سبەینێ چەكی پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی‌و هەڵەبجە دابەشدەكرێت

کوردستان 03:43 PM - 2026/09/05

بڕیارە سبەینێ یەكشەممە پڕۆسەی دابەشكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و هەردوو ئیدارەی گەرمیان‌و ڕاپەڕین بۆ ساڵی 2025 دەستپێبكات و لە ماوەی سێ ڕۆژدا چەكی پارەكانیان پێبدرێت.

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانی دانەوێڵەی سلێمانی رایگەیاند، بڕی 21 ملیار و 908 ملیۆن دینار وەك بەشێك لە پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2025 خەرجكراوە. ئەو بڕە پارەیەش جووتیارانی سنووری هەر شەش سایلۆكەی سنوورەكە دەگرێتەوە و لەسبەینێوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دابەشی دەكەن.

وتیشی: كۆی شایستە داراییەكانی جووتیارانی سنوورەكە بۆ ساڵی 2025 زیاتر لە 120 ملیار دینار بووە. لەو بڕەش تاوەكو ئێستا 33 ملیار دیناری لێ ماوەتەوە و خەرج نەكراوە. سەبارەت بە خەرجكردنی پارەی گەنمی ساڵی 2026یش وتی، تاوەكو ئێستا هیچ بڕە پارەیەك بۆ ساڵی 2026 خەرج نەكراوە.

هاوكات سایلۆكانی گەرمیان، ڕاپەڕین، هەڵەبجە‌و سایلۆكانی سنووری سلێمانی داوایان لە جووتیاران كردووە، لەسبەینێوە بەپێی ئەو ڕیزبەندییەی بڵاویان كردۆتەوە، سەردانیان بكەن بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەكانیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو