سوپای پاسداران: 7 كەشتی لە گەرووی هورمز و كەنداو سووتان

عیراق 11:44 AM - 2026/10/22

هێزی دەریایی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران سووتانی چوار كەشتیی نەوهەڵگری بەهۆی "سەرپێچی" لەناوچەی كەنداو و سێ كەشتیی تری لە گەرووی هورمز بەهۆی مینەوە راگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" بڵاویكردەوە، پەیوەندییە گشتییەكانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، 4 كەشتیی "سەرپێچیكاری" نەوتهەڵگر لە كاتی گواستنەوەی نەوت لە ناو كەشتی بۆ كەشتیەكی تر لە ناوچەی كەنداو كراونەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئاگریان گرتووە.
پەیوەندییە گشتییەكانی هێزە دەریاییەكان راشگەیاند كە شەوی رابردوو، 3 كەشتی تری "سەرپێچیكار" دوای بەركەوتنیان بە مینی دەریایی لە رۆژئاوای گەرووی هورمز، زیانیان بەركەوتووە و ئاگریان گرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ڕاوەستانیان.
راگەیەندراوەكە ئەمریكای تۆمەتبار كردووە بە هاندانی كەشتییەكان بۆ تێپەڕبوون لەو ڕێڕەوەی كە بە "رێڕەوی نایاسایی و مینڕێژكراو" وەسفی كردووە،  ئاماژەی بەوەش كردووە، پێداگری واشنتۆن لەسەر ئەم ڕێبازە رۆژ لەدوای رۆژ دەبێتە هۆی زیادبوونی رووداوە دەریاییەكان.
سوپای پاسداران هۆشدارییەكی ئاراستەی سوپای ئەمریكا كرد و دەڵێت، بەردەوامبوونی ئەم رێبازە "دەبێتە هۆی فراوانبوونی مەودای رووبەڕووبوونەوەكان بۆ سەر بنكەكانی دەستدرێژیكاران لە ناوچەكەدا".
بەپێی ئەو دەقەی كە ئاژانسی "تەسنیم" بڵاویكردووەتەوە راگەیەندراوەكە، هیچ زانیارییەكی زیاتری لەسەر ناسنامەی كەشتییەكان یان ئاڵای ئەو وڵاتانەی كە بەرزیان كردووەتەوە تێدا نەبووە، هەروەها هیچ زانیارییەكی سەربەخۆی پێشكەش نەكردووە بۆ پشتڕاستكردنەوەی بارودۆخی رووداوەكان یان هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو