لە چەند مانگی داهاتوودا یەكەیەكی نوێی پاڵاوتن كە توانای بەرهەمهێنانی چوار ملیۆن لیتر بەنزینی لە رۆژێكدا هەیە، لە عیراق دەكرێتەوە.
سەلیم روكابی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق راگەیاند، تا سێ مانگی تر یەكەیەكی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین و جۆرەكانی تری سووتەمەنی دەكەنەوە. ئەو یەكەیە كە بە ئێف سی سی ناسراوە، دەتوانێت لە رۆژێكدا زیاتر لە چوار ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمبهێنێت.ئێستا یەكەكە لە قۆناغی كارپێكردنی سەرەتایی دایە و پشت بە جێبەجێكردنی كۆمەڵێك رێكاری دیاریكراو و خشتەبۆداڕێژراو دەبەستێت.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق راشیگەیاند،رەنگە كارپێكردنی تەواوەتیی یەكەكە نزیكەی سێ مانگ بخایەنێت، كارپێكردنەكەش بە چەند قۆناغێك ئەنجام دەدرێت.سەلیم روكابی رەتیشیكردەوە كە حكومەت بە نیاز بێت دوای دەستپێكردنی كارەكانی یەكەی ئێف سی سی بەنزین هەناردەی دەرەوە بكات.
رووكابی روونیشیكردەوە، كارپێكردنی ئەو یەكەیە و تەواوكردنی كارەكانی فراوانكردنی پاڵاوگەكانی تر،عیراق دەگەیەنێتە قۆناغی خۆبژێوی پێداویستیی ناوخۆ لە بەرهەمە نەوتییەكان، دوای ئەوەش دەتوانرێت بیر لە هەناردەكردنی بەشێك لە بەرهەمەكان بكرێتەوە.
ئەركی سەرەكیی ئەم یەكەیە بریتییە لە گۆڕینی بەرهەمە نەوتییە كەمبایەخ و قورسەكان بۆ بەرهەمی گرانبەها و سووك.بە شێوەیەكی سادە ئەو پاشماوە ئەستوور و قورسەی نەوت (وەك رۆنی سووتەمەنی یان ناوەندی قورس) كە نرخیان هەرزانە، دەگۆڕێت بۆ بەنزینی ئۆكتان بەرز،غازی شل و گازوایل.ئەم یەكەیە دەتوانێت رۆژانە نزیكەی 4 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین بەرهەمبهێنێت.