کەژاڵ ئەحمەد
کهژاڵ ئهحمهد
بیرێکی باو هەیە لە بواری ناساندنی ئەرکی میدیادا کە پێی وایە راگەیاندنەکان ئەستێرەی بوارە جیاوازەکان بەهۆی دیدار و رێپۆرتاژ و راپۆرت و وتارەکانیانەوە دروست دەکەن. هەر ئەم تێڕوانینە هەڵەیە وادەکات هەندێک کەس داوابکەن میدیا چی دیکە خەڵک گەورە نەکات! نەمبیستووە کەسێک ئەو باسەی شەن و کەو کرد بێت، کە میدیا کاری بچووک و گەورەکردنی کەس و شتەکان نییە، بەڵکو هەر دەرخستنیانە. ئەم باسە گرنگیی پێ نەدراوە، چونکە زۆربەمان وەک یەکێ لە باوەڕە نەگۆڕەکان، بەبێ لێکدانەوە دوای بۆچوونەکە کەوتووین. ئەگەر عەبدولڵا گۆران بە نموونە وەربگرین و بپرسین ئایا کام رۆژنامە، گۆڤار و تەنانەت سۆشیال میدیا و ئەی ئای-یش دەتوانێت شاعیرێکی تازەگەری شیعری کوردی وەک گۆران دروست بکات ئەگەر خۆی خاوەنی توانا و هێزی بوون بە رابەری شیعری نوێی تێدا نەبووبێت؟ راستە یەکەم دیوانی ئەم شاعیرە، عەلائەدین سەجادی بۆی چاپ کردووە، بەڵام ئەم کارەی بۆ هەر شاعیرێکی کەم بەهرە و ناتازەگەر بکردایە، ئایا هەر وەک گۆران بەناوبانگ دەبوو؟ کێ نالی کرد بەو ناوە گەورەیە، میرانی بابان، یان لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەکانی عەبدولکەریمی مودەڕیس؟ بێگومان بەتەنیا هێزی نەرمی داهێنانەکانی خۆی کردیان بەو نالی-یە. ئەوەی کەسایەتی و دەزگاکانی چاپ و میدیاکان دەیکەن بەتەنیا ناساندنە و خستنەڕووە. خۆ ئەگەر هیچ چاپخانەیەکیش رۆمانەکانی گارسیا مارکیز، یان ئێزابێل ئەلەندی، یان شیعرەکانی مەستوورە، یان شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی-یان چاپ نەکردایە ئەوان هەر بەهرەمەند و نووسەری گەورە دەبوون و هەن، کەواتە ناوەندەکانی چاپ و کەسایەتییەکان بەتەنیا ئامرازەکانی ناساندن و تیشکخستنەسەر توانا ناوازە و گەورەکانن، هیچ رۆڵێکیان نییە لە هەقیقەتی کاریگەربوون، یان نەبوونمان بەو بەرهەمانە. کەواتە گەورە هەر گەورەیە ئەگەر پەنجەکانی تۆ ئاماژەی بۆ بکات یان نا، بچووکیش بە گەورەکردن قەبارەی زیاد لە توانا و ئاستی خۆی وەردەگرێت و لە ئاکامدا بە کەمترین زەبر دەتەقێت. راستەقینەکان بەهێزن و رەگیان بەناو مێژووی کۆن و ئایندەدا درێژدەبێتەوە و رۆدەچیت. هەر میدیایەک بە سۆشیال میدیا و ئەی ئای و هەرە تەکنۆلۆژیا پێشکەوتووەکانیشەوە، ناتوانێت کەسایەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، رووناکبیریی، فێمنیستی، نووسەری داهێنەر دروست بکات کە لە بنەمادا ئەو توانایەی نەبێت، تەنانەت زیرەکیی دەستکرد کار لەسەر بەرهەمی داهێنەرە گەورە و راستەقینەکان دەکات و بەرهەم و قسە و بیرکردنەوەیان کۆدەکاتەوە و دەیانبەخشێت بە ناشییەکی تەمبەڵی ئەم رۆژگارە، کە تواناکانی نووسین و داهێنان و بیرکردنەوەی سنووردارن. ئەمە سیمای ئەمڕۆی دنیای نووسین نییە، چونکە کانگە رۆشنەکانی نووسین و بیرکردنەوە و داهێنان هێشتا بەردەوامن لە بەخشینی خوێنی نوێ بە شادەمارەکانی ژیانی رۆشنبیریی بە هەموو جیهان، تەنانەت بە زیرەکیی دەستکردیش.
کورد دەڵێت: زێڕ لەناو قوڕیشدا بێت هەر زێڕە، واتە مەرج نییە ببریسکێتەوە بۆ ئەوەی بزانین ئەوە زێڕە و یەکێک لە خەسڵەتەکانی بریسکانەوەیە. ئەوەی میدیا دەیکات دروستکردنی داهێنان نییە لە کەسایەتی و بەرهەمەکانیاندا، بەڵکو ناساندنیەتی بە چاو و گوێ و لووت و هەستەوەرەکانمان، حوکمی کۆتاییش میدیاکان و سۆشیال میدیا و ماس میدیا نایدەن، بەڵکو خوێنەر و وەرگر و بینەرەکان ئەو بڕیارە دەدەن کە ئەمە زێڕی راستەقینەیە، یان لەگەڵ مس و تەنەکەدا تێکەڵ کراوە. خۆ راستە مس و تەنەکەش کانزای بەنرخن و پێویستن، بەڵام بێگومان زێڕ نین، بۆیە دەبێت ئەرکی میدیا ناساندنی هەریەکەیان بێت بە پێی ئاستی خۆیان، خۆ ئەگەر ئەوەش نەکات بێگومان ناتوانێت هیچیان بکات بەوی تریان.