ژمێریارێك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی نەینەوا دەستگیركرا،كە بۆ ماوەی نزیكەی شەش ساڵ مووچەی فەرمانبەرێكی وەهمی خەرجكردووە و بۆ بەرژەوەندیی كەسیی خۆی بردوویەتی.
دەستەی دەستپاكی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تیمەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوەی نەینەوا توانیویانە ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بكەن كە وەك ژمێریار لە بەشی پەروەردەی قەزای حەزەر كاردەكات.
تۆمەتبارەكە لە كۆتایی ساڵی 2017ەوە تا ساڵی 2023، بە بیانووی گواستنەوەی فەرمانبەرێك لە نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردە لە هەولێرەوە بۆ بەشی پەروەردەی حەزەر، مووچەی بەناوی ئەو فەرمانبەرە وەهمییەوە خەرجكردووە و پارەكەی بۆ خۆی گلداوەتەوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە دوای لێكۆڵینەوە و وردبینییەكان دەركەوتووە كە هیچ فەرمانێكی دەستبەكاربوون بۆ ئەو فەرمانبەرە لە بەشی پەروەردەی حەزەر دەرنەچووە و هیچ مۆڵەتێكی ئەمنیشی لە هۆبەی مۆڵەتە ئەمنییەكانی پەروەردەی نەینەوا نەبووە.
هەروەها تۆمارەكان خاڵین لە هەر بەڵگەنامە و دۆسیەیەكی رەسمی كە بوونی ئەو فەرمانبەرە یان گواستنەوەی لە هەولێرەوە بسەلمێنێت، ئەمەش ڕاستیی تاوانەكەی ئاشكرا كردووە.لە كۆتاییدا دەستەكە ڕوونیكردووەتەوە، تۆمەتبارەكە لەگەڵ بەڵگەنامە دەستبەسەرداگیراوەكان ڕەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوای تایبەتمەند بە پرسەكانی دەستپاكی كراوە، دادوەریش بڕیاریداوە بەپێی ماددەی (315) لە یاسای سزادان، تۆمەتبارەكە رابگیرێت.