هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەردانی باسم محەمەد خزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراقی كرد .
لە دیدارەكەدا، دەستخۆشی و سوپاسی تایبەت ئاراستەی بەڕێز وەزیری نەوت كرد لەبەرامبەر ڕەزامەندیدانی بۆ ناردنی نەوتی سپیی ماڵان بۆ هەرێمی كوردستان .
ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات كە فراكسیۆنی یەكێتی پێشنیاز و ڕاسپاردەی پێویستی بەرزكردەوە بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە لای خۆیەوە هاوكار بوو لە بەرزكردنەوەی ڕاسپاردەكان و بەدواداچوون و جەختكردنەوەی بەردەوام لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران . .
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری نەوتی عێراق دووپاتی كردەوە كە وەك هاوكاری و پشتیوانییەك بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەم بڕە نەوتەیان ناردووە و لە هەوڵدا دەبن بۆ دابینكردن و ناردنی وەجبەی دیكەی نەوتی سپی و هەوڵەكانیان بەردەوام دەبێت .
پەیوەست بە بارودۆخی پارێزگای كەركووك و دوای ڕوودانی خۆپیشاندانەكانی دوێنێ شەو، وەزیری نەوت بەڵێنی دا كە كێشەی سووتەمەنی لە كەركووك چارەسەر بكات، و ئاماژەی بەوە دا كە هەرچەندە پارێزگای كەركووك وەك شارەكانی دیكەی عێراق پشكی خۆی وەردەگرێت، بەڵام بەڵێنی دا بە تایبەتی كێشەی دابینكردنی گاز بۆ پارێزگاكە چارەسەر بكات .