جێگری سەرۆكوەزیرانی عیراق: بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان (12.7٪) ە

کوردستان 10:43 AM - 2026/11/02

جێگرێكی  عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق دەڵێت، پرۆسەی سەرژمێریی گشتی پشكی دیاریكراوی هەرێمی كوردستانی یەكلاكردووەتەوە، كە بەپێی داتاكانی سەرژمێری دەكاتە 12.7٪، دەشڵێت، ئەگەر گەرووی هورمزیش بە تەواوی داخرێت ،هیچ گرفتێك بۆ مووچە دروست نابێت و مووچەی ساڵی 2027 گەرەنتی كراوە.

محەممەد تەمیم جێگری سەرۆكوەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ كاروباری ئابووریی عیراق، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ژمارەیەك زانیاریی گرنگی لەبارەی دۆخی  دارایی، پشكی هەرێمی كوردستان، دۆلار و مووچەی ساڵی داهاتوو ئاشكرا كرد و رایگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە و پرۆسەی سەرژمێریی گشتی پشكی دیاریكراوی هەرێمی كوردستانی یەكلاكردووەتەوە، كە بەپێی داتاكانی سەرژمێری دەكاتە 12.7٪ و پێویستە شەفافیەتی تەواو لە پرسی هەناردەكردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستاندا هەبێت.

سەبارەت بە بەهای دینار و دۆخی  دۆلار، جێگری سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاند،متمانەی ئەمریكا بە حكومەت زیادیكردووە، هەربۆیە واشنتۆن رازی بووە لە ماوەی ئەم دوو مانگەی كۆتایی ئەمساڵدا سێ ملیار دۆلاری كاش رەوانەی عیراق بكات.روونیشیكردەوە،رۆژی پێنجشەممەی رابردوو یەكەم كاروانی دۆلاری كاش گەیشتوەتە بەغداد و ئەمڕۆش  كاروانی دووەم دەگات.

بە وتەی ئەو جێگرە،بەم هەنگاوە بەهای دۆلار لە بازاڕدا دادەبەزێت و زۆر نزیك دەبێتەوە لە بەهای رەسمی ، بە جۆرێك جیاوازییەكەیان لە دوو نمرە تێپەڕ ناكات. هاوكات پشكی دۆلاری كاشی گەشتیارانیش زیاد دەكرێت.سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ كاروباری ئابووریی عیراق باسی لەوەشكرد ،پێش ساڵی 2021 ساڵانە 12 ملیار دۆلاری كاش دەهاتە عیراق، بەڵام لە دوای 2022ەوە بەهۆی ترسی واشنتۆن لە بەقاچاخبردن كەمكرابووەوە بۆ كەمتر لە سێ ملیار دۆلار، ئێستاش ئامانجیان ئەوەیە بڕەكە بگەڕێننەوە بۆ 12 ملیار دۆلاری ساڵانە.

لەبارەی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و گرژییەكانی كەنداو، محەممەد تەمیم دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و وتی: تەنانەت ئەگەر گەرووی هورمز بەتەواوەتیش دابخرێت، هیچ دواكەوتنێك لە دابەشكردنی مووچەدا روونادات، و مووچەی ساڵی 2027 بەتەواوەتی مسۆگەر كراوە. هاوكات ئاماژەی بە گەشەی دانیشتووانی عیراق كرد و وتی: رێژەی گەشەی دانیشتووان لە عیراق ساڵانە گەیشتووەتە 2.6٪ واتە،ساڵانە ملیۆنێك و 350 هەزار منداڵ لەدایك دەبن، ئەمەش فشارێكی گەورەی لەسەر خزمەتگوزارییەكان دروستكردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو