ژمارەی كورسییەكانی خوێندنی باڵا لەنێوان عیراق و هەرێمی كوردستان زیاد كرا

کوردستان 02:56 PM - 2026/09/29

ژمارەی كورسییەكانی وەرگرتنی هاوبەش لە نێوان زانكۆكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لە 500 كورسییەوە بۆ هەزار و 250   كورسی بەرز كرایەوە.
چنار حاجی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە هاوكات ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵایە لە ئەنجومەنەكە وردەكاریی رێككەوتنێكی نوێی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵای هەرێم و عیراقی ئاشكرا كرد و رایگەیاند،

لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی هاوكاریی زانستی و ستراتیژی لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی فیدڕاڵی و وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی فراوان بە سەرۆكایەتی پرۆفیسۆر دكتۆر حەیدەر عەبد زەهد، بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری زانستی و بەشداری پرۆفیسۆر دكتۆر سەباح ئیبراهیم ویس، راوێژكاری وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێوەبەرە گشتییەكانی بەشەكانی خوێندن، پلان و بەدواداچوون، پەیوەندییە كلتوورییەكان، و توێژینەوە و گەشەپێدان لەلایەن هەردوو لایەنەوە ئامادەبوون، گفتوگۆ لەسەر چارەسەركردنی بەربەستە كارگێڕی و تەكنیكییەكانی بەردەم رێكارەكانی وەرگرتنی هاوبەش و هاوتاكردنەوەی بڕوانامەكان كرا.

لەبارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكە، چنار حاجی ئاشكرای كرد كە رێككەوتن كراوە لەسەر فراوانكردنی وەرگرتنی هاوبەش بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو بە شێوەیەك ژمارەی كورسییەكان خوێندنی سەرەتایی لە 400 كورسییەوە زیادكرا بۆ 1000 خوێندكار لەلایەن هەردوو لایەنەوە، ژمارەی كورسییەكانی خوێندنی باڵا لە 100 كورسییەوە زیادكرا بۆ 250 خوێندكار لەلایەن هەردوو لایەنەوە.

وە لەكۆتاییدا جەخت لە بەردەوامبوونی هەماهەنگیی زانستی و ئەكادیمی و ئاسانكاریی رێكارەكانی پەیوەندیدار بە وەرگرتن و بڕوانامەكان كرایەوە بە مەبەستی خزمەتكردنی خوێندكاران و پشتگیریكردنی پرۆسەی هاوكاری لەنێوان دامەزراوەكانی خوێندنی باڵای عیراق و هەرێمی كوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو