كشتوكاڵی عیراق: چوار ملیار هێلكە كورتهێنانمان هەیە

کوردستان 12:13 PM - 2026/09/06

وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق پلان بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور، گۆشتی مریشك و هێلكە لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا رادەگەییەێت، ئەوەش لە رێگەی پشتگیریكردنی كێڵگە پەلەوەرییەكان و كەمكردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان.

لە دوایین كۆبوونەوەی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، بڕیاردراوە دەست بكرێت بە جێبەجێكردنی كۆمەڵێك رێكاری چڕ بۆ چارەسەركردنی بەرزبوونەوەی نرخی هێلكە و بەرهەمە پەلەوەرییەكان.پلانەكە دابینكردنی ئاسانكاریی دارایی و كارگێڕی بۆ خاوەن پڕۆژە و كێڵگە پەلەوەرییەكانی كەرتی تایبەت لەخۆدەگرێ.

لەوبارەیەوە قوسەی حەتاب وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاندووە،ساڵانە پێویستیان بە نۆ ملیار هێلكەیە، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج ملیار هێلكە بەرهەم دەهێنرێن، ئەمەش نیشانەی كورتهێنانێكی گەورەیە لە بازاڕدا.

بە وتەی ئەو لێپرسراوە، پێویستیی ساڵانەی عیراق بۆ گۆشتی مریشك و گۆشتی سوور زیاتر لە 900 هەزار تۆنە، بەڵام لە ساڵی 2026دا تەنیا 400 هەزار تۆن بەرهەم هێنراوە.قوسەی حەتاب روونیكردەوە، هێلكە و مریشك لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە بەبێ كێشە دەگاتە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووی عیراق و هەوڵیش دەدەن بە تەواوكردنی رێكارەكانیان، كورتهێنانەكان بەتەواوی پڕ بكەنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ دەشڵێت، بڕیاردراوە رێكارە رۆتینییەكان بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتی كێڵگەكان كەم بكەنەوە و تەنیا بە بەڵێننامە كارەكانیان بۆ رایی بكرێ، تا پڕۆسەی بەرهەمهێنان نەوەستێت،هەروەها هەوڵ دەدرێت نرخی ئالیك و پێداویستییە سەرەتاییەكان بۆ جووتیاران كەم بكرێتەوە تا نرخ لە بازاڕدا بۆ هاووڵاتیان دابەزێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو