خۆڵبارینی عیراق لە وەرزی زستاندا بەردەوامی دەبێت

عیراق 02:37 PM - 2026/10/07

روانگەی عیراقی سەوز رایگەیاند، لە وەرزی زستاندا شەپۆلەكانی خۆڵبارین و گەردەلوولی لم لە عێراق بەردەوام دەبن.
رۆژی چوارشەممە، روانگەی سەوز لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە، خۆڵبارینەكانی ئەم دواییە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی چالاكیی سەرچاوەكانی ناوخۆی عیراقەوە بوون. هاوكات كاریگەریی نەرێنیی وڵاتانی دراوسێ لەو رووەوە، دۆخی ژینگەییی عیراقی خراپتر كردووە.
بەردەوامیی خۆڵبارین بەڵگەیەكی روونە لەسەر ئەوەی زەوییە بەبیابانبوو و پشتگوێخراوەكان هێشتا لەوپەڕی چالاكیدان، كە رێژەكەیان بە زیاتر لە 23%ی خاكەكە مەزەندە دەكرێت. بارانبارین و لافاوەكان نەیانتوانیوە رێگری لەو چالاكییە بكەن، چونكە بەبێ گەڕانەوەی چالاكیی كشتوكاڵی بۆ ئەو زەوییانە، كۆنترۆڵكردنی خۆڵبارین ئەستەمە.
راپۆرتەكە ئاشكرایكردووە، وڵاتانی دراوسێ بەهۆی شەش سەرچاوەی چالاك لە ناوچە جیاجیاكانی عیراق، تووشی شەپۆلی گەردەلوولی لم بوونەتەوە. چاودێرییەكە تێبینیی ئەوەی كردووە، سەرەڕای گفتوگۆ زۆرەكان لەبارەی دروستكردنی پشتێنەی سەوز و چاندنی دار لە چەند پارێزگایەك، هیچ ئاسەوارێكی كردەیی لەو رووەوە بەدی ناكرێت و ئەو هەنگاوانە نەبوونەتە هۆی كەمكردنەوەی گەردەلوولەكان.
روانگەكە  هۆشداری دا، گەردەلوولەكان كاریگەریی نەرێنییان بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییان هەیە، بەتایبەت ئەو كەسانەی نەخۆشیی هەناسەدانیان هەیە وەك رەبوو و هەوكردنی گیرفانەكانی لووت. گەردەلوولی لم مەترسییەكی گەورەیە و لە دوورمەودادا رەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە، چونكە گەردیلەكانی خۆڵەكە لەوانەیە ماددەی ژەهراوی لەو ناوچانەوە هەڵبگرن كە لێیانەوە هەڵدەكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو