دوابەدوای مەتینا، ئەشكەوتەكانی گارە و خواكوڕك چۆڵ دەكرێن و سەركردەكانی پەكەكەش دەنێردرێنە وڵاتی سێیەم.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی توركیا كە لەلایەن نووسەر یوجەل كایائۆغڵو بڵاوكراوەتەوە، دوای كۆنترۆڵكردنی مەتینا، ئێستا پڕۆسەی چۆڵكردنی بنكە لۆجستییەكانی پەكەكە لە ناوچەكانی گارە، خواكوڕك و تەواوی هێڵەكانی قەندیل دەستیپێكردووە و پێشبینی دەكرێت تا مانگی یەكی ساڵی داهاتوو كۆتایی بێت.
سەرچاوە ئەمنییەكان ئاشكرایان كردووە، پڕۆسەكە بە سەرپەرشتی ڕێكخراوی هەواڵگری نیشتمانیی توركیا (میت)و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت. لە قۆناغی یەكەمدا، سەرجەم چەك، تەقەمەنی، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و ئامێرەكانی مانگی دەستكردی پەكەكە تۆمار دەكرێن و پاشان لەناودەبرێن.
دواتر تەواوی ئەو ئەشكەوتانەی كە پێشتر وەك بنكە و نەخۆشخانەی مەیدانی بەكاردەهاتن، دەتەقێنرێنەوە تا چیتر سوودیان لێ نەبینرێت.
لەبەرئەوەی بڵاوەپێكردنی چەكدارەكان لە ناوچە جیاوازەكاندا رەتكراوەتەوە، قەندیل وەك خاڵی كۆتایی بۆ كۆبوونەوەیان دیاریكراوە. سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە پڕۆسەی گەڕانەوە بۆ توركیا لە ڕێگەی قەندیلەوە دەبێت، لەوێ كەمپی تایبەت دادەنرێت بۆ پۆلێنكردن، لیستكردن و دیاریكردنی ژمارە و ناسنامەی ئەو كەسانەی دەگەڕێنەوە، كە دواتر دەدرێتە كونسوڵخانە و فەرمانگەكانی گومرگ.
چونكە حكومەتی عیراق نایەوێت ئەو چەكدارانە لەسەر خاكی خۆی بمێننەوە، و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو توركیا، فۆرمۆڵەی ناردنی سەركردە باڵاكانی ڕێكخراوەكە بۆ وڵاتانی سێیەم لەژێر چاودێری توركیادا هاتووەتە پێشەوە. ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا پشتڕاستی بكاتەوە كە چەك بە تەواوی دانراوە.
هاوكات، پرۆسەی چۆڵكردنی قەزای شەنگال بە سەرپەرشتی حكومەتی عیراق بەڕێوەدەچێت. ئەگەر ئەم ناوچەیە بە تەواوی لە چەكدار پاكبكرێتەوە، توركیا بنكەی سەربازیی باشیك چۆڵ دەكات و گەڕانەوەی هاووڵاتیان مسۆگەر دەبێت. پێشبینی دەكرێت یەكەم گرووپی چەكدارەكان كە بگەڕێنەوە توركیا، لە شەنگالەوە بێت.