كەشتییەك بە 2500كۆنتێنەر لەگەرووی هورمز ژێرئاوكەوت

عیراق 03:28 PM - 2026/10/14

 لەگەرووی هورمز مینێكی چێندراوی ئێران بە كەشتییەكی بارهەڵگر كە زیاتر لە دوو هەزار و 500 كۆنتێنەری هەڵگرتبوو تەقیەوە.

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ كەشتییەكی بارهەڵگر كە زیاتر لە دوو هەزار و 500 كۆنتێنەری هەڵگرتبوو، لە ئاوەكانی باشووری گەرووی هورمز ژێرئاوكەوت. سوپای پاسداران روونیكردووەتەوە كە كەشتییەكە بەبێ مۆڵەت ویستوویەتی بە رێڕەوێكی نایاسایی و زۆر مەترسیداردا لە گەرووەكە بپەڕێتەوە، كە پێشتر وەك ناوچەی قەدەغەكراو دیاری كرابوو.لە بەیاننامەكەدا هۆشداری توندیشدراوە بە سەرجەم كەشتییە ناوخۆیییەكان و ماسیگرانی ناوچەكە كە كاتی گەشتكردن ئاگاداری خۆیان بن و دووربكەونەوە لەو كۆنتێنەرانەی كە دوای ژێرئاوكەوتنی  كەشتییەكە سەر ئاو كەوتوون.

هاوكات میدیا رەسمییەكانی ئێران وردەكارییەكانی رووداوەكە بەم شێوەیە باسدەكەن ،كەشتییەكە لە كاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا خۆی بە مینێكی دەریاییدا كێشاوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی تەقینەوەیەكی بەهێز و كڵپەسەندنی ئاگرێكی گەورە، كە لە كۆتاییدا بەهۆی توندی ئاگرەكەوە كەشتییەكە بە تەواوی ژێرئاو كەوتووە.

ئەم رووداوە لە كاتێكدایە كە گرژییە دەریایییەكان لە گەرووی ستراتیژی هورمز لە لوتكەدان، كە یەكێكە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەكانی جیهان بۆ گواستنەوەی بازرگانی و وزە.
هەفتەی رابردوو سوپای پاسداران هۆشداری بەسەرجەم وڵاتانی جیهان و كۆمپانیاكانی كەشتیوانیدا كە بە پڕو پاگەندەكانی ئەمریكا بڕوا نەكەن، چونكە گەرووی هورمز بەرووی هاتووچۆی كەشیەكاندا داخراوە و تەنها ئێران دەتوانێت كاتی كردنەوەی دیاری بكات، هاوكات ئاماژەی بەوەكردبوو: هەر كەشیەك بەگەرووەكەدا تێبپەڕێت دەكرێتە ئامانج، باسی لەوەشكردبوو: هێرشەكان بۆ سەر كەشتیەكان زیاتر دەكەن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەردەوام لەلێدوانەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات گەرووی هورمز بەرووی هاتووچۆی كەشتیە بازرگانیەكاندا كراوەتەوە، ئێرانیش سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە و دەڵێت: قسەكانی ترەمپ بۆ پەردەپۆشكردنی شكستەكانی و رێگری لەبەرزبوونەوەی زیاتر نرخی نەوتە، بەپێچەوانەوە گەرووی هورمز بەداخراوی ماوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو