داتاكانی حكومەتی ئەمریكا دەریدەخەن لە ساڵی دارایی 2026دا، كورتهێنانی بودجە گەیشتووەتە نزیكەی دوو ترلیۆن دۆلار، ئەوەش بەرزترینە لە ساڵی 2021ەوە تۆمار كرابێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بڵاویكردەوە، كورتهێنان لە ساڵی دارایی 2026دا گەیشتووەتە یەك ترلیۆن و 990 ملیار دۆلار، كە بەراورد بە ساڵی 2025، سەدا 12 زیادیكردووە، كاتێك لە ساڵی دارایی 2025 كورتهێنانەكە یەك ترلیۆن و 780 ملیار دۆلار بوو.
هۆكاری سەرەكیی ئەم كورتهێنانە، زیادبوونی خەرجییەكان و بەرزبوونەوەی سوودی كەڵەكەبووی سەر قەرزە گشتییەكانی ئەمریكا بووە، كە بە بڕی 144 ملیار دۆلار زیادیكردووە و ریكۆردێكی نوێی بەیەك ترلیۆن و 360 ملیار دۆلار تۆماركردووە لەسەر كۆی قەرزی گشتی كە نزیكەی 32 ترلیۆن دۆلارە.
هاوكات بڕیاری دادگای باڵای ئەمریكا لە مانگی شوباتدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی باجە گومرگییە سەپێنراوەكانی ترەمپ بووە هۆی گەڕاندنەوەی 145 ملیار دۆلار لە رسووماتی گومرگی بەشێوەی قەرەبوو.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی گەنجینە، داهاتی گشتیی حكومەت لەمساڵدا كە لە 30ـی ئەیلوول كۆتایی هات، بە رێژەی 3% زیادیكردووە و گەیشتووەتە 5 ترلیۆن و 40 ملیار دۆلار، بەڵام لە بەرامبەردا خەرجییەكان زۆر خێراتر بەرزبوونەتەوە و بە رێژەی 6% زیادبوونو گەیشتوونەتە 7ترلیۆن و 40 ملیار دۆلار. لەناو كەرتەكانیشدا، خەرجیی پرۆگرامە سەربازی و بەرگرییەكان بە رێژەی 6% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 917 ملیار دۆلار.
بڵاوبوونەوەی ئەم ژمارانە تەنیا دوو هەفتە پێش هەڵبژاردنەكانی نیوەی خول دێت، كە تێیدا پارتی كۆماری هەوڵی پاراستنی زۆرینەی خۆی دەدات، لە كاتێكدا بەڵێنە نوێیەكانی ترەمپ بۆ پێدانی پێنج هەزار دۆلار بە هەر هاووڵاتییەكی پێگەیشتووی ئەمریكی لە ئەگەری سەركەوتنی كۆمارییەكان، لەوانەیە زیاتر لە یەك ترلیۆن دۆلاری تر بخاتە سەر خەرجییەكان.