کەژاڵ ئەحمەد 10:21 AM - 2026/09/07

 

جوانکاریی یەکێکە لە خەسڵەتە خۆڕسکەکانی مرۆڤ، سەرەتا لە شانە و ئاوێنە و هەندێک کەرەستەی سادەوە دەستی پێکردووە کە لە باخەڵی  ژنان و پیاوانیشدا بووە، دوایی بووە بە هەلێک بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە بەدەست سەرمایەدارانی جیهانەوە کە ملیاران دۆلاری لێ قازانج دەکەن و کچان و ژنان قووربانیی سەرەکی و یەکەمی ئەو کاسبییە چەورەن. پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و رەواجپێدانی نەشتەرگەریی جوانکاریی بە تەرز و شێوەی ئەستێرە ناسراوەکانی هۆلیود، یان هونەرمەندانی عەرەب، لە رێی سوشیال میدیاوە چۆتە ناو خوێنی گەنج بەر لەپیر، نەخوێندەوار بەر لە خوێندەوار، ئەوەی ناڕێکیی تێدانییە بەرلەوەی کە ناڕێکیی زکماکی و تەندروستی هەیە. جوانکارییەکان لە خوویەکی مرۆییەوە بوون بە مۆدێل وچاولێکەری وخوویەکی هەمیشەیی ومتمانە نەمان بە خود وەک ئەوەی کە هەیە و وەک ئەوەی کە خوا خەڵقی کردووە. لە ئەڵقەی پێشووی گۆشەی (هێزی نەرم)دا باسم لە کۆیلایەتی بۆ ریکلام کرد، لەم گۆشەیەدا نموونە لەسەر کۆیلایەتی بۆ ریکلام درێژە پێدەدەم و باس لە ژنان و کچانی قووربانیی ریکلامی ماشینە زەبەلاحەکەی سەرمایەداریی دەکەم. لەوانەیە بیستبێتتان، لە گەڕەکێکی میللی لای خۆمان دایکێکی گەنج لەگەڵ هاوسەر و چوار منداڵەکەیدا دەژیان، هاوسەرەکەی کارگوزارە و کرێچیشن. ژنەکە نەشتەرگەریی هەڵواسینی پەراسووی و لابردنی چەوریی ورگی دەکات و لەژێر نەشتەرگەرییەکەدا دەرناچێت، لەبەر تەنگەنەفەسی دەمرێت. زۆربەداخەوە منداڵەکانی بێ دیک دەبن. ئەم چیرۆکە هەم ناخهەژێن و هەم سەیریشە ئاخر ئەو ژنە داماوە لە ژینگەیەکی وادا کە باسمکرد، لەشولاری وەک نمایشکارانی جلوبەرگ، یان ئەکتەرەکانی هۆلیودی بۆچییە؟!
بێگومان چەندین چیرۆکی لەمەش ناخۆشتر لە کوردستان و عیراق و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روویانداوە و بەردەوام روودەدەن. کاری رێکخراوەکانی ژنان و قەڵەمی نووسەران و ئەکادیمستەکان هەر ئەوەنییە کۆمەڵگەکەمان بە پێشکەوتوویی و رووکەشی دەرەوەی کۆمەڵگەی ئەوروپی و ئەمریکی و هەر بیانییەکی دنیا بچووێنن، بەڵکو ئەرکیانە باوەڕ و متمانە بەخۆبوون لە کەسایەتی ماددی و مەعنەوی خەڵکی وڵاتی خۆیاندا بچێنن. گرنگە بە کچێکی تازەپێگەیشتوو بڵێین تۆ جوانیت، ژیریت، بەتوانایت، خۆتت خۆشبووێت و دڵنیابە نەک کەمترنیت لە هەر کەسێک لە جیهاندا، بەڵکو لە دانسقە و بەهێزەکانی جیهانیت. دەبێت ژن فێربکرێت کە خاوەنی جەستەی خۆیەتی و جەستەی ئەو هەر بۆ رازییکردنی پیاوان نییە. بە ژنەکان بوترێت رووخسار و جەستەت بکەیت بە رووخسار و جەستەی هەیفا وەهبی و نانسی عەجرەمیش کە پیاوەکەت ویستی لەسەربێت هەم پەیوەندیی دەرەوەی زەواج دروست دەکات و هەم بۆشی هەیە چوار ژن بهێنێت. کەسایەتی کچان و ژنان ئەو زەوییە بەپیتەن کە بەرهەمی باش دەدەن بەدەستەوە و بینای بەهیزیان تێدا بنیات دەنرێت ئەگەر لەرزۆک و فشۆڵ نەبن. کەواتە چۆن دڵخۆش دەبین بە رەگەزێک کە خاوەنی کەسایەتی و جەستەی خۆیشی نەبێت؟!
بۆئەوەی ژنانێک بۆ ئایندی وڵات ئامادەبکرێن واباشە متمانە بەخۆبوون لە رێگەی بەرنامەکانی پەروەردەوە بچەسپێنرێت و پێشبڕکێی بە بووکەڵەبوون و کەسایەتی بەکاربەری بێ بەرهەم و دەستکەوت لەناو هەردوو رەگەزدا کەمبکریتەوە، یان نەهێڵرێت.

وتارەکانی نوسەر