بەئامادەبوونی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، شەوی ڕابردوو کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت لە بەغداد بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆكوەزیران، لە کۆبوونەوەكەدا سەرکردەکانی هاوپەیمانییەكە دۆسێی مەترسیی سزاکانی واشنتۆنیان خستووەتە سەرووی ئەولەویەتەکان؛ کۆبوونەوەکە بۆ داڕشتنی هێڵێکی بەرگریی ئابووری و سیاسی بووە بە ئامانجی دوورخستنەوەی تەواوەتیی دامەزراوە داراییەکانی عیراق لە لێکەوتەی ڕێکارە سەپێنراوەکانی ئەمریکا بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا.
هاوپەیمانییەکە تاوتوێی بارودۆخی ئابوری، دارایی و وەبەرهێنان، پڕۆژەی شارە نوێیەکان، پڕۆژەی ملیۆنێک پارچە زەوی نیشتەجێبوون و گرنگی بەردەوامبوون لەو رێکارانەی کرد کە بەشدارن لە پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان و چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون.
عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاندووە، رێنمایی داوە بە ڕاگرتنی تێکدانی زیادەڕۆییەکان تاوەکو دابەشکردنی ملیۆنێک پارچە زەوی نیشتەجێبوون بەسەر شایستەکاندا.
هەروەها هاوپەیمانییەکە تاوتوێی رێکارەکانی حکومەتی لەبارەی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی دامەزراوەیی و پڕۆژەیاسای دەستەی چاودێری ناوخۆیی فیدراڵی كردووە، جگە لەو یاسا گرنگانەی کە حکومەت پێویستی پێیانە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی، بەشداربووان جەختیان لە بەردەوامی پاڵپشتییان بۆ هەڵمەتی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و بەدواداچوون بۆ گەندەڵکاران و رێکارەکانی دەسەڵاتی دادوەری لەم بوارەدا بەپێی یاسا کردەوە.
لە دۆسێی سیاسییدا، هاوپەیمانییەکە تاوتوێی پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوخۆیی و گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی کردووەو جەختی لە گرنگی یەکخستنی هەڵوێستی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیری و سەروەری و بەرژەوەندییە باڵاکانی عیراق کردووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، تەئكید لەسەر تاوتوێکردنی وەشانێكی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز کرایەوە بۆ ئامادەکردنی بە مەبەستی ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها جەخت لەسەر پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت وەک هاوبەشێكی گرنگ لە گەشەپێداندا کرایەوە.