ئێران: هێرشەكانی ئەمریكا زیانی بە 104 ناوەندی پیترۆكیمایی و دەرمان گەیاندووە

عیراق 11:18 AM - 2026/10/07

نێردەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە لاهای رایگەیاند، هێرشە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ سەر پیشەسازییە كیمیاییەكانی ئێران بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە 111 دامەزراوەی پیترۆكیمیایی و دەرمان. ئەمەش كاریگەریی لەسەر دابینكردنی پێداویستییەكان و جێبەجێكردنی رێككەوتنی قەدەخەكردنی چەكی كیمیایی هەبووە.
هادی فەرەجوەند لە وتارێكیدا لە 113ـەمین خولی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی وتی لە هێرشەكانی ئەمریكادا 60 كۆمەڵگەی پیترۆكیمیایی، 44 كارگەی دەرمان و حەوت دامەزراوەی دیكەی دەرمانسازی لە ئێران زیانیان بەركەوتووە.
فەرەجوەند سەبارەت بە دەرئەنجامەكانی هێرشەكان روونیكردەوە، ئەو زیانانە دابینكردنیان پەك خستووە و كاریگەرییان لەسەر پابەندییەكانی پەیوەست بە رێككەوتنی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی هەبووە.
نێردەی هەمیشەییی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی تەئكیدیكردەوە، پاراستنی دامەزراوە كیمیاییەكان لە ململانێ چەكدارییەكان بۆ مسۆگەركردنی سەلامەتیی رێككەوتنەكە، دڵنیابوون لە بەردەوامیی چالاكییە ئاشتیخوازەكان لە بواری كیمیا و بەهێزكردنی هاریكاریی نێودەوڵەتی، گرنگییەكی زۆری هەیە.
فەرەجوەند لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا روونیكردەوە، هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئەو دامەزراوانە نیگەرانیی جیددییان لەبارەی ماددەكانی 1، 6 و 11ـی رێككەوتنی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی و ئامانجەكانی ئەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییە دروست كردووە.
113ـەمین خولی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی، رۆژی سێشەممە 6ـی تشرینی یەكەم لە لاهای دەستی پێ كرد و تا 9ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، ئەنجوومەنی جێبەجێكاری رێكخراوەكە كە باڵی جێبەجێكاری رێكخراوەكەیە، لە 41 وڵاتی ئەندام پێكهاتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو