دەزگای ئاسایشی هەرێم لەماوەی كەمتر لە 24 سەعاتدا،هەردوو بكوژی بازرگانەكەی شاری سلێمانی محەمەد ئەحمەد حەمەئەمینی دەستگیركرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی دەزگای ئاسایشی هەرێم ،بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەدوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی بەردەوام توانیان بكوژی سەرەكی و هاوكارەكەی لەئەنجامدانی تاوانی كوشتنی محەمەد ئەحمەد حەمەئەمین ناسراو بە محەمەد مەلای مامە گەورەی پێنجوێنی دەستگیربكەن و ئێستا تۆمەتباران بەماددەی 406لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەدۆسیەكە بەردەوامە.
ئەمەش دوای ئەوە هات درەنگانی شەوی دووشەممەی رابردوو ، تەرمی هاووڵاتییەك بەناوی حاجی محەمەد پێنجوێنی لە گۆڕستانی سەیوانی شاری سلێمانی دۆزرایەوە ئەم هاووڵاتییە، پیشەی بازرگان بووە و لە نزیك مەزادخانەكەی سلێمانی و خانەقا، دوكانی كەلوپەلی كارەبایی هەبووە.باسلەوەدەكرا حاجی محەمەد پێنجوینی بەیانی رۆژی دووشەممە، بە مەبەستی پارەدانی كارەبا لەماڵە چووەتەدەرەوە و بڕی 25 ملیۆن دیناریشی پێبووە و بە تاكسی رۆیشتووە، دوای ئەوەی هیچ سۆراخێكی نەبووە و دەزگا ئەمنییەكان ئاگاداركراونەتەوە، دەركەوتووە ئەم بازرگانە كوژراوە و تەرمەكەی لە گۆڕستانی سەیوان دۆزراوەتەوە.