د.ئامانج رەحیم: كەمكردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم مەترسییەكی گەورەیە

کوردستان 01:04 PM - 2026/10/17

كەمكردنەوەی رێژەی دانیشتوانی هەرێم، تەنها كەمكردنەوەی پارە و مووچە و بەشە بودجە نییە، بەڵكو مەترسییەكە لە بودجە زۆر گەورەترە!
د.ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە  نوێترین بڵاوكراوەیدا زەنگی مەترسی لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی كورستان لە 14.14٪ەوە بۆ 12.7٪ لێدا و رایگەیاند، كەمكردنەوەكە كاریگەریی لەسەر نوێنەرایەتیی هەرێم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەبێت.

سكرتێری ئەنجوومەنی نوێنەران لە بڵاوكراوەكەیدا نوسیویەتی: كەمكردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لە ١٤.١٤٪ بۆ ١٢.٧٪، تەنها پرسێكی دارایی نییە، بەڵكو دەتوانێت كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نوێنەرایەتیی هەرێم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەبێت. ئەوەش بەپشتبەسەتن بە ماددەی (٤٩/یەكەم)ی دەستووری عیراق كە دەڵێت: ژمارەی دانیشتوان بنەمایەكی دەستوورییە بۆ دیاریكردنی نوێنەرایەتیی پەرلەمانی.

وەك ئامانج رەحیم روونیكردووەتەوە، ئەگەر 329 كورسیی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی رێژەی دانیشتوان دابەش بكرێت: بە ڕێژەی ١٤.١٤٪، بەشی هەرێم نزیكەی ٤٧ كورسی دەبێت، بەڵام بە ڕێژەی ١٢.٧٪، بەشی هەرێم دەبێتە ٤٢ كورسی. واتە ئەگەری لەدەستدانی نزیكەی پێنج كورسیی پەرلەمانی!

ئامانج رەحیم روونی دەكاتەوە، ئەوە تەنها گریمانەیەكی ژمێریارییە، نەك بڕیارێكی یاسایی بۆ كەمكردنەوەی كورسییەكان؛ بەڵام نیشاندەری ئەو مەترسییە دەستووری و سیاسییەیە كە كەمكردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم دەتوانێت لە داهاتوودا دروستی بكات.

هەر بۆیە پاراستنی رێژەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی هەرێم، تەنها پاراستنی بەشە بودجە نییە، بەڵكو پاراستنی دەنگ و نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستانە لە دامەزراوە دەستوورییەكانی عیراقدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو