قۆناغێكی نوێی دابەشكردنی زەوی لە سنوری سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەستپێدەكات و ڕەزامەندی سەرەتایی بۆ سێ پێگەی نوێ وەرگیراوە، وتەبێژی سەرۆكایەتییەكەش دەڵێت: پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بە شێوازێكی ئەلكترۆنی و بەپێی ساڵانی خزمەت دەبێت و دڵنیایش دەداتە فەرمانبەران بە مافی خۆیان دەگەن و قۆناغ بە قۆناغ زەوییان بەسەردا دابەشدەكرێت.
لەوبارەیەوە ئەنجومەن حسێن وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی راگەیاندووە: پرسی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بە لیژنەیەك سپێردراوە، كە لیژنەكە نوێنەرایەتی بەشێكی زۆری فەرمانگەكان دەكەن و ئەركیان دیاریكردن و دەستنیشانكردنی پێگەیەكی شایستەیە، تا بدرێن بەفەرمانبەران، ئێستاش سێ پێگەی نوێی پێشنیاركردووە و رەزامەندی سەرەتایی لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانییەوە بۆ وەرگیراوە.بە وتەی ئەو لێپرسراوە، لیژنەكە لەقۆناغی تەواوكردنی رێككارەكاندان و زۆر بە چڕی كاری تێدا دەكەن، چاوەڕواندەكرێت كارەكان بەزوویی تەواوبكرێن و قۆناغێكی نوێی دابەشكردنی زەوی لەسنووری سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی رابگەیەنرێت.
وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی راشیگەیاندووە، پرۆسەی دابەشكردنی زەوییەكان بەشێوازێكی ئەلكترۆنی و بەپێی ساڵی خزمەت دەبێت، تا ئەو فەرمانبەرانەی خزمەتیان زیاترە، زووتر بە مافی شایستەی خۆیان بگەن و سوودمەند بن، هاوكات سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بەڵێن دەدات، هەر فەرمانبەرێك رێنماییەكانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تایبەت بە دابەشكردنی زەوی بیگرێتەوە، بە دڵنیاییەوە بە مافی خۆیان دەگەن و قۆناغ بە قۆناغ زەوییان بەسەردا دابەشدەكرێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە، لەماوەی رابردوودا بەچەند قۆناغێك زیاتر لە 23 هەزار پارچە زەوی لە سێكتەرەكانی (فەرمانبەران، لاوان، سۆتكە) بەسەر فەرمانبەراندا دابەشكراون.