەیاڵ ئاوێتەی یەکتر بوون ئەو راستییە لەیاد نەکەین ئەگەر لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرد و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیادا ببین بە پرد و پەیژە، لەوانەیە سەردەمی هیچ و پووچی بەسەرماندا بڕوات، یان بە باڵاماندا سەربکەوێت. ئەگەر رێگەنەدەین بکرێین بە پرد، ئەوا خۆمان لەو هەستە بەئازارە رزگار دەکەین کە ئەو کەس و لایەنانە رۆژێک لە رۆژان هەستیان پێکردووە، دوای ئەوەی هەمووانیان گەیاندۆتە ئامانج و خەون و بەرژەوەندیی خۆیان و سوپاسی چاکەی پردەکانیشیان نەکردووە، چونکە ئیشیان پەڕاندنەوەی کەسەکانە!