هەرێمی كوردستان داوای زیادكردنی پشكەكەی لەپرۆژە یاسای بودجە دەكات

کوردستان 10:43 AM - 2026/09/29

 حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: لەسەر ژمێریدا ژمارەی دانیشتوانی هەرێم كەمكراوەتەوە و ئەوەش مەترسی راستەوخۆی لەسەر پشكی هەرێم لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2027 دروستكردووە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە: دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لە 20ی تشرینی دووەمی 2024، حكومەتی فیدراڵی بەپێچەوانەی ڕێككەوتنە پێشوەختەكان و بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، بەشێوەیەكی تاكلایەنە مامەڵەی لەگەڵ دەرەنجامەكانی پڕۆسەكە كردووە. باسی لەوەشكردووە: دیارترین پێشێلكارییش كەمكردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانە لە سەدا 14 و پۆینت 14 وە بۆ سەدا 12 و پۆینت 68 ، كە ئەمەش مەترسییەكی ڕاستەوخۆ لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027، دروست دەكات.

راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم لەكاتێكدایە هەفتەی پێشووی وەفدی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ گفتووگۆكردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و لیژنەكانی ئامادەكردنی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجە لەبەغداد بوون.

بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان هەرێمی كوردستان لە دانوستانەكانی پڕۆژە بودجەی 2027ـی عێراق هەوڵەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی خەرجیی كرداری (ئینفاقی فیعلی) چڕكردووەتەوە، تاوەكو ڕێگری بكرێت لە دابەزینی پشكی هەرێم لە خشتە فەرمییەكان و بەستنەوەی مووچەی فەرمانبەران بە پڕۆژەكانی پارێزگاكانی دیكەوە.

داواكاری و هەڵوێستی دارایی وەفدی هەرێمی كوردستان بریتی بووە لە هەڵوەشاندنەوەی مەرجی خەرجیی كرداری ( خەرجی فیعلی) لە پڕۆژەی بودجەی 2027 و مامەڵەی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە بێت.

هەروەها مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە خەرجیی كرداری جیابكرێتەوە و لە تێكڕای بودجەی گشتی دابین بكرێت.
پشكی هەرێمی كوردستان لەبری 12.70% بۆ 14.14% زیاد بكرێت بەپێی ئەنجامەكانی سەرژمێریی دانیشتووان.

بەپێی ماددەی 121ـی دەستوور، پشكی هەرێم دەبێت لەسەر بنەمای پێداویستی بێت نەك بڕی ئەو پارەیەی وەزارەتە فیدراڵییەكان خەرجی دەكەن.
دوێنێ عەبدولزەهرا هنداوی بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە رۆژنامەی سەباح راگەیاند، پرۆژە یاسای بودجە لەئەنجومەنی وەزیرانی ئامادەكراوە و رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، وتیشی: جیاواز لەساڵانی رابردوو ئەمساڵ گۆڕانكاری لەشێوازی ئامادەكردنی بودجەدا كراوە.

هەروەها سەبارەت بەپشكی كورد لەناو پرۆژە یاساكەدا دیلان غەفور ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی  نوێنەرانی عیراق رایگەیاند،لە پرۆژەیاسای بودجەی 2027 مووچەی هەرێمی كوردستان جێگیركراوە و گرەنتی دراوە مانگانە لەكاتی خۆیدا بنێردرێت و بڕیاریشدراوە نرخی بەرمیلێك نەوت لە بودجەدا بە نزیكەی 80 دۆلار خەمڵاندنی بۆ بكرێت و بەهای فرۆشتنی دۆلار كە ئێستا 132 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێك، وەك خۆی نامێنێتەوە و دەستكاریی دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو