عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیامێكدا بۆ فێستیڤاڵی كولتووریی كورد رایگەیاند، با پێكەوە كەموكوڕییەكانی قۆناخی نوێ بە رەخنەكانمان تەواو بكەین، بۆ ئەمەش پێویستە سەرەتا متمانە دروست بكرێت. بەبێ متمانە، هیچ گۆڕانكارییەكی دیموكراسی بەردەوام نابێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەیامێكی ئاراستەی 34ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كولتووریی كورد لە دۆرتمۆند كرد. پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن وەیسی ئاكتاش، ئەندامی سكرتاریەتی ئیمراڵی، خوێندرایەوە.عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە پەیامەكەیدا دەڵێت، ئەو تێڕوانینە سەرەكییەی ئێمە پێی گەیشتووین، تێكەڵبوونی دیموكراسییە.
تێكەڵبوونی دیموكراسی بە مانای وازهێنانی هیچ كۆمەڵگەیەك لە ناسنامە، كولتوور یان بوونی كۆمەڵایەتیی خۆی نایەت. بەپێچەوانەوە، بە مانای ئەوە دێت خەڵك بتوانن بە ناسنامەی خۆیانەوە بە ئازادی لەناو كۆمەڵگەدا بژین و ژیانی كۆمەڵایەتیی خۆیان بە رێگەی دیموكراسییانە رێكبخەن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەشڵێت،لەبەردەمماندا خەباتێكی ئاسانتر نییە، بەڵكو خەباتێكی سەختتر هەیە.لە پەیامەكەیدا ئۆجەلان رایگەیاندووە،پێویستە مافە دیموكراسییەكانیان بەكاربهێنن دژی بەكاربردنی بێسنووری سەرچاوە ژێرخان و سەرخانەكان لەلایەن كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانەوە و پشتگوێخستنی ئیرادەی خەڵكی ناوچەكە.
ئەگەر لە ناوچەیەكدا كانزا، نەوت، ئاو یان هەر سەرچاوەیەكی سروشتیی تر هەبێت، پێویستە خەڵكی ئەو ناوچەیە مافی قسەكردن و بڕیاردانیان هەبێت لەبارەی چۆنییەتیی بەكارهێنانی ئەو سەرچاوەیە و پێویستە ئیرادەی ناوچەكە تەنیا ئیرادەیەك نەبێت كە راوێژی پێبكرێت، بەڵكو دەبێت لە بڕیارداندا خاوەنی قسەی خۆی بێت.