ستران عەبدوڵڵا
ستران عەبدوڵڵا-
لە سایتی پوک میدیا- بڵاوبۆتەوە
لە زنجیرە وتاری (کوردایەتی واتا حزبایەتی)، کە لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوبۆوە، بەشێوەیەکی گشتی لەسەر گرفتەکانی رێکخستن و کۆششی ڕێکخراوەیی دوام. ئەوانەی گوتم روانگەی شەخسییە، بەڵام بێگومان لە پەرۆشی و لە خوێندنەوە و کەمێکیش لە ئەزموونەوە هاتبوو، دیارە ئەزموونی رێکخستن تایبەت ترە، بەڵام ئەزموونی ڕێکخراوەیی فراوانترە بە مانای ئەوەی لە حزب جگە لە ڕێکخستنی ڕاستەوخۆ ئۆرگانی تری وەک راگەیاندن و رێکخراوە دیموکراتی و پیشەییەکان هەیە کە ئەویش ئەزموونی حزبییە، ئەگەرچی وەک ڕێکخستنی موجەرەد چڕ و خەست نییە.
ئێستاش لەم وتارەدا هەندێک روانگە و خوێندنەوەی تر دەڵێم لەسەر سەرەتای گرفتی رێکخستن و ڕێکخراوەیی لە ئەزموونی یەکێتیدا. ئەویش هەر بکەنە فوڵدەری ڕوانگەی شەخسییەوە و گشتگیری مەکەن کە گوایە رایەکی سەددەرسەد و یەکلاکەرەوەیە. بەڵکو ئەمە ئیجتیهادی شایانی گفتوگۆیە.
ئەم پرسە گفتوگۆی زۆری حەریفانە هەڵدەگرێ و بابەتێکی گرنگی ئەدەبیاتی یەکێتییە، چونکە لە دوای ڕاپەڕینی 1991 لە ئارادایە و تا ئێستاش بە ئیجتهادی جیاجیا هەوڵی تێگەیشتنی دەدرێ.
هەر ئێستا دامەزراوە و ئۆرگانەکان ڕێکدەخرێنەوە و هەوڵی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حزبی بەردەوامە تا شان بەشانی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە کوردستان ڕێڕەوی حزبیش وابێت کە حزب بەهێز بکاتەوە تا دەرەقەتی ئەرکەکانی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی بێت.
ئاخر ڕێڕەوی حوکمڕانی، کە شەئنی گشتییە، بێ پتەوکردنی ڕێڕەوی حزبایەتی ناجوڵێ و ڕاست ناکرێتەوە.
حزبی ڕێڕەو ڕاست و ڕەگ پتەو دەرەقەتی ئەرکی گشتی ڕاستکردنەوەی حوکمڕانیش دێت. جا ئیتر جار وا هەیە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حزبی لە پێشتر و جاری واش هەیە پێکەوە بە دوو ئاڕاستە شان دەدەنە بەر ئەرک و شان دەدەنە بن باڵی یەکتریشەوە. ئای کە ساتێکی نموونەیی و شۆڕشگێڕییە
پەیڕەوی قەرەباڵەغ
لە بیرمە لە کۆنگرەی پێنجەم دوو لیژنەی گرنگی کۆنگرە هەبوون کە بوونە مایەی گفتوگۆمان لەگەڵ هەڤاڵێک.
یەکیان لیژنەی پرۆگرام و ئەویتریان لیژنەی پەیڕەو. هەردووکیان پێکەوەن و عادەتەن لە ئەدەبیاتی هەر حزبێکیشدا پێکەوە لە نامیلکەیەکدا چاپ دەکرێن. واتا وەک گۆشت و خوێنن، تێکەڵاون.
بەڵام ئەسڵ لە مەسەلەکە پرۆگرامەکەیە. واتا ئەو ئامانجانەی حزب بە بەرنامە خەباتی بۆ دەکات.
حزب بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە پیرۆزانەی بۆی دروست بووە جێبەجێ بکات پێوستی بە پەیڕەوی ئیشکردن و ڕێڕەوی کار و خەبات هەیە.
پەیڕەو: ڕێ و ڕێبازە
پرۆگرام: ئامانج و نیازە
بێ ئەم ئامانج و رێبازە نە حزب دەبێ و نەیش رێ و ڕێباز
ئامانج و نیازی حزب بۆنەی بوون و بەقایە و لەسەر ئەوەش رێ و ڕێباز هاتۆتە کایە.
هەڤاڵمان پرسیاری کرد، بۆ لیژنەی پەیڕەو قەرەباڵەغترە لە لیژنەی پرۆگرام؟
پێچەوانەی لیژنە فەقیرەکەی تۆ، هامشۆکار و مەعمیلی زیاترە؟
گوتم: لیژنەی پەیڕەو لیژنەیەکە شوێنی من و تۆ، ئەم و ئەوی تیا دیاری دەکرێت لە ناو جوگرافیای حزب. لیژنەی پرۆگرام شوێنی حزب تیا دیاری دەکرێت لەناو جوگرافیای کۆمەڵ و وڵات و گەردووندا.
واتا لیژنەی پرۆگرام گرنگتر و فراوانتر و ستراتیژی تر و مایەی (بوون و نەبوونە).
بەڵام لیژنەی پەیڕەویش گرنگە و سەرەتایە، بۆ جولە، چونکە نەک هەر فەلسەفەی حزب، بگرە فەلسەفەی ژیانیش دەڵێ شوێن پێیەکم بدەرێ تا لەوێوە دونیات بۆ بگۆڕم.
شوێنی هەر هەڤاڵ و تێکۆشەرێک لە حزب، جا ناونیشان بێت، یان جێگەی لە هەرەمی ئۆرگان و پەیکەری رێکخراو، ئەمانە توانا و دەسەڵات و دەسترۆیشتووی ئەو هەڤاڵە بۆ جێبەجێکردنی ئامانج و ستراتیژی حزب دیاری دەکەن، بە قەدەر ناونیشان و شوێنی لە هەیکەلی حزب لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکی گشتی حزب لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت. بۆیە ڕاستە هەموو پەرۆشی حزبین، بەڵام هەموو بەرپرسی مۆڕاڵی نابین لە جێبەجێکردن، یان جێبەجێنەکردنی ئەرک و ئامانجی حزب. لەسەر ئەمە سەرکردە و سەرکردایەتی ئەرکی قورسە و لێپرسینەوەی حزبیش لەسەری قورستر. لێرە گەڕانەوە بۆ پرەنسیبە حزبییە رێکخراوەییەکە گرنگە. مام جەلال دەیگوت: (پلە و وەزیفە چەند زۆر بێت هێشتا بەشی هەموو هەڤاڵان ناکات، بەڵام ئەرک چەند زۆر بێت هێشتا هەڤاڵی زۆرمان پێویستە بۆی) ئینجا بە توانجەوە دەیگوت: نامانەوێ ڕێکخستنمان وەک (عەسکەر کاشان) بێت، هەمووی ئەفسەر بن و کەس سەربازی جێبەجێ کردنی ئەرکەکان نەبێت.
لە یاداشتی گفتوگۆی حزبیدا ئەوی لەسەرەوە گوتم لە ژێر سەردێری: پەیڕەوی قەرەباڵەغ و پڕۆگرامی بەستەزماندا دامنابوو. ئێستا لە ژێر تایتڵی گرفتەکان، لە ڕوانگەی ڕێکخراوەییەوە، زیاتر ڕوونی دەکەمەوە
سەرەتا گرفتی ڕێکخراوەیی
زۆرجار لە ئەدەبیاتی یەکێتی و گفتوگۆی هەڤاڵانەدا باسی دەسپێکی خەباتی نیمچە بەرەیی و ئینجا قۆناغی یەکخستنی باڵ و ڕێکخراوە و پرسی پێویستی یەکێتی ڕیزەکان تەنها وەک پرسێکی فیکری و سیاسیی و وێستگەی وەرگۆڕانی ئایدیۆلۆژی دەکرێت. کە لەم بارەیەوە زۆر هەڤاڵ قسەیان کردووە و زۆری تریش ڕەخنەیان دەربڕیوە. لە هەموو وێستگەی کێشە و ناکۆکی ناو یەکێتیدا گوێمان لێ دەبێت گوایە هەڵەبوو کە کۆمەڵە نەما، خۆزگە دەما و چاکتر بوو بمابایە. هەڵبەت ئەم روانگانە لە ڕووی دیموکراسی و ئازادی گفتوگۆوە ئاساییە و تەنها بە قەناعەت پێکردن و پێکسەلماندن چارەسەری لۆجستی دەبێت، بەڵام لە ڕووی هەڵسەنگاندن و دەستنیشانکردنەوە زۆر مەحکەم نییە و لە گفتوگۆدا خۆی ناگرێ و هەنجەتەکانی بڕ ناکەن. لێرە منیش وەک هەموو هەڤاڵانی سەرەوە و خوارەوە ڕای خۆم دەڵێم. گێڕانەوەیەکی ئەمرۆیی لەسەر مێژووی پێشتر دەڵێم.
هیچ نەبێ لە روانگەی نەوەی ئێمەوە کە هەڤاڵی دوای ڕاپەڕینین، هەڤاڵی قۆناغی یەکڕیزی و یەک ڕێکخراوەیی ناو یەکێتیش چێژ و تامی سەرکەوتنەکانی (یەکێتی ناو یەکێتی)یان کردووە و گیرۆدەی دەست پەرت بوون و لێکترازانەکانی دوایشین کە ناکۆکی لاوەکی کردە ناکۆکی سەرەکی و سەرەنجام بەداخەوە خزمەتی نەیارانی کوردایەتی، بە لاوازکردنی یەکێتی، کرد.
باش و چاکی یەکخستنی ڕیزەکان و گواستنەوەی یەکێتی لە قۆناغی نیمچە بەرەیی (کۆمەڵە، شۆڕشگێڕان، هێڵی گشتی)یەوە بۆ قۆناغی (یەکێتی ناو یەکێتی) زۆرن. بەکورتی دەینووسین تا بچینە سەر گرفتەکانی خودی ئەو یەکخستنە، چونکە هەر جوڵەیەکی حزبی و ڕێکخراوەیی، وەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی (زانستی سۆسیولۆژی)، دوو دیوی باش و خراپی هەیە:
باشەکان ئەمانە بوون:
1-کاتی یەکخستنەوەی ریزەکانی یەکێتی و تێکەڵبوونی یەکجارەکی کۆمەڵە لەگەڵ یەکێتی وەختێک بوو کە بزووتنەوەی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی فەوتان و پاشەکشێی دوای ئەنفال بوو، ئەم یەکگرتنە خێری تێدا بوو بۆ یەکخستنی ریزەکانی یەکێتی و دیارە فەزای یەکخستنی هەموو هێزەکانی کورد لەبەرەی کوردستانیشدا. ئەمە بۆ پرسی نەتەوەیی زۆر گرنگ بوو و بەڵگەی پەرۆشییەکی نەتەوەیی بوو کە هەر لە کۆمەڵە دەوەشایەوە و هەر لایەقی یەکێتی بوو.
2-کاتی یەکخستنەوە لە رووی رەوشی بزووتنەوەی چەپ و فەزای دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤێت و ئۆردوی رۆژهەڵاتیش زۆر گرنگ بوو. دەیان حزبی چەپ و مارکسی و کۆمۆنیست ناویان گۆڕی و ریزەکانیان پەرت و کەرت بوو، سەرەنجام لە نێوان گۆڕینی ناو و گۆڕینی ناوەڕۆکدا تێدامان و فەوتان. ئا لەو کاتە هەستیارەدا کۆمەڵە بڕیاریدا خۆی لەناو یەکێتییەکەی خۆیدا بتوێنێتەوە کە هی خۆیەتی و خۆی هێزی سەرەکی و داینەمۆی هەڵسوڕانی بوو. توانەوەی وا کارێکی کرد هەر کۆمەڵە بڕیاری تاکلایەنە نەدا، بەڵکو یەکیتیش بووە کۆمەڵە و هیچ هەنجەتێک بۆ مانەوەی چوارچێوەی شۆڕشگێڕان و هێڵی گشتیش نەما و وەک ئەوە وابوو هەموو لە یەکێتی سێ بەشەوە بوونە یەکێتی یەک بەش.
3-دوای ماوەیەکی کەم لە تێکەڵبوونی کۆمەڵە لەگەڵ کۆی ئۆرگان و دامەزراوەکانی یەکێتی، بەسەرهات و گۆڕانەکانی دونیا ریزبەندییەکی ئەوتۆی پێکهێنا کە قورسایی بخرێتە سەر پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی و دونیابینی سەردەمی سیستیمی نوێی جیهانی کە لەگەڵ خۆیدا تەمومژی فیکری و ئایدیۆلۆژی وای هێنایە ئاراوە پێویست بوو یەکێتی بە یەکریزی و کوردیش بە بەرەیەکی وەک بەرەی کوردستانییەوە ئەولەویاتی دیموکراتی و نیشتمانی بۆ ئەو دۆخە تازانە دابنێت. کەس بە ئەندازەی مام جەلال لە راپۆرتی سیاسی یەکەمین کۆنگرەی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا شرۆڤەی ورد و هاوسەنگی ئەو قۆناغە راگوزەرەی کوردایەتی و یەکێتیایەتی (حزبایەتی) نەکرد. بڕوانە راپۆرتی سیاسی پەسەندکراوی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان( 27/1_14/2/1992) لە کتێبی (راپۆرتەکان، لە بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی دیراساتی گشتی، چاپی یەکەم 2025 سلێمانی، چاپخانەی پیرەمێرد).
ئینجا مەعلومە کە کۆمەڵە وەک رێکخراویش بمابایە بەو هەموو ئەزموونەی هەیەتی و ئەو ئەدەبیاتە دەوڵەمەندەی تا ئەو قۆناغە بەشی پێداویستییەکانی حزبایەتی فیکری و سیاسی و شۆڕشگێڕی کوردایەتی دەکرد، هەروەها بە هاوکاری و سەپۆرتی یەکێتی، وەک چەترێکی نیشتمانی دەربەستی کوردایەتی و دیموکراسی و دەربەستی ئەدەبیاتی شایانی حزب، دەیتوانی گۆڕانکاری پێویست و بە گوێرەی قۆناغی نوێ لە خۆیدا بکات. کەوابێ لێرەدا هەنجەتی راست و دروستی ئەوانەی بە پێویستیان دەزانی کۆمەڵە بمێنێ ئەنگێزەی دەمارگرژی فیکری و ئایدیۆلۆژی نەبوو، بەڵکو شتێکە لە نێوان:
1-ئارەززوی مانەوەی پێکهاتەیەکی تایبەتی و چالاکی حزب و نەتوانەوەی لەناو گشتێکی هەمەلایەنەدا
2-نادیاری سروشتی رێکخراوەیی داهاتووی یەکێتی دوای گوێزانەوەی لە قۆناغی نیمچە بەرە بۆ قۆناغی چەتری کۆکەرەوە و بۆ قۆناغی تازەی یەک یەکێتی و یەک ئۆرگانیدا.
ئەم باسە بۆ نەوەی دوای راپەڕینی 1991 و بۆ ئێستاش دوای نزیکەی چوار دەیە لە ژیانی سایسی و حزبی لە کوردستان، ئەمڕۆ ئەوەندەی شرۆڤەیەکە بۆ تێگەیشتنی رابردوو ئەوەندە داوا نییە بۆ گێڕانەوەی (فرەیی، چەند رێکخراوەیی) جاران، دوای تێکەڵی گۆشت و خوێنی چەند دەیەی دوای راپەڕین و ئینجا دوای کەمێک ناخۆشی کەرتبوون و پاشەکشێی هەرزانی باسوخواسی گۆڕان، بەڵام شرۆڤە یارمەتیمان دەدا لەوە تێبگەین زیانی رێکخراوەیی دیوی دووەمی دیاردەی کۆمەڵایەتی نەمانی کۆمەڵە چ دەرکەوتێکی دروست کرد.
گرفتی هەرە گەورەی دوای کۆمەڵە، لە رووی رێکخراوەییەوە، ئەوە بوو ئەو رێکخستنە پتەوەی کۆمەڵە و هەیکەلە رێکخراوەییە تۆکمە و باشەکەی نەما و کەوتە باوەشی (خۆشەویستی گەورەی) یەکێتی بوون و یەک ریزی یەکێتییەوە... بێگومان سۆز و خۆشەویستی پێکەوەیی و هەڤاڵیتی بەرەی یەکێتی زۆر جاویدانە و ئەهێنێ قوربانی بۆ بدرێت. لەکاتی دوای ئەنفال پێکەوەیی خەبات لە تەنگانە و لەدوای راپەڕینیش پێکەوەیی بەرەو ئاسۆی کوردستانی وڵات کەوتە دەست رۆڵەکانی خۆیەوە و یەکێتیش سەردەستەی کاروانی تازە بوو. بەڵام لەو قۆناغەدا جۆرێک خۆرێکخستنەوە پێویست بوو کە بۆشایی و کەلێنی نەمانی کۆمەڵە پڕ بکاتەوە و ئینجا یەکێتی وەک باسکی بەهێزی کوردایەتی خۆی ببێتە رێکخستنێکی پتەو.
بۆ چارەسەری گرفتی رێکخراوەیی و تێکەڵی پێویست هەموو ریزەکانی یەکێتی لەرووی فیکر و پەروەردەوە بەم دوو شێوەیە مامەڵە کران:
-راپۆرتی سیاسی کۆنگرەی ناوبراو کە سکرتێری گشتی پێشکەشی کرد و زۆر رەهەندی سیاسی و پێداچوونەوەی فیکری روون کردەوە و بووە رێوشوێنی داهاتووی حزبی
-خولەکانی پەیمانگای کادیران کە فیکری سۆشیال دیموکرات و دیدی دیموکراتی و نیشتمانی و ستراتیژی (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) بۆ هەڤاڵان و کادیران شەرح و شەۆڤەی شافی و دافی کرد.
شەڕی ناوخۆ وەک چۆن کوردستانی لە زۆر بواردا پەک خست، ئاوەهاش گەشەکردنی سروشتی پرسی تێکەڵی رێکخستن و یەکڕیزی تووشی ڕاوەستان و هەناسە بڕکێ کرد. مام جەلال لە هەست کردن بەم بۆشاییەوە راپۆرتی سیاسی کۆنگرەی دووەمی پڕ کرد لە پرسیاری جەوهەری لەسەر دیاردە تازەکانی وەک کۆمەڵی مەدەنی، عەولەمە، مافی تاک و پرسەکانی تری ئازادی و گەشەی کۆمەڵایەتی بڕوانە:(راپۆرتی سیاسی پەسەندکراوی کۆنگرەی دووەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان30/1-5/2/2001، لە کتێبی راپۆرتەکان، لە بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی دیراساتی گشتی، چاپی یەکەم 2025 سلێمانی، چاپخانەی پیرەمێرد). ئینجا لە کۆنفراسنی روناکبیری لە رۆژی(16/2/2001) لە قەڵاچوالان کە دروستبوونی ئۆرگانی مەکتەبی بیر و هۆشیاری لێ کەوتەوە، زنجیرەیەک ئەرکی فیکری و هۆشیاری بۆ یەکێتی دیاری کرد. راستییەکەی لەو قۆناغەوە ئەدەبیاتی سیاسی و فیکری یەکێتی جۆرێک لە دەوڵەمەندی کتێبخانەی حزبی بەخۆوە بینی، هەرچی لە ماوەی دەیەی دووهەزارەکان بۆ بەرواری شەڕی داعش لە 2014 کە تا ئێستاش بەردەوامە، لە کتێب و نامیلکە و گۆڤاری جۆراوجۆر کە چاپ کراون، بەرهەمی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە فیکرییەیە کە مام جەلال لە کۆنگرەی دووەم و لە کۆنفرانسی فیکری دوای کۆنگرەی دووەم بە تێگەیشتنی تیژ و وردی خۆی هەستی پێکرد و ئیشی لەسەر کرد و دیاریشە هەموو یەکێتی بۆ هاندا و خستەگەڕ، ئەوەی لە ماوەی سێ دەیە لە دەوڵەمەندی فیکری و سیاسی دەکرێ و خودی مام جەلال ئەنگێزەی سەرەکی بەرپاکردنی بوو، وایکرد یەکیتی لە رووی فیکر و روانگەوە تەڕوتوشی و ئاوەدان بێت، ئەمما لە رووی رێکخستنەوە هێشتا تەواو تۆکمە و پتەوی وا نەبووین کە بە کامی دڵ بڵێین (یەکێتی ناو یەکێتی ) پایەدارە و لە ئاواتی رەواوە بۆتە رێکخستنێکی پتەو و مەحکەم و فراوان.
هێشتا گرفتەکانی رێکخراوەیی دڵنیایی نەداوینەتێ و روومان لە سەرکەوتنە کە مرۆڤ فێر دەبێ و حزب هەوڵ دەدا و چاکی دەکات. دوو دیداری فراوانی یەکیتی یەکەمیان لە ماوەی (28بۆ31 ئایاری2022) و دووەمیان لە ماوەی(23ی نیسانی 2025) و ئینجا بڕیار و راسپاردەکانی ئەو قۆناغە لە رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان و هەوڵەکانی نوێکردنەوەی رێکخراوەیی هیممەت و چالاکی یەکێتیانەیە بۆ هێنانە کایەی هەیکەلی رێکخراوەییەکی پتەو کە دەرەقەتی ئەرکەکانی داهاتووی یەکیتی و کوردایەتی و دیموکراتی بێت... هەموو ئەو هەڤاڵانەی تێکەڵی ئەم هەڵمەت و هیممەتە بوون هەڤاڵانێکی ئازا و بەجەرگن و گرەومان پێ دەڵێن لەسەر ئایندە. ئەم زنجیرە نووسینەی (کوردایەتی واتا حزبایەتی)، کە دەیەوێ ببێتە کتێبێک، لە پەنا ئەم هیممەتەدا دەخوازێت بەشدارییەکی روناکبیرانە و حزبیانە بکات. بێگومان ئیدیعا ناکات قسەی کۆتایی دەکات و ئیدیعای نییە کە هەمووی باش پێکاوە، بەڵام هەر کە بتوانێ ئەندێشە بجوڵێنێ و بە بەڵێ و بە نەخێر بێتە سەر هێل کەواتە ئەجری حزبیانەی هەیە و نرخی هەڵە و مەزەندە و سەرچیغ چونکەش دەگرێتە ئەستۆ.
مەسەلەکە وەک رۆمانە هاوچەرخەکان وایە: کۆتاییەکەی کراوەیە.
15-6-2026