ساڵێك لەمەوبەر واتە هاوینی پێشووتر چاندنی برنج ( یاخود مەرەزە) لەگەرمیان قەدەغەكرابوو و بەرهەمی برنج بەتەواوەتی كەمبووبووەوە، ئەمەش بەهۆی بێ بارانی و كەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاوی رووباری سیروان، چونكە مەرەزە بڕێكی زۆر ئاوی پێویستە.
زستانی ئەمساڵ و ئەم هاوینە دۆخەكە جیاواز بوو بارانی زۆر زەوییە كشتوكاڵییەكانی بووژاندەوە جووتیاران زەوییەكی فراوانتریان لەساڵان بەمەرەزە چاند. ئەمساڵ جووتیاران چاوەڕوانی بڕێكی باش بەرهەمی برنج دەكەن، داواشدەكەن حكومەتی فیدراڵ بەرهەمەكەیان لێوەربگرێت و لەگەڵ بەشە خۆراكی مانگانە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشی بكات..
لەم گرافیكەدا بڕی برنجی بەرهەمهاتووی ئەمساڵی گەرمیان دەخەینەروو:-
بەرهەمی برنجی گەرمیان
- ڕووبەری زەوی چێندراو: 6532 دۆنم زەوی : ئەمساڵ تەنها لەگەرمیان 6 هەزار و 532 دۆنم زەوی كراوە بەمەرەزە، واتا بە برنج داچێندراوە، پرۆسەی گۆڵبڕین و چاندنەكە لەناوەڕاستی وەرزی بەهارەوە دەستیپێكردووە، ناوەڕاستی وەرزی پایزیش جووتیاران بەرهەمەكانیان دەدورنەوە.
- بڕی بەرهەمی پێشبینیكراو: 4572 تۆن برنج : جووتیاران چاویان لەوەیە بەرهەمی ئەمساڵیان بەراورد بەساڵی رابردوو زۆر زیاتر بێت. چونكە لەهاویندا ئاودێرییەكی باشی مەرەزەكانیان كردووە.
- ژمارەی گوندی بەشدار چاندنی برنج: 52 گوند : ئاوی رووباری سیروان سەرچاوەی سەرەكی ئاودێری برنجی گەرمیانە، بەگشتی ئەو گوندانەی دەكەونە سەر رێرەوی ئاوەكە بەپێی شیاوی خاكەكەیان بەبڕی جیاواز برنجیان تێدا دەچێندرێت.
- ژمارەی جووتیارەكان: 646 جووتیار : ساڵی رابردوو ژمارەیەكی زۆر لەو جووتیارانەی گەرمیان كەپشتیان بەچاندنی برنج دەبەست بێ بەرهەم بوون، بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە 646 جووتیاری سنوورەكە بەتامەزرۆییەوە چاوەڕوانی دروێنەكردنی بەرهەمەكانیان دەكەن