کەژاڵ ئەحمەد
کهژاڵ ئهحمهد
یەکێک لە یاساکانی فیزیای گەردوونی ئەوەیە کە هەموو کارێک پەرچەکرداری هەیە، واتە هیج جووڵەیەک بەبێ دانانی کاریگەری و وەڵامدانەوە تێناپەڕێت. ئەو ژینگە دیجیتاڵییەی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا بۆ ژیانی مرۆڤایەتی فەراهەم کردووە ئەگەرچی ئامانج لێی هێنانی خۆشی و خۆشگوزەرانی نییە بۆ کەسەکان، بەڵام لە دەرئەنجامدا هەندێک جار پەرچەکرداری چاوەڕوان نەکراوی لێ دەکەوێتەوە. بەکارهێنانی ئامێر و ئامرازەکان بۆ دەستەبەرکردنی هۆیەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و یارییە بیانییە جیهانییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان کە هۆش و جەستەی هەرزەکارانیان داگیرکردووە و یەکێک لەوانە (پۆپجی)یە، هەروەها هەندێکیشیان لە چەند وڵاتێک قەدەغە کراون وەک یارییەکانی (رۆبلۆکس)، کە لە عیراقدا ماوەیەک قەدەغە دەکریت و دواتر بەمەرج لەگەڵ کۆمپانیای رۆبلۆکس بۆماوەیەک دەکرێتەوە و دووبارە قەدەغە دەکرێتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان بەتەواوەتی ئەو یارییەیان قەدەغەکردووە. کێشەکە لەوەدایە یارییەکانی رۆبلۆکس کەشێک دەخوڵقێنێت بەکارهێنەرە گەنجەکان هاندەدات بۆ نواندنی توندوتیژی و هەندێک جار خۆکوشتن و مەیدانێکی کراوەیە بۆ ئیستیغلال کردنی گەنجان، تەنانەت فێڵ لێ کردنیان لەکاتی کڕینەوەی یارییەکاندا.ئەم یارییە کە هاوبەش و یارییکەری بێشوماری هەیە لە سەرتاسەری جیهاندا، لە ملیۆنان یاریی پێکهاتووە کە ئەوانە دروستیان کردووە یاریی رۆبلۆکس دەکەن، مەترسییەکەش ئەو کاتە دروست دەبێت کە هەرزەکارەکە دەتوانێت مایک بکاتەوە و بە ئۆنلاین یاریی لەگەڵ خەڵکی نەناسدا بکات لەوانەیەشە گەورەیەک بێت و خۆی کردبێت بە هاوتەمەنی کوڕ یان کچە گەنجەکەی ماڵەکەت، یارییەکە ئۆنلاینە و لەوێدا جۆرەها جنێو دەدرێت و قسەی نەشیاو بە یەکتر دەڵێن، خۆ ئەگەر هەرزەکارەکە ناونیشانی تەواوەتیی خۆی دانابێت لەوانەیە ئەو ناسینی ژمارە زۆرە لە خەڵکی نەناس سەربکێشێت بۆ دنیای دەرەوەی یارییەکە و دایک و باوک هیچ کۆنتڕۆل و چاودێرییەکیان لەسەری منداڵ، یان هەرزەکارەکەیان نەبێت. کەواتە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین یارییەکانیش تێیدا هەر وەک یاریی ئاسایی نامێننەوە، بەڵکو وەکو درزی هاتنە ناو ژیانی پارێزراوی خێزانەکان بەکاردەهێنرێن. ئەگەر جاران هاوڕێی منداڵ، یان هەرزەکارەکەت لە دەرگای دەدان و تۆ رەفتار و ئاکاریت بەدڵ نەبووبێت وتووتە لە ماڵەوە نییە، ئێستا هەرزەکار، یان منداڵەکەت بەهۆی یارییەکی ئەلکترۆنییەوە بە ڤیدیۆیەکی ئۆنلاین لەگەڵ باش و خراپ «کڵاویان تێکەڵ دەبێت» واتا بەیەکدا دەدەن، یان دەمەقاڵێ دەکەن و قسەی خراپیش بەیەکتر دەڵێن، روویداوە یەکتریش هاندەدەن بۆ زیانگەیاندن بە خەڵک یان بە جەستەی خۆیان. بێگومان ئەو چیرۆکە تراژیدیانەشمان بیستووە کە یارییەکە بۆتە هۆی خۆکوشتنی هەرزەکارەکان.
سەختترین ئەرکی سەرپەرشتیارانی خێزان ئەو کاتانەیە کە شتێکی زۆر خراپ بۆ سەلامەتی و ئاسایشی خێزان و کۆمەڵگە دەبێتە مۆدێل و ملیۆنان بەکارهێنەریش گرنگی پێ دەن، وەک ئەم جۆرە یارییانە و وەک مەعیدەبڕن و چەوریی دەرهێنانی سک و هەڵواسینی پەراسووەکان! وەک ئەو بۆتۆکس و فیلەرە خۆماڵییانەی هێندە ناشارەزایانە کراون هەندێ دەموچاویان گۆڕیوە بە عیبرەت، وەک نەشتەرگەریی لووت و سنگ و هتد. سەیرنییە زیاتر لە نیوەی مەملەکەتەکەمان پێویستیان بە جوانکاریی هەبێت؟! سەیرنییە کەس بەجوانیی لەدایک نەبووبێت؟ بۆچی کەس لە مەترسیی نەشتەرگەرییەکان ناسڵەمێتەوە، بەڵام لە چاوی خەڵک دەترسن و دەیانەوێت جوان دەربکەون، کەواتە هەمووان لە یەکتر دەترسین نەک لە مەترسی لەدەستدانی تەندروستی یان ژیانمان.
لە کۆتایشدا ئەوەی شایستەی سڵەمینەوە و گرنگیی پێدانە ئاگاداربوونە لە دەروونی هەرزەکاران و مرۆڤ بەگشتی لە سەردەمی دیجیتاڵدا، ئەوەی گرنگە ژیان و ئاسایشی خۆمان و خێزان و کۆمەڵگە و وڵاتەکەمان و هەموو جیهانە، نەک رووکەش و توێکڵی بریقەداری سەدەی بیست و یەک کە سەردەمی سەرمایەداریی جیهانییە.