کەژاڵ ئەحمەد 10:38 AM - 2026/10/12

 که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د

هەموو ساڵێک خەڵاتی نۆبڵ لە هەر بۆنەیەکی تر زیاتر سەرنجی وڵاتان و گەلانی دنیا بۆ خۆی رادەکێشێت و دەبێتە بابەتی سەرزمان و بن زمانی میدیاکان و شەقامی رای گشتیی. گومانی تێدا نییە کە سیاسەت نەخشی روون و کاریگەری لەسەر بڕیاری وەرگرتنی خەڵاتەکە هەیە بەتایبەتی لە بوارەکانی ئەدەب و خەڵاتی ئاشتی دا. ئەوەی لە رابردوودا بینیومانەوە و ئێستاش دەیبینین گەواهی بۆ ئاسایی نەبوونی بڕیاردان لەسەر براوەی خەڵاتەکان دەدەن. ئێمە بڵێین یان نەیڵێین خەڵاتەکە لەخۆیدا گرنگە، نموونەیەک لەسەر گرنگی ئەم خەڵاتە شێت و شەیدابوونی ترەمپ-ی سەرۆکی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە هەموو شتێکی هەیە خەڵاتەکە نەبێت، بۆیە خوازیارە خەڵاتی ئاشتی بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەوا ئەمساڵیش چاوی رەشی چاوەڕوانییەکانی کاڵبوونەوە و خەڵاتی ئەمساڵ درا بە ژنێکی دادوەر بەناوی ناڤی بێلای کە خەڵکی ئەفریقای باشوورە. کەواتە خەڵاتی ئاشتی ژنێکی رەشپێستی ئەفریقای برسێتی و شەڕ وەریگرت. خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبییش کە ئەمەیان گەورەترین رووداوی رووناکبیریی جیهانە، درا بە ئان کارسۆن کە خانمە شاعیرێکی کەنەدییە  و تەمەنی 79 ساڵە. ئەم خەڵاتە جیهانیانە بەتایبەتی نۆبڵ چەند ساڵێکە ئەوە دەدات بە گوێی جیهاندا کە سەرزەوی، جیهانی هاوبەشی ژنان و پیاوانە و ژنانیش وەک پیاوەکان لە پێشبڕکێی نیشاندانی توانای داهێناندا دەتوانن سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکەن. خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ لە بوارەکانی ئەدەب و ئاشتیدا بێجگە لەوەی باڵادەستی ژنانی کارامەیان خستۆتەڕوو لەوەش ئاگاداریان کردینەوە کە شیعر هێشتا «گەرووی جیهانە و لە رێگەیەوە هەناسەدەدات» وەک شاعیری گەورەی سوریا ئەدۆنیس دەڵێت، هەر بۆ ئاگاداریشتان ئەدۆنیسیش دەمێک ساڵە چاوەڕوانی ئەو خەڵاتە دەکات، یان بابڵێم خوێنەرەکانی ئەو نزایەی بۆ دەکەن. لێرەدا ئەو پرسیارە پێویستە کورد لە خۆی بکات ئەوەیە بۆچی وەک ئەو عەرەبانەی سەروەختی بڕیاردان لەسەر براوەکانی خەڵاتەکە هەڵڵایەک دروست دەکەن، کوردیش دەنگ هەڵنابڕێت و شایستەیی خۆی بۆ ئەو خەڵاتە دەرنابڕێت. ئێمە خاوەنی شێوەزاری جیاوازین و زمان و جوگرافیامان بەسەر وڵاتی دیکەدا دابەشکراوە هەر بۆیە هیچ کاتێک درەنگ نییە بە یەک دەنگ کەسایەتی شایستەی خەڵاتی ئاشتی بەرزبکەینەوە و بە یەک گەروو هاوار بۆ سەرکەوتنی بکەین، هەروەها بە هەموو زاراوەکان پشتیوانی یەک نووسەری کوردبین بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، چونکە بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە مانای سیاسی و کەلتوریی کاریگەری دەبێت و رەسەنایەتی نەتەوەییمان تۆختر بە جیهان دەناسێنێت، ئاوێنەش دەبێت بۆ گەلێک کە بەدرێژایی مێژوو بە پەرتەوازەیی ژیاوە. ئەوکاتە بۆ ئێمەی کورد گرنگ نییە پیاوێک خەڵاتەکە دەباتەوە، یان ژنێک، چونکە برینی ئێمە قووڵترە لە جیاوازیی رەگەزی، بەڵام خۆ ئێمەش گۆڕانکاریی بەسەر خەباتماندا هاتووە و لە هەندێک ناوەند و پێگەی گرنگدا دەبینین سەرزەمینە کوردییەکەمان ئاوێنەی هەوڵی هاوبەشی ژنان و پیاوانە و ئەو مافە سەرەتاییانەی وەک قەڵەمێکی ژنانە لە نەوەدەکاندا داوامان دەکردن ئێستا هاتوونەتەدی و هەوڵ بۆ ماف و شایستەیی باڵاتر بۆ ژنان کورد دەدەین، بێگومان بۆ هەموو مرۆڤێکی وڵاتەکەشمان بە هەموو تەمەن و رەگەز و رەنگ و ئایین و باوەڕێکی مرۆڤانەیانەوە هەوڵ دەدەین.

وتارەکانی نوسەر