کەژاڵ ئەحمەد
ئەو شارەی کامەران موکری شاعیر ناوی نا (شاری هەڵمەت و قووربانی) و زۆربەی شەقامەکانی بەناوی شاعیران و مونەوەرانەوەیە، ئەو شارە پارکەکانی ئاوەدانن بە پەیکەری گەورە ژنان و پیاوانی و ئەو شارەی بەعس پێی دەوت (مدینە صعبە)، ئێستاش هەر سەرسەخت و رام نەکراوە و بەکەسیش رام ناکرێت، ئەو شارە خاوەنشکۆ سلێمانییە، شاری منداڵی و هەرزەکاری و ئێستا و ئایندەمان. هەموو کەسێک شانازیی دەکات رۆژێک لە سلێمانی ژیابێت و بەرەکەت، یان تەنانەت نەفرەتی ئەو شارە کوردستانییەشی بەرکەوتبێت وەک زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکان و کەسایەتییە دۆست و نەیارەکانیش. ئەوەی وادەکات سلێمانی تایبەت بێت ئەوەیە کە مێژووی دەستنووسە دێرینەکان و زۆریی ژمارەی هەرە داهێنەرە کاریگەرەکانی بواری ئەدەبیات و داهێنانی ئەدەبیی لە مێژووی ناوچەکەدا گەواهی بۆ بڵندیی پێگەی رۆشنبیریی و کەلتووریی شاری سلێمانی دەدەن، پێگەیەک کە نە بە زوڵم و زۆری داگیرکەران و نەبە فیتی نەیاران هێندەی گەردێک لە شکۆی کەم نەبۆتەوە و هەر بە رووگەی سیاسەتی کوردانە و قیبلەی دڵی کوردبوون ماوەتەوە. ئازیزان بە ئێستا تێمەکەون کە شکۆی دەستکرد و ناڕاستەقینە بە پارە دەکڕدرێت، بگەڕێنەوە بۆ یادەوەرییەکانی ئەو ساڵانەی ئەم شارە لە هەموو بوارەکاندا پێشەگ بوو، بەداخەوە ئێستا پێشەنگیش دەکڕدرێت، وەک شێخ رەزای تاڵەبانی باسی ئەو سەردەم و زەمانە دەکەم کە «سلێمانی دارولمولکی بابان بوو، نە مەحکومی عەجەم، نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو»، باسی کاتێک دەکەم حکومەتی هەرێم دەستی نەخستبووە بینی سلێمانی بە قەستی خنکاندنی و جیاوازیی نەدەکرد لەنێوان شارەکاندا، باسی زەمانێک دەکەم میدیاکانی یەکێتی لە لووتکەدا بوون و میدیاکاری راستەقینەیان دروست دەکرد، نەک ئێستا کە ئەوەی سلێمانی دروستی کرد بە پارە برا و کڕدرا. باسی سلێمانییەک دەکەم لە نەورۆزدا پێشەنگی شارەکان بووە لە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و سروودە لەیادنەکراوەکەی پیرەمێری نەمردا. مێژووی ئەدەبی و هونەریی شارێک بە سامان و فرتوفێڵ ناکڕدرێت هەربۆیە سلێمانی (شاری داهێنەری ئەدەبی)یە کە یونسکۆ ئەو نازناوەی پێداوە. هەر شارێکیش لە کوردستاندا بە هەر نازناوێکی باش بناسرێت بێگومان جێگەی شانازیمانە.
شارەکەی حەپسەخانی نەقیب لەگەڵ یادی دامەزراندنیدا شایستەی ئەوەیە باس لە ئامێزگرتنەوەکەی بۆ مەستوورەی ئەردەڵانی بکرێت، سەروەختێک کە بە ئاوارەیی، دوای رووخانی ئەمارەتی ئەردەڵان هاتۆتە سلێمانی و هەر لەم شارە بەخاکسپێردراوە. لەگەڵ دامەزراندنی شاری شاراندا ناکرێت باسی یەکەم قوتابخانەی کچان و رێکخراوی ژنان نەکەین کە بە هەوڵی حەپسەخان دامەزراون. شارەکەی شێخ مەحموودی حەفید کە یەکەم حکومەتی کوردیی لە باشووری کوردستان خستە سەرپێ و هەنگاوی بۆ سەربەخۆیی دەنا. شارە سوورەکە بە خوێنی شەهیدان، شاری ناڕەزایەتییەکان، شاری هەزاردەرد و هەزاران دەرمان، ئەو شارە قارەمانەی ئەمنەسوورەکە و شوورای بەعسی رووخاند، سلێمانییەک کە ئێستا جیهان رادەکێشێت و بە کەسایەتییە بەهێزەکەی سەرسامیان دەکات، ئایا ئەم شارە لە یادی دامەزراندنیدا شایستەی رەخنە لێگرتنە، یان ستایشکردن؟ شایەنی ئازاردانە، یان هاوکاریی کردنی لە پێشکەش کردنی جوانی و داهێنان و پێشەنگیی زیاتر؟!