سوپای پاسداران: دوو كەشتی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز ئاگریان گرتووە

عیراق 09:54 AM - 2026/11/05

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوو كەشتیی نەوتهەڵگر و كەشتییەكی راكێشەر لە گەرووی هورمز ئاگریان گرتووە. هۆكاری ئەم رووداوە بۆ هەوڵی كەشتییەكان بۆ بەكارهێنانی رێڕەوێكی ناپێویست دەگەڕێتەوە.
سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەكدا روونیكردەوە، نەوتهەڵگرێك لەكاتی تێپەڕین بە رێڕەوی باشووری گەرووەكەدا بەر مینێكی دەریایی كەوتووە. هاوكات نەوتهەڵگرێكی دیكە لەكاتی لادان لە رێڕەوی دیاریكراو لە بەشی رۆژهەڵاتی گەرووەكە ئاگری گرتووە.
هەروەها هێزەكانی سوپای پاسداران توانیویانە كۆنترۆڵی دوو درۆن لە جۆری لوكاس بكەن و ئێستا لەژێر دەستی ئەواندان.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ناوچەكە، سوپای پاسداران هۆشدارییدا، هەر هەوڵێك بۆ پێشێلكردنی یاسا لە گەرووی هورمز، زیانە دارایی و شكستە سیاسییەكانی ئەمریكا قووڵتر دەكاتەوە. تا ئێستا واشنتۆن هیچ لێدوان و هەڵوێستێكی رەسمی لەبارەی ئەم بەیاننامەیەی سوپای پاسداران رانەگەیاندووە.
گەرووی هورمز كە دەكەوێتە نێوان ئێران و سوڵتاننشینی عومان، یەكێكە لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییە ستراتیژییەكانی جیهان. بەشێكی زۆری هەناردەی نەوت و گازی وڵاتانی كەنداو بۆ بازاڕەكانی جیهان لەو رێگەیەوە تێدەپەڕێت.
گرژییەكانی ئەم ناوچەیە لەكاتێكدایە، 28ـی شوباتی 2026 ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل هێرشیان كردەسەر ئێران. ئەگەرچی لە مانگی نیساندا ئاگربەست راگەیەندرا، بەڵام لە مانگی تەممووزدا پێكدادانەكان لەنێوان واشنتۆن و تاران بەهۆی بنبەستبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگەكە، جارێكی دیكە سەریانهەڵدایەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو