کەژاڵ ئەحمەد
کهژاڵ ئهحمهد
لەم رۆژانەدا وتارێکم خوێندەوە بەناونیشانی «خوێندنەوە لەژێر باڵادەستیی کۆیلایەتیدا بۆ ریکلام»، نووسەر باسی لەو خوێنەرانە دەکرد کە بوونەتە کۆیلەی ئەو ریکلامانەی بۆ هەندێک کتێب و نووسەری دیارییکراو دەکرێن، کە ئەمەش رێگە لە خوێنەر دەگرێت بە گومان و حەزی زانینی تایبەت بە خۆیەوە دەست بە خوێندنەوە بکات، نەک یەکێکی تر لەجیاتی ئەو پوختەکەی پێ بڵێت و حوکمیشی بەسەردا بدات، چونکە لێرەوە ئیرادە و خواستی خوێنەرەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت و وەک جۆرێک لە کۆیلایەتی بەدوای بابەتەکەدا دەڕوات، نەک بە خواستی ئازادانەی خۆی.
بابەتەکە سەرنجی راکێشام بەتایبەتی لەو شوێنەدا کە وتەیەکی فلۆبێر دەهێنێتەوە کاتێک بە کچەکەی هاوڕێی دەڵێت: «بخوێنەرەوە بۆ ئەوەی بژیت»، کەواتە ئەوەی دەستدەخاتە خواستەکانمانەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەو کتێبەی پێویستە بیخوێنینەوە، یان ئەو کتێبەی پێویستە بەنەفرەتی بکەین، هەردوو هاندانەکە وەک دەستتێوەردان لە ژیانمان وایە. ئەوەی هۆشمەندەکانی کۆمەڵگەکەی ئێمەی پەست و بێزار کردووە ئەم جۆرە لە کۆیلایەتییەی ریکلام بۆ کتێب یان هەڵمەتی دژایەتیی کردنی نییە، بەڵکو ئەو ریکلامە سەیر و سەمەرانەی کەناڵە ئاسمانیی و تەلەفزیۆنەکانە بۆ برنج و دایبی! هەروەها بۆ زنجیرە دۆبلاژکراوە زمان سەقەتکارەکانیان. لەم ماوەیەدا لە دوکانێک پێداویستی ماڵەوەم دەکڕی، گوێم لە ریکلامێک بوو خانمەکە دەیووت «با پەڕێکی نوێ هەڵبدەینەوە»، خۆم پێنەگیرا و پێکەنیم، خانمێک لە تەنیشتمەوە وتی یەک مانگە ئەم پەڕە لەو کەناڵەوە هەڵدەدەن بەڵام نازانین پەڕی مریشکە، یان باڵندە. ئایا کەسێک نییە پێیان بڵێت ئەو پەڕە بکەن بە لاپەڕە، یان پەڕە ئیدی گرنگ نییە هەڵیبدەنەوە یان نا. خوا بەوە رەحمی کردووە منداڵان بە دنیای خۆیانەوە سەرقاڵن و سەیری تەلەفزیۆن و کەنەڵەکان ناکەن، دەنا خوێندکاران بە مامۆستاکانیان دەوت چەند پەڕ لەبەربکەین، یان دەیان وت پەڕێکی دەفتەرەم دڕاوە! خەمی پەروەردەکاران و زمانزانە پسپۆڕەکانمان ئەوەیە منداڵی کورد لە زمانی دایک دووربکەوێتەوە و زمانی دووەم کە ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی یان فارسی جێگەی بگرێتەوە، بەڵام وا خەمی زمانی شێواوی ریکلامە کوردییەکانیشی هاتەسەر، کە دەبێت لە کاتی ریکلامەکانی کەناڵەکاندا منداڵان لەو ناوە دووربخەینەوە، گەورەکان خۆیان دەزانن پەڕە یان لاپەڕە هەرگیز پەڕ نییە، بەڵام مناڵەکان وەکو خۆی وەریدەگرن وادەزانن ئەوە دەربڕینە راستەکەیە. کۆیلایەتی بۆ ریکلام وا دەکات زۆرینە چەند جۆرێکی دیارییکراو لە خواردن و کاڵا بەکاربهێنن، نەک لەبەرئەوەی باشترینن بەڵکو لەبەر ئەوەی کۆمپانیای بەرهەمهێن پارەی زۆری بۆ ریکلامکردن لە تیڤییەکان و لەسەر لەوحە و لەسەر کاغەزی کوالیتی بەرز کە لە شوێنە گشتییەکاندا هەڵواسراون، خەرجکردووە. رێگای راست ئەوەیە کڕیار خاوەنی ئیرادەی ئازادانەی خۆی بێت و بەپێی خوێندنەوەی خۆی کتێب و نووسەرە دڵخوازەکانی هەڵبژێرێت و ریکلامەکان تەنیا وەک زانیاریی بۆ هەواڵی دەرچوونی کتێبێکی نوێ، یان کاڵای نوێ وەربگرێت. تکایە ئەو بەرهەمە خۆماڵییە کوردییانە بکەرە خواردن و پێداویستیی سەرەکی کە لە چۆنێتی بەرهەمهێنان و نایابییان بە ئەزموونی خۆت لێیان دڵنیایت. لەخۆت بپرسە، بۆچی هەموومان هەر دەبێت ئەم بەرهەمە توورکییەی دۆشاوی تەماتە بەکاربهێنین لە کاتێکدا کە دۆشاوی شارەزوورمان هەیە؟ بۆچی هەموومان هەمان جۆر خواردن و خواردنەوە و شامپۆ بکڕین خۆ ئێمە کۆیلەی ریکلامەکان نین؟!