بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ كردنەوەی بازارەكانی جیهان و نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردنەكانی نیوەی خولی ئەمریكا،نرخی زێڕ ، بە رێژەی 0.6% بەرزبووەوە و ئۆنسەیەكی گەیشتە سێ هەزار و 900 دۆلار ، هاوكات نرخی نەوتیش دابەزینی بەرچاوی تۆماركردوو نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بۆ خوار 110 دۆلار دابەزی.
لە یەكەم رۆژی مامەڵەكانی ئەم هەفتەیەی بازاڕدا، نرخی زێڕ رووی لە بەرزبوونەوە كرد و ئۆنسەیەكی گەیشتە سێ هەزار و 900 دۆلار ، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دابەزینی نرخی نەوت نیگەرانییەكانی هەڵاوسانی كەمكردەوە و هاوكات كڕیاران سوودیان لە دابەزینی نرخەكان وەرگرتووە. هاوتەریب لەگەڵ ئەم بەرز بونەوە جیهانییە نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی و یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 گەیشتە 930 هەزار دینار.
نرخی زێڕ لە مانگی تشرینی یەكەمدا تووندترین دابەزینی مانگانەی خۆی لەدوای ساڵی 2008ـەوە تۆماركردووە. مەترسییە جیۆپۆلەتیكییەكان و شەپۆلی فرۆشتنی پشكەكانی تەكنەلۆژیا هێشتا وەك بەربەست لەبەردەم زێڕدا ماونەتەوە و بەربەستی سەرەكین لەبەردەم بەرزبوونەوەی ماناداری نرخەكەی.
دابەزینی نرخی نەوتیش لەپێش هەڵبژاردنی نیوەخولی رۆژی سێشەممەی ئەمریكا، ئارامی بەخشە بۆ بازاڕەكان، بەتایبەت دوای ئەوەی ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتی لە چارەسەری دیپلۆماسی دەكات بۆ جەنگی ئێران.