کەژاڵ ئەحمەد
کهژاڵ ئهحمهد
وێناکردنی ئەوروپا وەک بەهەشت بۆ ساڵانێکی زۆر، سەری بە هەزاران کەس هەڵگرت و وایکرد ماڵ و موڵکیان بفرۆشن و ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان بخەنە مەترسییەوە و شوێنی ژیان و ئایندەی منداڵەکانیان بگۆڕن، تەنانەت ژمارەیەکیان بوونە قووربانیی ئەو رێگەوبانە و تا ئێستاش لە هەواڵەکاندا دەیبیستین کە خەڵکانێک بە تایبەتی لە گەنجەکان بەردەوامن لە رۆیشتن بۆ رێگەی مردن و بوون بە قووربانی. لەدوای شەڕی ئۆکرانیا و زەقتریش لەدوای شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بەهەشتی ئەوروپا تەقەی تێکەوت و پشێویی یان نەخشەی پشێوییەکی مەترسیدار باڵی بەسەردا کێشاوە. بەزمەکە لە سەرەتایدایە و گۆبەندی بەهاری عەرەبی و پشێوییەکانی کوردستانمان بەبیر دەهێنێتەوە کە ژمارەیەک خەڵکی سڤیل کوژران و کەسیش خۆی نەکرد بە ساحێبی ئەو ناڕەزاییانەی منداڵیشی تێدا دەکوژرا بەناوی هێنانەدی مافی خەڵکەوە! لە کۆتاییشدا پلانەکە شکستی هێنا و سەرکەوتوو نەبوو، ئەوانەی خەڵکیان بە لێشاو دەهێنایە سەر شەقام بە کورسی و پۆستێک بێدەنگ دەبوون و هەراکەشیان دادەمرکاندەوە.
بۆئەوەی لە باسە سەرەکییەکەم دوور نەکەومەوە، دەگەڕێمەوە بۆ باسکردنی ئەوروپا و ئەو راووڕووتەی لە هەندێک لە وڵات و شارە بەناوبانگەکانی وەک فەڕەنسا و فرانکفۆرتی ئەڵمانیا و شوێنی دیکە روودەدەن، هەندێک وڵاتی دیکەیش ئامادەکاریی پێشوەختەیان کردووە و هاووڵاتیانیان ئاگادارکردۆتەوە وەک بەریتانیا. ئەگەر بپرسین کێ و چی خۆپیشاندانی خوێندکارانی خوندنگەیەکی فەڕەنسای فراوان کرد و کردی بە ناڕەزایەتی خەڵک لە مەعیشەتی خۆیان و پەلاماردانی دوکان و مەعیشەتی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین، بێگومان هۆکارەکە بابەتێکی سیاسی و پیلانێکی گشتگیری جیهانییە کە دەیەوێت سەر زەوی لە بێژنگی گۆڕانکاریی گەورە بدات و لەبەر بای ئەو گۆڕانکارییانە شەن و کەو بکات و بەروبووم بچنێتەوە. وا بەهەشتەکەی مرۆڤایەتی تەواو ناجێگیر و لەکەدار دەبێت، هەموو ئەو میللەتانەی لەتاوی شەڕ و برسێتی روویان لە ئەوروپای دیموکراسی و خاوەن سیستم و مافی هاووڵاتی کردووە، خەریکە نیگەرانیی دایاندەگرێت.
ئایا کێ و چی بەرپرسیارە لەوەی بەرد بخرێتە کانیاوێکەوە کە ساڵانێک پەناهەندە راکردووەکانی لەئامێزگرتووە؟ بە دڵنیاییەوە پەناهەندەی ئاسایی وێڵی دوای ماڵێکی ئارام و بژیوویی رۆژانە و ئایندەی مسۆگەرن، کەواتە ئەمانە کێن هەوڵی رووخاندنی شارستانییەتەکان دەدەن و بە رۆژی رووناک دزییدەکەن و رەفتاری تووندوتیژ دەنوێنن؟! پێدەچێت پاڵەپەستۆی سیاسی بن بۆ رەزامەندیی دەسەڵاتداران، یان لەوانەیە هێزە تووندڕەوەکان ئەو بەهەشتە ئەوروپییانەیان کردبێتە ئامانج کە سەد خۆزگە بە دۆزەخ، چونکە هیچ نەبێت لە دۆزەخدا دزەکان ناویان ناڕازی و شۆڕشگێڕ نییە. لێرەوە خەم لە خەونی بەشی زۆری کورد دەخۆم کە زۆریان بەخشیوە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا و هەندێکیشیان ئێستاش قاچێکیان لە ئەوروپا و یەکێکیان لە کوردستانە، تەنانەت پاسپۆرتە شنگنەکەشیان هەردەم لە گیرفاندایە. سەلامەتی بۆ مرۆڤایەتی دەخوازم لە هەموو شوێنێکی جیهان، لەدەست تەماعکار و دزەکانی سەردەمی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد.