وەزارەتی دارایی هەرێم: لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا حکومەتی فیدراڵ نزیکەی ٤١ ترلیۆن دیناری بۆ هەرێم ناردووە کە دەکاتە ٤٦ مووچە لەکۆی ١٤٤ مووچە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ئەم خشتەیەكی بڵاوكردووتەوەو دەڵێت، لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا حکومەتی فیدراڵ تێکڕای ڕێژەی ٤.،٢ ٪ ی بوودجەی گشتی عیراقی بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە.
بەوتەی وەزارەتەكە، لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا حکومەتی فیدراڵ نزیکەی ٤١ ترلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە کە دەکاتە ٤٦ مووچە لە کۆی ١٤٤ مووچە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕونیكردووەتەوە كە لە ١٢ ساڵی ڕابردوو ( ٢٠١٤ تا ٢٠٢٥) ، تێکڕای ڕێژەی کرداریی نێردراو لە بوودجەی گشتی عیراق دوای لێبڕینەکانی سەروەری و قەرز و پاپەندییەکانی تر بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، دەکاتە تەنها ڕێژەی ٤.,٢٪ ی بوودجەی گشتی عیراق لەجیاتی ڕێژەی ١٧٪ و ڕێژەی,١٢,٦٧٪ تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت، بڕی پارەی تەمویلکراو لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا ، دەکاتە تەنها ٤١ چل و یەک ترلیۆن و ٤٢ ملیار دینار بوو لە کۆی ٢١٢ ترلیۆن و ٧٦١ ملیار دینار کە بەکارهاتووە بۆ تەمویل کردنی نزیکەی ٤٦ مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستان لە کۆی ١٤٤ مووچە لەو ماوەیەدا .
لەئامارو ژمارەكەكانی وەزارەتی دارایی دا هاتووە، لەماوەی ساڵانی؛ ٢٠١٤ ، ٢٠٢٠ ، ٢٠٢٢ حکومەتی فیدراڵ بەهۆی نەبوونی یاسای بوودجە پارەی تەمویلکراوی بۆ هەرێمی کوردستان وەکو قەرز هەژمار کردووە تا دواتر لە پشکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەسەندکردنی بوودجەی گشتی بیبڕێتەوە.
راشیگەیاندووە، سەرەڕای داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی کە بڵاویکردووەتەوە لە ساڵی ٢٠٢٤ و بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێری دانیشتووانی هەرێم، پشکی هەرێمی کوردستان دەکاتە ڕێژەی ١٤,١٤٪ی بوودجەی گشتی عیراق.