کەژاڵ ئەحمەد 11:37 AM - 2026/08/17

رۆژی شەممە لە رێی زوومەوە کۆڕێکی ژنانی نووسەری ناوەندی پێنی کورد (کۆمیتەی باشووری کوردستان)م بەڕێوەبرد، کە چوار خانمی پەنێلستی بەتوانا تیایدا بەشداربوون و پەنێلەکە بە بەشداریی ژنان و پیاوانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و دیاسپۆرا دەوڵەمەندتر بوو. تەوەرە سەرەکییەکە (زمانی دایک و پەروەردە)بوو، تێیدا باس لە پەروەردەی نوێ و کێشەکانی ئەو بوارە و کاریگەرییەکانی زمانی دووەم لەسەر تاکی کورد لە دەرەوەی وڵات و ناوخۆی وڵاتیش، کرا. ئەوەی دەمەوێت بیکەمە بنەمای ئەم نووسینە، تەنیا خستنەڕووی تەوەرە چڕوپڕەکانی ئەو دانیشتنەی ژنان نییە کە لەبەردەم شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانیان هەریەکە و باسێکی گرنگیان پێشکەشکرد، بەڵکو ئەو دەرئەنجامەیە کە وەک بروسکەی پێش باران، شوێنەکان رووناک دەکاتەوە و دایشمان دەچڵەکێنێت. ئەگەر پەروەردە کۆنەکەی منداڵانی کورد بەتەنیا هەر زانیاریی بەخشین بووبێت پێیان هەندێک جار بەبێ تێگەیاندنیان، کە وەک تووتی وتوویانەتەوە، ئەوا پەروەردەی نوێ جەختکردنەوەیە لەسەر کاریگەریی دانان لەسەر  کەسایەتی منداڵان و دروستکردنیانە بە پەروەردەیەکی ژیانیی و سادە کە نیگەرانی و پشێوی لە یادگەی منداڵانی خوێندنگە و دواتر خوێندکارانی پێگەیشتوو، هەروەها خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگەکاندا دروست نەکات. پەروەردەی نوێ لە خەیاڵ دووردەکەوێتەوە و لە هەوڵی دروستکردنی کەسی واقیعی و  لە ئاستی گۆڕانکارییەکانی دنیادا، دەبێت. کۆمەڵگەی هاوچەرخی کورد پێویستی بەو هەموو خاوەنی بڕوانامە، بەڵام تێنەگەیشتووە لە بنەماکانی خزمەتگەیاندن بە ژینگەی وڵاتەکەی و تەندروستی خۆی و دەوروبەری و نەوەکانی ئایندە، نییە. ئەو پسپۆڕە گرنگیی نەدەرانەی بۆ چییە کە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و ئایندەی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی خۆراک بەهەند وەرناگرن و وەک خەڵکی دەڵێن: «هەر خەریکی گیرفان پڕکردنن». ئەوان هەزار قەیران لە وڵاتەکەیاندا رووبدات نەک هەژارێکی هاوزمانی خۆیان بەبێ بەرامبەر چارەسەرناکەن، نرخی چارەسەر هەر بەگرانیی دەهێڵنەوە.پەروەردە نابێت بمانگەیەنێتە خاڵێک هەم زمانەکەمان لەبیربکەین و هەم هاوزمانەکانمان. راستە ئەگەر ئەو نەوە نوێیەی تازە پێدەگات زمانی بێگانە نەزانێت و شارەزایی لە تەکنۆلۆژیادا نەبێت کاری دەستناکەوێت و لە ماڵەوە بێکار دەمێنێتەوە، ئەو کاتەش بە تەنزەوە پێی دەڵێن «بڕۆ با زمانی دایکت نانت بۆ پەیدا بکات!» بەڵام نابێت ئەم پەستانە ئابووری و شارستانییە ئەوەمان لەبیربباتەوە کە ئەوەی زمانی دایکی بەباشی نەزانێت و کەلتور و ناسنامەکەی تێیدا روون و بەرجەستە نەبن، دەبێتە کەسایەتییەکی بێ هێز و شکستخواردوو، بە زمانی ئینگلیزیی و عەرەبی و زانینی تەکنۆلۆژیا ئیشمان دەستدەکەوێت، بەڵام ناتوانین درێژە بەو کارەبدەین و سەرکەوتووبین، بەبێ زمانی کوردی و کوردبوونمان. پەروەردە نابیت بەتەنیا هەر فێربوونی زیندەوەرزانیی بێت بەبێ چاندنی خۆشەویستی بۆ زیندەوەران، هەر زانیاریی جوگرافیا بەس نییە بەبێ تێگەیشتن لە جوگرافیای نیشتمانەکەمان و بایەخی زێدی خۆمان وکاریگەریی جێۆسیاسی لەسەر ئایندەی نەتەوەکەمان. زمانی کوردی هەر رێنووس و گرامەر نییە، ناسنامەیە. لە پەروەردەدا زانیاریی رووت بەبێ کاریگەریی دانان مرۆڤی بێ ئینتما و بڕیارنەدەر دروست دەکات و کەلێنێک دروست دەکات دواتر کەسانی ناپەروەردەیی، یان کڕدراوی وڵاتانی تر بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان پڕیدەکەنەوە. پەروەردە بنیاتنانە بۆیە لە پەروەردەی نوێدا منداڵان و فێرخوازانتان فێری خۆشویستنی زمانی دایک و بەفیڕۆنەدانی نیعمەتەکانی خوا و هەستکردن بەئازارەکانی سروشت و خەڵک بکەن.

وتارەکانی نوسەر