لە رۆژی نەتەوەیی تورکماندا، قوباد تاڵەبانی سەردانی نووسینگەی بەرەی تورکمانی کردووە لە هەولێر و دەشڵێت، "تورکمانەکان پێكهاتەیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان و عیراقن و پشتیوانی لە دابینکردنی هەموو مافەکانیان دەکەین".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاندووە: ئەمڕۆ لە رۆژی نەتەوەیی تورکماندا سەردانی نووسینگەی بەرەی تورکمانیم کرد لە هەولێر و پیرۆزبایی بۆنەکەم لێ کردن. تورکمانەکان پێكهاتەیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان و عیراقن و پشتیوانی لە دابینکردنی هەموو مافەکانیان دەکەین.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە: ئێمە شانازی بە کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە کوردستان دەکەین. هەروەها شانازیش دەکەین کە وەک کورد هەمیشە داکۆکیکاری مافەکانی هەموو پێكهاتەکان بووین لە عیراقدا.
سەبارەت بە رۆڵی سەرۆک مام جەلال، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "سەرۆک مام جەلال بەبێ جیاوازی هەوڵی پاراستن و دابینکردنی مافی پێکهاتەکان و لەناویشیاندا پێکهاتەی تورکمانی دەدا و ئێمەش لەسەر ئەم رێبازە بەردەوامین".